لەگەل ئەوەی لەسەرەتای هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە یەکەم لێدوانی ستافی کۆشکی سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایانگەیاند كە تەنیا كارمەندانی تەندروستی پێویستە دەمامک بەكاربهێنن ،بەلام لە ئێستاداو بۆ یەكەمجار دۆنالد ترەمپ بە دەمامكەوە دەردەكەوێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە واشنتن سەردانی نەخۆشخانەی واڵتەر ریدی کرد بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازانی بریندار و کارمەندانی تەندروستی، بەتایبەت ئەوانەی تووشبووانی کۆرۆنا چارەسەر دەکەن و ناوبراو بۆ یەكەمجار بەدەمامكەوە دەركەوت.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی مامەڵەی رۆژانەی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکەی کەمکردووەتەوە، تەنیا ئەوانە دەبینێت کە بەردەوام پشكنینی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.
ترەمپ ئاماژە بەوە دەكات كە بەستنی دەمامک کات و شوێنی خۆی هەیە، کاتێک دەچیتە نێو قەرەبالغی دەبێت دەمامک ببەستیت.
تاوەكو ئێستا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە لە ریزبەندی تووشبووانی كۆرۆناو تەنها لە ماوەی بیست و چوار کاژمێری رابردوودا 66 هەزار و 528 تووشبووی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە تۆمارکراون.