دكتۆر هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ " دیپلۆماتیك مەگەزین" باسلەوە دەكات كە بەشێوەیەكی گشتی یەكگرتووەكانی دەڤەری سلێمانی لەگەڵ كشانەوەی یەكگرتوودا بوون لە حكومەتو بادینییەكانیش لەگەڵ نەكشانەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی یەكگرتوو دەشڵێت:" دكتۆر بەرهەم بەر لەڕاگەیاندنی قەوارەكەی داوای هاوپەیمانی لەیەكگرتوو كرد، بە " گۆڕانو كۆمەڵو قەوارەی هاوپەیمانی"شمان نەوتووە بەشداری هاوپەیمانییەتییەكەتان ناكەین".
دیپلۆماتیك مەگەزین: ئەگەر مانگێك لەمەوبەر یەكگرتوو لە حكومەت بكشایەتەوە هەڵوێستەكەی گرنگترو بە بایەختر نەدەبوو، یاخود كشانەوەتان لە پاش دانانی وادەو مەرج بۆ حكومەت چ جیاوازییەكی هەیە لەوەی بە بێ دانانی وادەو مەرج بكشانایەتەوە؟
،،
بە یەكێتی و پارتیمان وت ئەگەر كاری جیدی دەكەن باشە، ئەگەر نا ئێمە وەك لایەنێكی بەشداری حكومەت ئازادین لەوەی كە چۆن هەڵوێست وەربگرین
هادی عەلی: یەكگرتووی ئیسلامی دیدو تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەیە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسە سیاسییەكاندا بكات، ئێمە مانگێك لەمەوبەرو لە گەرمەی خۆپیشاندانەكانو هاتنە سەرشەقامی هاوڵاتییانو مووچە خۆرانی كوردستانداو پاش ئەوەی حكومەت وەڵامی ئیجابی بۆ داواكاریەكانیان نەبوو، جارێكیتر بیرۆكەی هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر حكومەت هاتە كایەوە، پێمان باشبوو، ڕاستەوخۆ بڕیاری كشانەوە نەدەینو هەندێك دانوستان لەگەڵ حكومەتدا بكەین، تا بزانین حكومەت دەتوانێت چیبكاتو تا چ ڕادەیەك دەتوانێت وەڵامی داواكارییەكانی خەڵك بداتەوە.
دیپلۆماتیك مەگەزین: ڕوونو ئاشكرابوو كە حكومەت توانای جێبەجێكردنی مەرجو داواكانتانی نییەو خۆشتان ئەمەتان لا ڕوون بوو، دەپرسین چ پەیامێكو چ گرنگییەك لەوەدا هەبوو كە مەرجو وادە دانێن بۆ كشانەوەتان لە حكومەت؟
هادی عەلی: سروشتی ئەم حكومەتە وایە دەبێت فشاری بۆ بهێنیو تێیبگەیەنی كە ئەو هەلومەرجەی هاتۆتە ئاراوە ئەو لێی بەرپرسەو پێوویستی بە ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی هەیە، وتمان ئەگەر كاری جیدی دەكەن باشە، ئەگەر نا ئێمە وەك لایەنێكی بەشداری حكومەت ئازادین لەوەی كە چۆن هەڵوێست وەربگرین.
دیپلۆماتیك مەگەزین: واتە لەو ڕووەوە كە دڵنیابوون حكومەت ناتوانێت داواو مەرجەكانتان جێبەجێ بكات، ئێوە لە 23ی كۆتا مانگی ساڵی ڕابردووەوە بڕیاری كشانەوەتان لە حكومەتداوەو ڕاگەیاندنەكەتان دوا خستووە؟
هادی عەلی: یەكگرتوو لە ساڵی پارەوە، بیرۆكەی هەڵوێست وەرگرتن لە حكومەتو كشانەوەی لە حكومەت هەیە، كاتێك بڕیاری پاشەكەوتی مووچە درا، ئێمە یاداشتێكمان ئاڕاستەی حكومەت كردو داوامان لێكرد سیستمی پاشەكەوتی مووچە كۆتایی پێبێنێو باری بژێوی خەڵك چاك بكات، ئەگەر نا ئێمە ناتوانین تا سەر بەرپرسیارێتی ئەو هەلومەرجەی كە خەڵكی تێدایەو حكومەت ناتوانێت چارەسەری بكات هەڵبگرین، هەر لەو كاتەوە بیرۆكەی كشانەوە لە حكومەت لای یەكگرتوو هەبوو.
