نان و سەموونی زۆر برژاو تەندروست نییە، مەیخۆن !
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نان و سەموونی زۆر برژاو تەندروست نییە، مەیخۆن !

 

 

لە كۆن و لە نوێدا ئەوە زانراوە كە نان و سەموونی بۆر تەندروستترن لە هی سپی، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە تامیان لە خۆشیدا ناگات بە هی سپی، زۆر كەس بەئاسانی ناچێتە ژێرباری دەستبەرداربوون لە نانی سپی بۆ هی بۆر، ئیتر دەیانەوێت بە هەندێك ڕێوشوێن وا بكەن هەر سپییەكە بخۆن و تەندروستیش بێت. 

یەكێك لەو ڕێیانە ئەوەیە كە دەخوازن نان و سەموون زیاتر ببرژێت، ئیتر بەو حیسابە وەك چۆن ڕەنگیان تۆزێك بۆر دەبێت، پێیان وایە ئاواش لەڕووی ناوەڕۆكەوە زیانیان بۆ تەندروستی كەم دەبێتەوە. بەڵام ئایا وایە ؟

نەخێر!

جارێ با لەوەوە دەست پێبكەین كە كاتێك دانەوێڵە سپی دەكرێت بەوەی كەپەكەكەی لادەبرێت، زۆربەی بەها خۆراكییەكەی لە دەست دەدات، چونكە زۆرینەی ڕەهای ئەو ڤیتامین و كانزایانەی تێیدایە لەدەست دەچێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕێژەیەكی زۆری كاربۆهیدرات و كەمێكێش پڕۆتینە، لەگەڵ بڕێكی یەك جار كەم لە ڤیتامین و كانزاكان، بەم جۆرە سوودە زۆرەكەی دانەوێڵەكە لە دەست دەچێ، ئیتر بە هیچ جۆرێك ناتوانرێت بگەڕێنرێنەوە.

هەر چەندە زۆربەی سەرچاوە خۆراكییەكان بەبێ ئەوەی بكەونە سەر ئاگر ناخورێن، بەڵام دەبێت بزانرێت ئاگر ڕۆڵێكی زۆر كاریگەری هەیە لە كەم كردنەوەی سوودیان، جا چەند زیاتر لەسەر ئاگر بمێننەوە، ئەوەندە بێكەڵكتر دەبن، بۆیە تا دەكرێت، دەبێت كەمتر لەسەر ئاگر بهێڵرێنەوە.

كاتێك نان یان سەموون دەخرێتە سەر گەرمییەكی زۆر یان بۆ ماوەیەكی زۆر، ڕووبەڕووی كارلێكێكی كیمیایی دەبێتەوە بە ناوی (كارلێكی مایلارد) كە لەمیانەیدا كارلێك لەنێوان شەكرو پڕۆتینەكانی نێو ئاردەكە ڕوودەدات، بەمەش ڕەنگەكە بەرەو قاوەیی دەچێت، لەگەڵ ئەوەش دەبێتە هۆی دروست بوونی ماددەیەك بە ناوی (ئەكرایلەماید) كە بە ماددەیەك دادەنرێت ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی شێرپەنجە!

پوختەی قسان: بە زیاد برژاندنی نان و سەموون، هیچ بەڵگەیەك نییە ڕێژەی شەكریان كەم ببێتەوە، بەڵام ئەگەر زۆرە ببێتە هۆی شێرپەنجە، بۆیە ئەگەر نان و سەموونێك دەخۆن لە ئەسڵەوە لە ئاردی بۆر دروست كرابێت باشە، دەنا هەوڵ مەدەن بە زۆر بۆری بكەن!

د. زانا ئەحمەد – پزیشك 

 

هه‌واڵی گرنگ