سوریاو ئێران ڕێككەوتننامەیەكی گشتییان بۆ هاوكاری سەربازی و ئەمنی لەنێوان خۆیان واژۆ كرد.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی میهر، ڕێككەوتننامەكە بە بەشداری ژەنەرال (عەلی عەبدولڵا ئەیوب) وەزیری بەرگری و جێگری فەرماندەی سوپای سوریاو (موحەمەد باقری) سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ئێران واژۆ كرا.
هەردوو وڵات داكۆكییان كرد لە سەر درێژە پێدانی هاوكارییەكانی نێوانیان بۆ دژایەتی كردنی تیرۆرو پشتیوانی یەكتری لەناوچەكەدا.
ژەنەرال (عەلی عەبدولڵا ئەیوب) لە كۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ باقری وتی: پەیوەندی ئێران و سوریا پتەوە.
ناوبراو وتیشی: سەرەڕای فشارو مەترسییەكان هاوكاری سەربازی و ئەمنی ئەم دوو وڵاتە بەردەوامی دەبێت و بە هاوكاری سورییەكان و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمان ئەم جارەش سەردەكەوین.
باقریش ڕایگەیاند: نەتەوەكانی ناوچەو هەروەها ئێران و سوریا بۆ گەشەپێدان و پتەو كردنی پێوەندییەكان جیدین.