دەمامك بەستان كرایە زۆرەملێ‌
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دەمامك بەستان كرایە زۆرەملێ‌

 

 

سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەو كەسانەی كە ئامادەنین دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەمامك ببەستن ئەوا پێویستە ڕێگەیان پێنەدرێت بڕۆنە شوێنە گشتیەكان و دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان، بەم شێوەیەش دەمامك بەستان كرایە زۆرە ملێ‌.

ئەو بڕیارە نوێیە شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەكو هەوڵێك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانیان بەهۆی ڤایرۆسەكە.

بەكارهێنانی دەمامك لە نێو دەزگا گواستنەوە گشتییەكان لە ئێران لە ئێستادا بە زۆرە، بەڵام ئەنجوومەنی شارەوانی تاران دانی بەوەداناوە ئەو فەرمانە بە شێوەیەكی گشتی لە نێو پاس و شەمەندەفەرەكاندا پشتگوێ دەخرێت.

لە میانەی قسەكانیدا بۆ ئەو كۆمیتەیەی كە بەرپرسە لە هەوڵەكانی ئێران بۆ بنبڕكردنی ڤایرۆسەكە، (حەسەن ڕۆحانی) وتی: پێویستە ئەوە مسۆگەر بكرێت كە فەرمانە نوێیەكە جێبەجێ بكرێت و ڕێزی لێبگیرێت. ئەو وتی: لە دامودەزگا حكومییەكاندا جێبەجێكردنی ئاسانترە ئێمە دەتوانین ڕێگە نەدەین كەس بەبێ دەمامك بێتە ژوورەوە.

لە كۆتایی مانگی ڕابردوەوە حكومەتی ئێران هەڵمەتی بەستنی دەمامك ئەنجام دەدات و كاربەدەستان و تەنانەت بێژەرەكانی تەلەفزیۆنی دەوڵەتیش لەبەر كامێرا دەمامك دەبەستن، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەك بۆ كەمبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە وڵاتەكەدا نییە.

خانمە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی (سیما سادات لاری) وتی : لەماوەی (24) كاتژمێری ڕابردوودا (148) كەس بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوەو ئەمەش بە ئاستەم كەمترە لە (154) حاڵەتی مردنی ڕۆژی هەینی.

 

هه‌واڵی گرنگ