هادی عه‌لی: "تاوتوێی پێشخستنی كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو ده‌كه‌ین"
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هادی عه‌لی: "تاوتوێی پێشخستنی كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو ده‌كه‌ین"

یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەبەستێت و پێشخستنی کۆنگرەش لە شەش مانگ تا ساڵێک تاوتوێ دەکرێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: جگە لەوەی بەگشتی باسکراوە، یەکگرتووی ئیسلامی بۆچی لەدوو ھەڵبژاردنی دوایی (پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان) دەنگەکانی بۆ نزیک لە نیوە کەمی کرد؟

ھادی عەلی: دابەزینی دەنگەکانی یەکگرتوو کە پێموایە تەنھا یەکگرتوو نییە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش وەکو بزووتنەوەی گۆڕان و تەنانەت کۆمەڵی ئیسلامیش لە ژمارەی دەنگەکان کەمییان کردووە ئەگەرچی ئەممان کورسییەک زیادییانکردووە، ھۆکارەکانی کەمکردنی دەنگەکانی یەکگرتووی ئیسلامی دوو جۆرن، ھۆکارێکیان پەیوەندیی بە بارودۆخی سیاسیی ناو ھەرێمی کوردستان هەیە کە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات ژمارەیان زۆر بوون و لایەنی دیکە زیادبوون وەکو نەوەی نوێ و ھاوپەیمانیش، بەمشێوەیە دەنگە ناڕازییەکان جاران ئەگەر بەسەر سێ لایەن دابەش دەبوون، ئێستا دابەش دەبێت بەسەر چوار تا پێنج ھێزدا، واتە ئەو گۆڕەپانەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن رکابەرایەتیان لەسەر دەکرد ژمارەیان زۆر بووە، بۆیە ژمارەی دەنگەکان کەم دەبێتەوە.

ھۆکارێکی دیکە ئەوەیە لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەزویرێکی ئەلیکترۆنیی زۆر خەیاڵی و چاوەڕواننەکراو کرا، ھەوڵی زۆریش درا بۆ ئەوەی سنووروێک بۆ ئەو تەزویرە دابنرێت یان چارەسەر بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەبوو چارەسەرنەکرا و ئیدی نائومێدییەک رووی کردووەتە دەنگدەر کە بەشداریکردنی لە دەنگدان بەڕێژەیەکی زۆر کەمیکردەوە، ھەروەھا لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوول رێژەیەکی کەمی خەڵک بەشدارییکرد و رێژەکە کەمتر بوو لەوەی کە راگەیەندرا، بەشی زۆری ئەوانەشی کە نەچوون بۆ دەنگدان ئەوانە بوون کە لە دەسەڵات ناڕازیین و ئەمەش لە زەرەری لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات شکایەوە کە یەکگرتوو پشکی شێری بەرکەوت ھەم لە تەزویری ئەلیکترۆنیی ١٢ی ئایار و ھەم لە نەچوون بۆ دەنگدان لە ٣٠ی ئەیلوول، بەو ھۆیەوە دەنگەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کەمی کرد.

ھەروەھا ھەندێک ھۆکاری دیکەش ھەن کە پەیوەندییان بەخودی یەکگرتووی ئیسلامییەوە ھەیە، ھەندێک لە ھەڵوێستە سیاسییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لە تێڕوانینی جەماوەردا وێنای ئەوەی لێگیراوە کە نزیکییەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا ھەبووە لە مەسەلەی ریفراندۆم و مەسەلەی دیکەش، ئەگەر چی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانی دیکەش درێغییان نەکردووە لە تۆمەتبارکردن و رەخنەگرتن لە یەکگرتوو ئەمانەش ھۆکار بوون بۆ ھاتنەخوارەوەی دەنگەکانی یەکگرتوو.

