دوا زانیاری لەبارەی بوومەلەرزە بەهێزەكەی توركیا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دوا زانیاری لەبارەی بوومەلەرزە بەهێزەكەی توركیا

 

 

بەپـێی دوا ئاماری زیانە گیانیـیەكانی ئاكامی بوومەلەرزە بەهێزەكەی كە دوێنێ‌ لە دەریای ئیجە لە نزیك توركیاو دورگەیەكی یۆنانی ڕوویدا، بە لایەنی كەم (12) كەس لە توركیا و (2) كەسیش لە یۆنان گیانیان لەدەستداوە.

كاربەدەستانی یۆنان دەڵێن (2) كەسەكە دوو خوێندكاری دورگەی سامۆس بوون (15 ساڵ و 17 ساڵ) كاتێك لە قوتابخانەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە، بوومەلەرزەكە ڕوویداوەو دیوارێكی ڕووخاندووەو كەوتووە بەسەریاندا، هەروەها كچێكی (14) ساڵ بە قورسی برینداربووەو بە فڕۆكە بەرەو ئەسینای پایتەخت براوە.

لە توركیاش، وەك كاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەڵێن: جگە لەو (12) كەسەی گیانیان لەدەستداوە، (419) كەسی دیكەش برینداربوون.

هەروەها زیانی ماددیشی لێكەوتۆتەوەو چەندین باڵەخانەی لە توركیاو دورگەكەی یۆنان ڕووخاندووە.

بەپـێی دەزگای چاودێری جیۆلۆجی ئەمریكا چەقی بوومەلەرزەكە لە ناوچەیەك بووە كە نزیكەی (15) كیلۆمەتر لە دورگەی سامۆسی یۆنان و (65) كیلۆمەتر لە شاری ئیزمیری توركیاوە دورە، دەشڵێت: هێزەكەی (7) پـلە بووە بە پـێوەری ڕێختەر، سێ بوومەلەرزەی دیكەش هەر لەو ناوچەیە بە دوایدا ڕوویانداوە، كە هێزەكەیان (5.2) پـلە بووە.

بوومەلەرزەكەی یەكەم هێندە بەهێزبووە لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ و قوبرس و تەواوی یۆنان و بولگاریاو مەقدۆنیاو باشوری ڕۆمانیا هەستی پـێكراوە.

شارەزایانی جیۆلۆجی دەڵێن : ڕەنگە بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیكە بوومەلەرزەی سووك جارجار لەو ناوچەیە ڕووبدەن.

 

هه‌واڵی گرنگ