"ئەگەر عێراق قەرز نەكات مووچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێت"
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

"ئەگەر عێراق قەرز نەكات مووچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێت"

 

پرسی قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەلایەن حكومەتی كازمییەوە بۆتە باسێكی قوڵ و كەسانی پسپۆر و شارەزاش دابەشبوون بەسەر دوولا یەكێكیان بەكارێكی ئیلزامی دەیبینێت و ئەوەی دیكەیان پێی وایە حكومەت بەبێ قەرزیش دەتوانێت مووچە دابین بكات و قەیرانەكە تێپەرێنێت.

لەلایەن خۆیەوە ئەركان رەشید ، ئەندامی دەستەی راوێژكاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكیدا بە كوردیوی راگەیاند : " لەسەر حكومەت پێویستە قەرز بكات ، چونكە ئەگەر ئەمە نەكات تووشی قەیرانی دارایی قوڵ دەبێتەوە، بەتایبەتی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران".

لەبارەی چاكسازییەكانی حكومەتی ئێستا ، وتی : " زۆر دەوترێت ئەم حكومەتەی ئێستا خەریكی چاكسازییە ، ئایە ئەم چاكسازییە دەتوانێت ئەو عجزەی لەپرۆژە یاسای بودجە دیاری كراوە پری بكاتەوە؟ بەبروای خۆم ناتوانێت چونكە برەكەی زۆر زۆرە".

هەرچی (جەمال كۆچەر) ئەندامی لێژنەی داراییە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كوردیو وتی، پێدەچێت بەغدا پارەی تەواوی لە قەرزی ناوەخۆ دەستكەوتبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی ئەمساڵ، بۆیە پێویستی بە قەرزی نێودەوڵەتی نابێت.

ناوبراو وتیشی، مەرجەكانی بەنكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراو زۆر سەختن، بۆیە ئەو پێنج ملیار دۆلارەی كە بڕیاربوو عێراق قەرزی بكات، لە ئێستادا نایكات.

لەبارەی داهاتی ناوخۆیی كە بریارە حكومەتی عێراق بۆ پێدانی مووچە پەیرەوی بكات ، ئەركان رەشید وتی : " داهاتی ناوخۆیی پلاكێكی كارەبایی نییە بتوانیت دایبگرسێنیت، داهاتی ناوخۆیی پێویستی بە خستنەگەری كەرتە گشتییەكان هەیە ، ئەویش پێویستی بە كارەبا هەیە ، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت كەرتی كارەبا چارەسەر بكرێت ، بەشێوەیەكی دیكە ژێرخانی ئابووری عێراقی پێویستی بە كات و كاركردن هەیە، بەمانگێك و دوو مانگ چارەسەر نابێت".

لەكۆتایی لێدوانەكەی ئەو ئەندامەی دەستەی راوێژكاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وتی : " پێم وانییە حكومەت لەئێستادا وا بەزووی دەستببات بۆ برینی مووچەی فەرمانبەران چونكە لەلایەك بەرەو هەڵبژاردن دەرۆین ئەگەر كازمیش بیەوێت بچێتەوە نێو پرۆسەی سیاسی ناتوانێت ئەوە بكات ، ئەگەریش بچێتە نێو ئەم بابەتە پێم وایە دەكەوێتە دواینی چاكسازییەكانەوە".

 

 

هه‌واڵی گرنگ