لەبارەی پلازمای خوێن ئەم زانیارییانە بزانن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەبارەی پلازمای خوێن ئەم زانیارییانە بزانن

 

 

تیمێكی توێژینەوەی بەریتانی داوایان لەو پیاوانە كردووە كە تووشی كۆرۆنا بوون و دواتر چاكبوونەتەوە، پلازمای خوێنیان ببەخشن بە مەبەستی بەكارهێنانی لەو توێژینەوانەی بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڤایرۆسی (كۆڤید – 19) ئەنجامی دەدەن.

بەپێی توێژینەوەكانی ئەو تیمە، پیاوان زۆرتر لەبەردەم هەڕەشەی تووشبوون بەو ڤایرۆسەدان، هەربۆیە ئاستێكی بەرزتری دژەتەنیان هەیە بە بەراوورد بە ژنان، ئەمەش مانای وایە كە پلازمای خوێنی پیاوان بە سوودترە بۆ ڕزگاركردنی گیانی توشبوانی كۆرۆنا.

بەگوێرەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا گەر تاقیكردنەوەكان ئەنجامی سەركەوتویان هەبوو ڕەنگە بتوانرێت پلازما بۆ چارەسەكردنی ئەو كەسانە بەكاربهێنرێت كە لە نەخۆشخانەكاندان.

لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی لە بەریتانیا دەستیكردووە بە هەڵمەتی بانگهێشتكردنی ئەوانەی پەتای كۆرۆنایان تووشبووەو تێیانپەڕاندووە، بۆ ئەوەی پلازمای خوێن ببەخشن و تا ئێستاش بە سەدان كەس لەو هەڵمەتەدا بەشدارییان كردووەو پلازمای خوێنیان بەخشیوە.

لە نێو ئەو پیاوانەی كە خوێنیان بەخشیوە (43%) یان ئاستی دژە تەنی ناو پلازماكانیان بەس بووە بۆ بەكارهێنانیان لە تاقیكردنەوەكاندا، لە بەرامبەردا تەنها (29%) ی ژنەكان ئاستی دژەتەنی ناو پلازماكانیان بەرز بووە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە سەرەتای بە كارهێنانی پلازماوە ئەوە ئاشكرا بووە كە زۆربەی كات ئاستی بەرزی دژە تەن لە پلازمای كەسە بەتەمەنەكان و نەخۆشە ئاسیاییەكاندا لەوانەی بە هۆی تووشبوونیان بە (كۆڤید – 19) لە نەخۆشخانەكان بوون بەرزتر بووە.

پلازما چییە ؟؟

پلازما شلەیەكی زەردە، نزیكەی نیوەی قەبارەی خوێن دەبێت، هەریەك لە خرۆكە سپی و سوورەكان و خەپلە خوێنەكانی ناو لەش هەڵدەگرێت.

كاتێكیش كەسێك تووشی ڤایرۆسێك دەبێت پلازما دژەتەن دروست دەكات بۆ لە ناوبردنی ئەو نەخۆشییانەی بە هۆی ڤایرۆسەكەوە تووشی كەسەكە دەبن.

ئەو پلازمایەش كە بە پلازمای چاكبوونەوە ناودەبرێت، دەوڵەمەندە بە دژە تەن هەمیشە دوای (28) ڕۆژ لە چاكبوونەوەی ئەو كەسە دروست دەبێت كە تووشی ڤایرۆسەكە بووە.

بۆچی پلازما گرنگە ؟

دەتوانرێت ئەو پلازمایە لە ڕێگەی گواستنەوەی خوێنەوە بدرێت بە تووشبوانی كۆرۆنا بۆ ئەوەی یارمەتی بدرێن لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكەو هەلی بە زیندووی مانەوەیان پێبدرێت.

كێ دەتوانێت پلازما ببەخشێت ؟؟

ئەو كەسانەی كە نیشانەكانی كۆرۆنایان هەبووە، دوای چاكبوونەوەیان دەتوانن پلازما ببەخشن ئەمەش كاتیان دەداتێ بۆ ئەوەی دژە تەن لە لەشیاندا دروست بێتەوە.

پرۆسەی خوێن بەخشین و پلازمابەخشین جیاوازییان هەیە، پرۆسەی پلازما بەخشین نزیكەی (45) خولەكی پێدەچێت و هەر لەو كاتدا پلازماكە جیادەكرێتەوە، هەمیشە جەستەی بەخشەریش دوای (48) سەعات پلازماكە بۆ خۆی قەرەبوو دەكاتەوە.

كەشتی نووح

 

هه‌واڵی گرنگ