ئەگەرچی هێشتا پارەی گەنمی جوتیاران لەساڵی (2014)ـەوە دابەش نەكراوە ، بەڵام وەك بەرێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەكالەت دەڵێت ، بەغدا داوای لیست و زانیاری و كەیسیان كردووە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە ، لەهەفتەی داهاتووش قۆناغی دووەمی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەكرێت.
هێمن سەید موراد بەرێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەكالەت لە لێدوانێكیدا بە كوردیوی راگەیاند : " قۆناغی یەكەمی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ سالی (2020) دابەش كراوە ، پەنابەخوا قۆناغی دووەمی پارە و شایستە داراییەكانی جوتیاران لە هەفتەی داهاتوو دابەش دەكەین و بەهۆی رۆتینات و ئیجرائاتی دارایی دواكەوتووە".
لەبارەی پارە و شایستە داراییەكانی ساڵانی (2014 و 2015 و 2016) ، بەرێوەبەری سایلۆی هەولێر وتی : " هەولێكی زۆر هەیە ، بەغدا گرنگی بە بابەتەكە دەدات و داوای لیست و زانیاری و كەیسیان كردووە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە ، ئەوە جاری یەكەمە ئەوان پێداگربن لەسەر زانیاری و لیستی جوتیاران".
سەید موراد وتیشی : " قۆناغی یەكەم دوو ملیار دینار بۆ جوتیاران دابەش كرا ، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە قۆناغی دووەم زۆر لەوە زیاترە".
جێی باسە ساڵی (2020) لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (389) هەزار و (750) تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و رەوانەی سایلۆی شارەكان كراوە.