له یاداشتێكیاندا 61 ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی داواکاری کەم کردنەوەی نرخەکان لەسێکتەری تەندروستی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌رپرسان له ئیداره خۆجێیه‌كان ده‌كه‌ن.
له یاداشته‌كه‌یان كه كۆپیه‌كی ده‌ست كوردی‌و كه‌وتووه هاتووه: داواکاری کەم کردنەوەی نرخەکان لەسێکتەری تەندروستی وه‌كو ده‌رمان و پێداویستی ته‌ندروستی ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ڕه‌چاوكردنی قەیرانی دارایی و نەبوونی موچەو وەستانی بازاڕ‌و كار‌و كه‌سابه‌تی خه‌ڵك، كه له ئێستادا گەورەترین کێشەو قەیرانی لە هەرێمەکەمان دروست كردوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی یاداشته‌كه دۆخی سه‌ختی هاوڵاتیان خراوه‌ته‌ڕوو و هاتووه: زۆرینەی هاوڵاتیان بەقەرز دەچنە لای پزیشك، چونكه پاره‌ی دكتۆر‌و كڕینی پێداویستیه پزیشكیه‌كانیان نیه، بۆیه ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی و ئاینییە لەم کاتەدا دۆخی سه‌ختی هاوڵاتیان له نرخی پێداویسیه پزیشكیه‌كان ڕه‌چاو بكرێت.
كۆی داواكاریه‌كانیان تایبه‌ت به دیاریكردنی نرخ له‌م سێكته‌رانه له شه‌ش خاڵدا بۆ لایه‌نی پهروهندیدارو ڕای گشتی خستۆته ڕوو:
1- سەردانی پزیشك لە نۆرینگەکان.
2- پشکنین لە تاقیگەکان.
3- سۆنەرو وێنەی تیشکی.
4- دەرمان لە دەرمانخانەکان و کەمکردنەوەی تێچوی نەشتەرگەری.
5- نرخی ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان.
6-دانانی ڕێژەیەك لەکەمترین تا زۆرترین نرخ بۆ ئەوەی بەناوی ئازادی نرخ و جۆر‌و پسپۆڕی یاری به نرخه‌كان نه‌كرێت.
جێی ئاماژه‌یه ئەنجومەنی فشار سەرپەرشتی کەمپینەکە دەکات و له لایه‌ن ٦١ڕێکخراو ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ٢٢٤ هاوڵاتی لە کەسایەتی و چالاکوان و مامۆستا و کاسب و فەرمانبەرو چین و توێژە جیاوازەکان پشتگیری كه‌مپینه‌كه‌یان كردووه.