عێراق.. دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان دورخرانه‌وه‌
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

عێراق.. دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان دورخرانه‌وه‌

وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق ،فەریق روکن سەعد عەلاق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار، فەریق روکن جەمیل شەممەری لە پۆستەکانیان دورده‌خاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه 8 ی ته‌مموزی 2020 ‌ وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامی دەدات زنجیرەیەک گۆڕانکاری گرنگ لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی کراوە کە لە میانیدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان لادراون.

بەپێی ئەو گۆڕانکارییە نوێیەی کە ئەنجامدراوە، هەریەک لە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی، فەریق روکن سەعد عەلاق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار، فەریق روکن جەمیل شەممەری کە تۆمەتبارە بە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران لە پۆستەکانیان لادراون.

له‌لایه‌ن خۆشیەوە عەمید یەحیا رەسول گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە کە فەریق روکن جەمیل شەممەری دوای لادانی لە پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار گواستراوەتەوە بەشی فەرماندەیی یەدەگ لە وەزارەتی بەرگریی، هەروەها فەریق روکن سەعد عەلاق دوای لادانی لە پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی کراوە بە سەرۆکی زانکۆی بەرگریی.

شارەزایانی ئەمنیی لە عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو گۆڕانکارییانەی کە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامی دەدات، ئامانج لێی ئەوەیە ئەو دامەزراوانە نەکەونە ژێر کاریگەریی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.

مستەفا كازمی كە لە 7 ی ئایاری 2020 ه‌وه‌ بووە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، تا ئێستا چەندین گۆڕانكاری لە پۆستە ئیداریی، ئەمنیی و سەربازییەكاندا كردووە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