وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەو داهاتەی لەبەردەستیاندایە ناتوانن خەرجییەكان دابین بكەن و جگە لە بژاردەی قەرز هیچ چارەسەرێكی دیكەیان لەبەردەست نییە تا كۆتایی ئەمساڵ.
بەپێی بەیاننامەكە كە ئەمڕۆ بڵاوبۆتەوەو تێیدا هاتووە، چەندین پرسیار لە وەزارەتی دارایی كراوە لەبارەی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە، هاوشێوەی مووچەی مانگی رابردوو، ئەوان بەردەوام جەختیانكردۆتەوە كە داهاتی ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پابەندبوونی عێراق بە بڕیارەكانی ئۆپێك بەس نییە بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكان.
رونیشیكردۆتەوە، داهاتی نەوت كەمترە لەپڕكردنەوەی (50%) ی خەرجییەكان، پێشبینیش دەكەن تا داهاتوویەكی نزیك ئەو رەوشە بەردەوام بێت.
هەروەها چەند پلانێكی خستۆتەڕوو بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە، یەكەمیان كورتخایەنە تا كۆتایی ئەمساڵ لە رێگەی قەرزكردن لە بەنكە حكومییەكان، لەگەڵ مامناوەندو درێژخایەن لە رێگەی زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی و داهاتە نانەوتییەكان.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، داوایان لە پەرلەمان كردووە، رێگەیان پێبدات بۆ قەرزكردنی (41) تریلیۆن دینار تا كۆتایی ئەمساڵ بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و دابینكردنی مووچە.