جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەرتی كشتوكاڵ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و دەشڵێت: لە (55%)ی بەرهەمی ناوخۆیی هەنگوین لە پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت.
رزگار حمد خدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی ڕایگەیاند: بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەكخستن و دابەزینی ئاستی بەشێك لە كەرتی پیشەسازی و بازرگانی، كەرتی كشتوكاڵ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەرێژەی لە (17%) گەشەی كردوە.
وتیشی: مانگانە لە پارێزگای سلێمانی بڕێكی زۆر گۆشتی سور و مریشك لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی لە (40%)ی بەكاربردن كەمی كردوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: بەهۆی گرنگیدان بە پرۆژەكانی هەنگ و بەخێوكردنی لە پارێزگای سلێمانی، ڕێژەی لە (55%)ی بەرهەمی ناوخۆیی هەنگوین لە پارێزگای سلێمانیە كە بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین نزیكی (500) تۆن بوە.