خوێندنی زانكۆو پەیمانگەكان لە كەركوك دەست پێدەكاتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

خوێندنی زانكۆو پەیمانگەكان لە كەركوك دەست پێدەكاتەوە

 

 

سەرۆكایەتی زانكۆی كەركوك، بڕیاریدا لە (6) ی كانونی یەكەم دەوامی زانكۆو پەیمانگەكانی كەركوك دەستپێبكات، وانە تیۆرییەكان بە شێوەی ئۆنڵاین و پراكتیكییەكان لەناو پۆلدا دەبێت، ئەوەش بەرچاوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی.

(سەباح ئەحمەد) سەرۆكی زانكۆی كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە كە لە (6) ی كانونی یەكەم دەستپێكی خوێندنی زانكۆو پەیمانگەكان دەبێت و زیاتر وتی: كۆلێژە زانستی و پزیشكییەكان وانە پراكتیكییەكانیان لەناو پۆلدا دەبێت، هەر پۆلێك (20) خوێندكاری تێدادەبێت، وانە تیۆرییەكانیشیان بە شێوەی ئۆنڵاین دەخوێنن، ئەوانەش بەپێی خشتەیەك كە دواتر رۆژو كاتەكانیان بۆ دیاریدەكرێت.

لەبارەی كۆلێژەكانی ئاداب، یاسا، پەروەردەو بەشە مرۆییەكانی تر، (سەباح ئەحمەد) وتی: ئەوانە هەمویان خوێندنیان بەشێوەی ئۆنڵاین دەبێت، ئێمە هێشتا ماوەی مانگێكمان ماوە بۆ دەوام، تا ئەوكات رەنگە شانەی قەیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق رێنمایی و بڕیاری تر دەربكەن لەبارەی كۆرۆناو ئەوكات رەنگە بڕیاری نوێ بدەین، كۆلێژەكانی ئاداب، یاسا، پەروەردەو بەشە مرۆییەكانی تر، بەشێوەی ئۆنڵاین دەخوێنن.

سەبارەت بە وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە زانكۆو پەیمانگەكان، (سەباح ئەحمەد) وتی: ئەمساڵ لە عێراق رێژەیەكی چاوەڕواننەكراو لە خوێندكاران دەرچوون، لە كەركوكیش زیاتر لە (10) هەزار فێرخواز هەن و نمرەكانیان بەرزە، ئێمە دیراسەی بابەتەكەمان كردووەو بەهۆی كۆڕۆناشەوە بۆماندەركەوتووە ناتوانین هەموو ئەو دەرچووانە لە خوێندنی بەیانیاندا وەربگرین.

بڕیارە زانكۆی كەركوك بۆ ئەمساڵ، نزیكەی هەشت هەزار خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان وەربگرێت، ئەوانی تر ناچارن داوای وەرگرتنیان لە خوێندنی ئێواران پێشكەش بكەن.

(عومەر ئینجە) راگری كۆلێژی ئاداب لەبارەی خوێندنی ئەمساڵەوە بۆ كەركوك ناو وتی، هەموو پێداویستییەكانمان بۆ خوێندنی ئەمساڵ لەڕوی تەكنیكی، تەندروستی و خشتەی دەوامەوە ئامادەیە، ئێمەش هاوشێوەی وەزارەتی پەروەردە پشوی رۆژی شەممە هەڵدەگرین، ئەگەر زانیمان لەوانەكان دوادەكەوین و پێویستمان بەكاتی زیاترە، ئەوا بڕیاری نوێ دەردەكەین.

 

 

هه‌واڵی گرنگ