حەساسیەی توند چییە ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

حەساسیەی توند چییە ؟؟

كوردیو

پزیشکێكی پسپۆڕی هەناو، له‌باره‌ی حه‌ساسیه‌ی تونده‌وه‌ هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت:"ئەگەر دەستبەجێ چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان".

د. بێستون مستەفا احمد(پزیشکی پسپۆڕی هەناوی) لەسەر حه‌ساسیه‌ی توند ده‌نووسێت: "مەبەستمان لەو حەساسیانەیە کە ئەگەر دەستبەجێ چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان،خۆراکە باوەکان کە ڕەنگە توشی حەساسیەی توندمان بکەن بریتین لە: ماسی، هێلکە، پاقلەکان، شیر، چەرەز، هەندێک سەوزە، هەندێک جار بڕێکی زۆر کەم لە یەک لەم خۆراکانە ڕەنگە ببێتە هەوکردنێکی یەکجار زۆر".

له‌باره‌ی نیشانه‌كانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت:"تەنگەنەفەس دەبێت، دەنگی گڕ دەبێت، سوربونەوەی، پێست کە ڕەنگە بشخورێت، ئەستوربونی لێو، زمان یان قورگ، ئەستوربون یان ئاو لێهاتنی چاو، ئاوهاتن لە لوت، سەر گێژخواردن، ڕەنگە هۆشی لەدەست بدات، ڕشانەوەو دڵ تێک هەڵچون یان سکچوون و ئازاری گەدە".

 

ته‌واوی نووسینه‌كه‌ی د. بێستون مستەفا احمد له‌م باره‌یه‌وه‌: 

حەساسیەی توند Anaphylaxis

مەبەستمان لەو حەساسیانەیە کە ئەگەر دەستبەجێ چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان.

لە فریاکەوتنەکان ئەو نەخۆشانە دەبینین کە توشبوون لە ئەنجامی خۆراک، دەرمان یاخود پێوەدانی مار و دوپشک یان مێشهەنگین. هەندێک نیشانە هەیە کە ئەگەر فێری بیت ڕەنگە ڕۆژێک ژیانی کەسێک ڕزگار بکەیت.

لەسەردەمی ئێستامان جۆرەکانی حەساسیە زۆربوونە، بۆ نمونە پژمین، کۆکە، خورانی چاو، هەندێک کەس پێستی سوردەبێتەوە یان هەڵدەئاوسێ.

منداڵان زیاتر بە خۆراک توشی حەساسیە دەبن، کەچی گەوران لە ئەنجامی هەندێک جۆری دەرمان وەکو دژە بەکتریاکان یاخود ئازار شکێنەکانی وەکی پرۆفێن.

خۆراکە باوەکان کە ڕەنگە توشی حەساسیەی توندمان بکەن بریتین لە: ماسی، هێلکە، پاقلەکان، شیر، چەرەز، هەندێک سەوزە. هەندێک جار بڕێکی زۆر کەم لە یەک لەم خۆراکانە ڕەنگە ببێتە هەوکردنێکی یەکجار زۆر.

نیشانە کان چین؟

ڕاستەوخۆ دوای بەرکەوتن بەیەکێک لەم شتانە کەسەکە:

تەنگەنەفەس دەبێت، دەنگی گڕ دەبێت، سوربونەوەی، پێست کە ڕەنگە بشخورێت، ئەستوربونی لێو، زمان یان قورگ، ئەستوربون یان ئاو لێهاتنی چاو، ئاوهاتن لە لوت، سەر گێژخواردن، ڕەنگە هۆشی لەدەست بدات، ڕشانەەو دڵ تێک هەڵچون یان سکچوون و ئازاری گەدە.

زۆر گرنگە کە بزانی بە چ شتێک وات لێهاتوە تاوەکو جارێکی تر دوبارە نەبێتەوە!

ئەگەر سەرچاوەی حەساسیەکە نەزانراو بێت، هەندێجار پێویست دەکات پشکنین بکەی لە پێست یان خوێن.

چارەسەر چیە؟

پێویست دەکات لە نەخۆشخانە بمێنیتەوە

ڕەنگە گوێت لە دەرزی ئەدرینالین بوبێت Adrenaline (epinephrine)

هۆرمۆنێکە، لەشمان لەڕێگەی ڕژێنەکانی سەر گورچیلەوە دەری دەدات. لە ماسولکە دەدرێت.

لە نەخۆشخانە ئۆکسجین وەردەگری و تەبخیرت بۆ دەکرێت، هەروەها مغزیت پێدەدرێت.

پاشان دەرمانەکانی حەساسیە وەکو ئەلەرمین و ستیرۆیدت پێدەدرێت.

پاش ئەوەی لە نەخۆشخانە دەرکرای، ئەو کەسانەی کە دەرکەوت حەساسیەی توندیان هەیە، باشترە بەردەوام دوو دانە دەرزی ئەدرینالینیان هەبێت لە ماڵیان. جۆرێکی تایبەت هەیە پێیدەوترێت ئەدرینالینی قەلەم (Epi Pen). پزیشکی پسپۆڕ بۆت ڕوندەکاتەوە کەی و چۆن بەکاری دەهێنی.

زۆر ئاگاداری خۆراکی دەرەوەبە، بەتایبەتی قوتوکراوەکان، تا دڵنیا نەبوی چی تێدایە مەیخۆ.

لەبیرت نەچێت بە دکتۆر بڵێی کە حەساسیەت هەیە کاتێ دەرمانت بۆ دەنوسێت لە داهاتوو.

(لە کۆمێنت کۆمەڵێک وێنەی حەساسیەی توند دادەنرێت).

خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت کات.

 

هه‌واڵی گرنگ