جێگڕی بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی چۆنیەتی شۆردن و كفنكردن و ناشتنی قوربانیانی كۆرۆنای لە سلێمانی بۆ كوردیو خستەڕوو و ڕایدەگەیەنێت: ناشتنی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە ئامادەبوونی كەسوكارەكەی دەبێت.
عەبدوڵا ئەحمەد جێگڕی بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی بە كوردیوی ڕایگەیاند: ئێمە لیژنەیەكمان بۆ ناشتنی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسلێمانی هەیە كە لە ئەوقافی سلێمانی و كارمەندانی تەندروستی و ئاسایش و شارەوانی و بەرگری، پێكهاتووە و ئەركی شۆردن و كفنكردن و ناشتنی قوربانیانی كۆرۆنامان لە ئەستۆیە.
هەروەها ووتیشی: هەنگاوی یەكەم، ئەو كەسەی گیانی لەدەستداوە لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی تایبەت بە گواستنەوەی قوربانیانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە وەردەگیرێت و دواتر لە شوێنێكی ئامادەكراو دەخرێتە ناو تورەكەیەكی تایبەت كە خۆمان دروستمان كردوەو دواتر لەبری شۆردن بە ماددەی پاككەرەوە پاك دەكرێتەوە كە ئەوەش لەلایەن مامۆستایانی ئاینی و لیژنەی فەتواوە ڕێگە پێدراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: هاوشێوەی گۆڕی ئاسایی گۆڕێك ئامادە دەكرێت و پێش ئەوەی مردووەكە بنێژرێت كەسە نزیكەكانی دەتوانن گۆڕەكەی ببین و پاشان مردووەكە دەنێژرێت و دواتر بە كاشی سەری گۆڕەكە دادەپۆشرێت بۆ ئەوەی خۆڵ نەكەوێتەسەر لاشەی مردووەكە و پاشان بە خۆڵ گۆڕەكە پڕدەكرێتەوە.
جێگڕی بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی ووتیشی: ناشتنی قوربانیانی كۆرۆنا بە ئامادەبوونی كەسە نزیكەكانی دەبێت و هەموان پێكەوە نوێژی لەسەر دەكەین و دوا هەنگاویش سورەتی(الفاتحە) لەسەر مردووەكە دەخوێنین و ناوی سیانی مردووەكە لەسەر كێلی گۆڕەكەی دەنوسرێت.