ئاژانسی ئانادۆڵو: دەگوترێت پاڵپشتیی سەرسەختانەی یەکگرتووی ئیسلامی لە ریفراندۆم ھۆکارێکی ئەم دابەزینە بوو، بۆچوونتان لەمبارەیەوە؟

ھادی عەلی: ئەوە یەکێک بووە لە ھۆکارەکان و بەقەد خۆی و بەشی خۆی باجی ئەوەمان داوە، بەڵام ھۆکارێکی تر ئەوەیە لە مەسەلەی یەکلاییکردنەوەی کێشەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بەداخەوە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەماندا بوو بە دوو ھەڵوێستی دژ بەیەک، ئەمەش کاریگەری ھەبوو و ھەڵەی ستراتیجی بوو و کاریگەرییەکەی زۆر بەردەوام بوو و لایەنەکانی نەیاری یەکگرتووی ئیسلامی دژە پڕوپاگەندەیەکی زۆر خراپیان دژ بە یەکگرتوو کرد و ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ کەمکردنەوەی دەنگەکانی یەکگرتوو.

ئاژانسی ئانادۆڵو: یەکگرتووی ئیسلامی کەی کۆنگرەی خۆی دەبەستێت؟

ھادی عەلی: ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی یەکگرتوو سازدەدرێت بۆ تاوتوێکردنی راسپاردەکانی کۆنفڕانسەکان و تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەتی یەکگرتوو، مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ وادەی بەستنی کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامییە، بەڵام کۆبوونەوەی سەرکردایەتی تاوتوێی پێشخستنی دەکات کە دەکرێت لە شەش مانگ بۆ ساڵێک پێشبخرێت، ئەوە گفتوگۆکان و بڕیارەکانی سەرکردایەتی دواتر یەکلایی دەکەنەوە.

ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێوە و نەوەی نوێ ھەر زوو ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆتان بۆ چوار ساڵی ئایندە راگەیاندووە و ناچنە حکوومەتەوە، ھەوڵی فراوانکردنی ئەم بەرەیە دەدەن؟

ھادی عەلی: ئێمە لە ئەنجامی ئەو دوو ھەڵبژاردنەی دوایی کە دەنگەکانمان کەمیکرد ھۆکارێکی سەرەکی بوو لە سەرکردایەتی یەکگرتوو و رێکخستنەکانیشدا ئامادەگی زیاتر دروست بێت بۆ ئەوەی بەشداری حکوومەت لەم خولە نەکەین و بەپێی راپرسییەکی ناوخۆیی کە لە سەروو حەفتا لەسەدی کادیرانی یەکگرتوو لەگەڵ ئەوەبوون لەم خولە ئۆپۆزسیۆن بوون تەبەنی بکەین.

گرتنەبەری ھەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ ئەوەیە کە یەکگرتوو کەمێک پێداچوونەوە بەخۆیدا بکات و خوێ نوێ بکاتەوە، ئۆپۆزسیۆن بوون گرنگیی خۆی ھەیە و لە ھەموو حاڵەتێکدا پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆن ھەیە، ئێمە لە پەرلەماندا ھەوڵ دەدەین ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بین و دیار نییە لایەنەکانی دیکە کێ دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بێگومان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ھەماھەنگی دەکەین بزانین چەندێک ئەوان ئامادەییان ھەیە.

ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێستا ئێوە ھیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ ھەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەواندا ھاوشان لەگەڵ نەوەی نوێ بەرەی ئۆپۆزسیۆن فراوان بکەن؟

ھادی عەلی: برادەرانی کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن یان بەشداریی حکوومەت دەکەن، بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت پێیانەوە دیارە ئارەزوویان ھەیە بەشداریی لە حکوومەتدا بکەن، تا ئەوە دەرنەکەوێت ئیدی جارێک قسەیەکی جیددی نییە لەبارەیەوە لەگەڵیادا بکرێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: چیتان لێوەدیارە لەبارەی شێوازی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێم؟

