بەهۆی بەسەرچونی ماوەكەیانەوە و نەشیاوی بۆ بەكارهێنان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر ماددەی جوانكاری خانماندا دەگرن.
بەپێی راپۆرتی لیژنەی سەرتاشخانەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كە ئەمڕۆ شەممە، ئاراستەی لیژنەی باڵای قائیمقامیەت كراوە رایگەیاندوە: بەهۆی بەسەرچونی ماوەكەیانەوە و نەشیاوی بۆ بەكارهێنان، لیژنەكە دەستی بەسەر زیاتر لە (200) پارچە مەوادی جوانكاری خانماندا لە كۆگاكانی فرۆشتنی جوانكاری لە بازاڕی كاسۆمۆڵ-ی شاری سلێمانی گرتوە.
بەپێی رێنماییە تەندروستیەكان، ئەو جوانكاریانە پێكهاتە سەرەكیەكەیان ماددە كیمیاییەكانە، بۆیە لەكاتی بەسەرچونیدا ماددەكانی دەگۆڕیت بۆ پێكهاتەی زیان بەخش و زیان بە پێست و تەندروستی بەكارهێنەرەكانی دەگەیەنێت، بۆیە لەلایەن لیژنەكەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
لیژنەكە داوا له خانمان دەكات: لەكاتی كڕین و بەكارهێنانی ماددە جوانكارییەكاندا، بەوردی سەرنج لە بەرواری دروستكردن و ماوەی بەسەرچونی بدەن، پاشان بەكاریبهێنن، لەهەرشوێنێكیش كاڵاوشمەكی ماوەبەسەرچویان بینی لەڕێی (07708677777) پەیوەندی بەلیژنە هاوبەشكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە بكەن.
بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانەوە تەواوی مادە دەست بەسەردا گیراوەكانی جوانكاری خانمان لەناودەبرێت و ئەو شوێنانەی تیایاندا گیراوە خاوەنەكانیان روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.