دەستەی گشتی نەزاهەی عێراقی داوای كردووە چیتر پۆستی باڵای دەوڵەت بەو كەسانە نەدرێت كە هەڵگری دوو یان زیاتری رەگەزنامە بن.
بەرێوەبەری دەستەی گشتی نەزاهەی عێراقی (محمد عەلی مفتن) لە لێدوانێكیدا بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند : " فەرمانگەكەمان زیاتر لە (479) دۆسیەی ئامادەكردووە دژی ئەو كەسانەی كە قەرزار و داواكراون و هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات كە ژمارەیان (194) كەسە".
وتیشی : " لەئێستادا (54) كەس لەوانە دەستگیركراون ، بەڵام بەشێك لە وڵاتانی بیانی ئامادە نین (43) كەسی داواكراو رادەستی حكومەتی عێراق بكەن ، (3) كەسی دیكەش كەیسەكەیان لە وڵاتانی بیانییە".
مفتن دەلێت : " ئەو لیستە ناوی (وەزیری بازرگانی پێشووی عێراقی تێدایە ، هاوشێوەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری و پارێزگاری پێشووی كەركوك".
بەرێوەبەری دەستەی گشتی نەزاهەی عێراقی راشیگەیاند : " بەپێی ماددەی (18)ی دەستووری عێراقی داوامان كردووە چیتر پۆستی باڵای دەوڵەت بەو كەسانە نادرێت كە هەڵگری زیاتر لە رەگەزنامەیەكن".