ھادی عەلی: ئێمە ناچینە ئەو پرسەوە، پەیوەندیی بەو لایەنانەوە ھەیە کە ئامادەیی بەشداریکردنیان ھەیە لە حکوومەت، ئێمە بڕیارمان داوە بەشداریی ئەم کابینەیە ناکەین، بۆیە ھیچ پێشنیازێکیش بۆ کابینەکە ناکەین کە چۆن بێت، ئەو لایەنانەی ھەن رێکدەکەون چۆن بێت، ئیمە دوای ئەوە قسەمان لەسەر ئەوە دەبێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: پێتان وایە بە پێنج کورسییەوە بتوانن کاری زۆر بکەن؟

ھادی عەلی: بێگومان پێنج کورسی ھەر ئەوەندەی خۆی پێدەکرێت، بەڵام ئەگەر کۆمەڵ و گۆڕان ببنە ئۆپۆزسیۆن، نەوەی نوێ-ش ھەیە ئەوا زیاتر لە ٣٠ کورسییمان دەبێت و جۆرێک لە ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی دروست بکرێت کە زۆر بە ئاسانی نابینم بەداخەوە ئەوا بێگومان ئەو ژمارە کورسییە دەتوانێت ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەر بێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: پێتان وایە دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەر دەخوازێت؟

ھادی عەلی: خۆی ھەموو سیستەمێکی سیاسی پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەر ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش پێویستی پێیەتی و لە سیستەمی دیموکراتیدا ئۆپۆزسیۆن بەشێکی سەرەکیی سیستەمەکەیە و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات پێکەوە سیستەمەکە تەواو دەکەن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت ئەو سیستەمە پێی ناگوترێت دیموکراسی.

ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشتر یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی تۆکمەی باشتان ھەبوو، ئەم بەرەیە لەیەکترازا، ئەمە ھۆکارێکی نەرێنی نییە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەم قۆناغە؟

ھادی عەلی: بەڵێ بێگومان یەکێک لە ھۆکارەکان کە وەزعی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئێرە ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانی ببنە خاوەن پڕۆژە یان ستراتیجییەتێکی ھاوبەش بتوانن تا سەر کاربکەن. لە مەسەلەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم سەرەتای درزتێکەوتنەکە بوو و تا پێش ئەوە ھەماھەنگییەکە لە ئاستی گونجاودا بوو، بەڵام بە بۆچوونی من لە خولی رابردوو کە سەردەمی زێڕین بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان کە ئێستا سەردەمێکی لاواز و نەخوازراوە، لەو سەردەم زێڕینە ئۆپۆزسیۆن لە بەشی خۆیان سەرکەوتوو نەبوون لەوەی پڕۆژەی چاکسازیی بە ئاراستەیەکی دروست بگەیەننە ئەنجام، بەتایبەت ھەرسێ لایەنەکە لە حکوومەت بەشداربوون و نزیکەی دە وەزارەت و زۆر پۆستی دیکەی حکوومییان لەبەردەست بوو، بەڵام شکستیان ھێنا لەوەی ئەو خولە بەڕێکی ببەنە سەر و ببێتە پێشەکییەک بۆ ئەوەی لەم خولە بەردەوام بوونایە، ئەگەرچی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو خەتایە دەخەنە ئەستۆی یەکێتی و پارتی بەتایبەت پارتی، راستە ئەوان بەشێک لە بەرپرسیارێتییە گەورەکەیان بەردەکەوێت، بەڵام پێم وایە ئۆپۆزسیۆنیش بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەیان بەردەکەوێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەگەر گۆڕان و کۆمەڵ نەچنە حکوومەتەوە، پێتان وایە ئۆپۆزسیۆن بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی؟

ھادی عەلی: ھەق وایە ھەوڵی ئەوە بدرێت، بەرژەوەندیی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت خستنەگەڕی چاکسازی و دروستکردنی فشار لەسەر لایەنی دەسەڵات دروست بکرێت بۆ ئەوەی چاکسازیی ئەنجام بدات ئەوە دەخوازێت ئەم لایەنانە ھەوڵ بدەن کە ھەماھەنگیی لەنێو خۆیاندا ئەنجام بدەن، بەڵام جارێ بۆ ئەمە زووە.