،،
دوو كۆبوونەوەی گەورەمان لەگەڵ سەرۆكی حكومەت كردو گەشتینە ئەو بڕوایەی كە حكومەت ناتوانێت بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیان بدات، بۆیە بڕیاری كشانەوەی یەكگرتوو بوویە بڕیاری یەكلاكەرەوە.
لە پاش ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو و ئەو ڕووداوانەی تریش كە بەدوایدا هات، جارێكیتر پرسی كشانەوە لە حكومەت سەری هەڵدا، ئێمە 23ی مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردوو بڕیاری كشانەوەمان نەداوەو حێبەجێكردنەكەیمان خستبێتە پاش تەواو بوونی ئەو وادەیەی كە بۆ حكومەتمان دانابوو، ئەو كاتە یاداشتێكمان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵك دایە حكومەتو شاندێكی باڵای یەكگرتووش كۆبوونەوەی لەگەڵدا كردن، لەو ماوەیەدا دوو كۆبوونەوەی گەورەمان لەگەڵ سەرۆكی حكومەت كردو گەشتینە ئەو بڕوایەی كە حكومەت ناتوانێت بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیان بدات، بۆیە بڕیاری كشانەوەی یەكگرتوو بوویە بڕیاری یەكلاكەرەوە.
دیپلۆماتیك مەگەزین: بۆچی وەكو بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بەبێ مەرجو دانانی وادە بۆ حكومەت نەكشانەوە، یاخود كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەت چ جیاوازییەكی هەیە لە كشانەوەكەی گۆڕانو كۆمەڵ؟
هادی عەلی: كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەت جیاوازی زۆری هەیە لە كشانەوەكەی گۆڕانو كۆمەڵ، یەكگرتوو تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە زاخۆوە تا دەچێتە كەلارو كفریو لە هەموو ناوچە جیاوازەكاندا ئامادەیی بەهێزی هەیە، یەكگرتوو لە بادینان حیزبی دووەمە، بۆیە میكانیزمی بڕیار وەرگرتنی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ كشانەوە لە حكومەت، جیاوازیشە لە هەریەك لە گۆڕانو لە برادەرانی كۆمەڵی ئیسلامی، ئاشكرایە كە دوو ساڵ لەمەوبەر وەزیرەكانی گۆڕان نێردرانە ماڵەوەو ڕێگری لەسەرۆكی پەرلەمانیش كرا بچێتە هەولێر، بارێكی سیاسی نادروست لە نێوان گۆڕانو حكومەتدا هەبوو، كۆمەڵی ئیسلامیش لە ڕووی سیاسییەوە لە حاڵەتێكی نا ئاساییدا بوون لەگەڵ حكومەتدا، بەڵام ئێمە لەوبارەیەوە جیاواز بووین، لەبەر ئەوە بڕیاردانمان بۆ كشانەوە لە حكومەت جیاواز دەبێت لە كشانەوەی هەریەكە لە بزوتنەوەی كۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی.
دیپلۆماتیك مەگەزین: دەگوترێت فشاری بەرپرسانو ئەندامانی یەكگرتوو لە سنوری سلێمانی، یەكگرتووی هێناوەتە سەر ئەوەی بڕیاری كشانەوە لە حكومەت بداتو بەپێچەوانەشەوەهەردوو دەڤەری هەولێرو بادینان لەگەڵ كشانەوەدا نەبوون؟
هادی عەلی: بێگومان ئەندامانو سەركردایەتی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەهۆی سروشتی ناوچەكانیانەوە ئاساییە كە ڕاو بۆچوونی جیاوازیان هەبێت دەربارەی كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەت، بێگومان برایانو كادیرەكانی سلێمانیو دەوروبەری جیاوازن لە شوێنەكانیتر.
پێش كۆبوونەوەی 23- 12- 2017 ی تایبەت بە پرسی كشانەوە لە حكومەت، بەپێی نەریتی بڕیار وەرگرتنو بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتوو، ڕاپرسییەكمان لە ناو كادیرە پێشكەوتووەكانی یەكگرتوودا ئەنجامدا، لە53% ی بەشداربووان لەگەڵ كشانەوەدا بوون لە حكومەت، ئەو ڕێژەیەش هی سلێمانی نییەو دابەشبووە بەسەر ناوچە جیاوازەكاندا، بەپێی ڕاپرسییەكە مەڵبەندەكانی سنوری هەولێر لەسەروی لە سەدا حەفتاوە لەگەڵ كشانەوەی یەكگرتووبوون لە حكومەت، بەپێچەوانەوە لە ناوچەكانی گەرمیانو شارەزوور زۆرینە لەگەڵ مانەوەدا بوون لە حكومەت، لە زاخۆ ڕێژەی ئەوانەی لەگەڵ مانەوەدابوون لە جكومەت هاوتای ئەوانە بوون كە داوای كشانەوەیان دەكرد، بەڵام ئەوە واقیعە كە بەشێوەیەكی گشتی سلێمانی لەگەڵ كشانەوە بوو لە حكومەتو بادینانیش لەگەڵ مانەوە بوو، سروشتیو بارودۆخەكە وایە.
دكتۆر بەرهەم ئارەزووی هەبوو كە لەگەڵ یەكگرتوودا هاوپەیمانی بكات
دیپلۆماتیك مەگەزین: هەڵوێستو ئاڕاستەی پاش كشانەوە تەواو گرنگەو پێتانوانییە پەیامەكەی ئەمینداری گشتی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی تایبەت بە كشانەوەتان لە حكومەت لە قورسایی كشانەوەی یەكگرتووی كەمكردبێتەوە، بەوەی كە وتی ناچینە بەرەیەكەوە دژی هیچ لایەك، یان دژی حكومەت بێتو بە تەنها بەردەوام دەبین؟
هادی عەلی: ئاماژەكانی پەیامەكەی بەڕێز ئەمینداری گشتی بەو ئاڕاستەیە بوو كە سیاسەتی تایبەت بەخۆمان دەبێت، كشانەوەشمان لە حكومەت بۆ دژایەتیكردنی بەرەیەكو بۆ پشتیوانیكردن لە بەرەیەك نییە، بەڵكو ئەوە سیاسەتێكە یەكگرتوو خۆی هەڵیدەبژێرێو خۆی پەیڕەوی دەكات، بەو ئاڕاستەیەی كە كاریگەری هەبێت لەسەر چاكسازی ڕیشەیی لە سیستمی هەرێمی كوردستاندا.
دیپلۆماتیك مەگەزین: ئەمینداری یەكگرتوو وتی بە تەنها بەردەوام دەبین، ئەمە مانای وا نییە كە یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو نا چێتە ناو هیچ بەرەو هاوپەیمانێتییەكەوە؟
هادی عەلی: مەبەستەكە ئەوە نییە كە ناچینە ناو هیچ بەرەو هاوپەیمانێتییەكەوە، بەڵكو مەبەستەكە زیاتر ئەوەیە كە یەكگرتوو سیاسەتێكی تایبەت بەخۆی مومارەسە دەكاتو لەو كاتەشەوە یەكگرتوو خۆی ڕاگەیاندووە جیاواز بووە لە هەموو ئەو حیزبو بزاوتە سیاسییانەی كە لە كوردستاندا هەنو پارێزگاری لەو تایبەتمەندییەی خۆی دەكات.
دیپلۆماتیك مەگەزین: قەوارەكەی دكتۆر بەرهەم داوای هاوپەیمانێتییان لە یەكگرتوو كردووەو بەم دواییانەش هاوپەیمانێتییەكەی هەر سێ لایەنەكە " گۆڕانو كۆمەڵو قەوارەی هاوپەیمانی" موبادەرەی یەكگرتوویان كردووە، بۆچی یەكگرتوو ئامادە نییە بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە، یان هاوپەیمانی بكات؟
هادی عەلی: ئەوە ڕاستە، بەر لەڕاگەیاندنی قەوارەكەشیان لەگەڵ دكتۆر بەرهەمدا ڕا گۆڕینەوەمان لە نێواندا هەبووەو ئارەزووی هەبووە كە لەگەڵ یەكگرتوودا هاوپەیمانی بكات، هەرسێ " گۆڕانو كۆمەڵو قەوارەی هاوپەیمانی" باسیان لەوە كردووە كە یەكگرتوو بەشداری هاوپەیمانێتییەكەیان بكات، ئێمە پێمان نەوتوون نایكەین، بەڵام هێشتا دیراسەی ئەو پێشنیارەمان نەكردووەو لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو پرسە تاوتوێ دەكەینو بڕیاری لەسەر دەدەین، جگە لە دیراسەكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو سێ لایەنە یان لیستی سەربەخۆ، ئێمە بژاردەی پێكهێنانی لیستی ئیسلامی ئەگەرێكی كراوەیە لامانو بە جدیی دیراسەی دەكەین.