ئاژانسی ئانادۆڵو: لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و کێشەکانی ھەرێم و بەغدا و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەکان پێتان وایە کابینەی داھاتوو چی پێ دەکرێت؟

ھادی عەلی: ئێمە چاوەڕێی زۆر لەو کابینەیە ناکەین، چونکە ھەر یەکێتی و پارتی-ن، تەنانەت ھەمان ئەو بەرپرسە باڵایانەی کاروبارەکان دەگرنە بەر خەریکە بڵێی کاراکتەرە تەقلیدییەکانی خولەکانی رابردوون، بۆیە چاوەڕوانی زۆریان لێ ناکرێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: دیدی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ئایندەی سیاسی ھەرێمی کوردستان چییە؟ چاوەڕوانی چی دەکەن؟

ھادی عەلی: پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەنێوخۆیاندا رێکبکەون لەسەر تێڕوانینێکی ستراتیجییەتێکی ھاوبەش بۆ بەھێزکردنی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و لەسەر بنەمایەکی پتەو مامەڵە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ھەرێمی و ئەوانی دیکەش بکرێت، ئەگەر بتواندرا ئەمە بکرابا بێگومان ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەیتوانی شتێک بکات، چونکە ئەوەی لە دەستووری عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە کەم نییە، ئەگەر خۆمان ستراتیجییەتێکی یەکگرتوومان ھەبایە وەکو لایەنەکانی ھەرێم، زۆرێک لە کێشەکانی دوای ریفراندۆمیش کە پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و وڵاتانی ھەرێمی لاوازکرد و لەدەستدانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش دەتواندرێت زۆرێک لەو زەرەرانەی کراوە لە چەند ساڵی داھاتوو بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر بکرێت تاڕادەیەک، بەڵام کێشەی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ناتوانن بگەنە ستراتیجییەتێکی ناوخۆیی کە لەسەری رێکبکەون، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی و پارتی کە نایانەوێت تەنازول لە بەرژەوەندییە حزبی و کەسێتییەکانی خۆیان بکەن و لە زۆر وێستگەشدا بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەکان.

ئاژانسی ئانادۆڵو: ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بگەڕێتەوە ساڵانی رابردووی کە قورسایی لەسەر ئاستی عێراق و ناوخۆ و ھەرێمیشدا زیاتر بوو؟

ھادی عەلی: ھۆکاری لاوازیی ھەرێم یەکێتی و پارتی-ین، نموونە لەسەر پۆستی سەرکۆمار کە پشکی لایەنێکی دیاریکراو نییە لە ھەرێمی کوردستان بەڵکو پشکی کوردە لە چوارچێوەی ئەو تەوافوقەی ھەیە کە سەرۆکوەزیران پشکی شیعە و سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننە و سەرکۆمار پشکی کوردە، دەبوو لایەنەکان رێکبکەون کەسێک نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان بکات لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکان و لە بەغداش نوێنەرایەتی عێراق بکات، لەسەر ئاستی دەرەوەش نوێنەرایەتی عێراق بکات، ئەو ئاڵۆزییەی نێوان یەکێتی و پارتی ھەیە ئێستا بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەیانتوانی یەک پاڵێوراو پێشکەش بکەن، ئەمە خەتای ئەوانە نەک لایەنەکانی تر، ئەوان لەسەر پۆستێکی زۆر بچووکیش، کێشەیان نییە قەیرانێک رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە.

ئاژانسی ئانادۆڵو: پێتان وانییە نەبوونی مەرجەعێکی سیاسیی کارا و کاریگەر وایکردووە لایەنە کوردستانییەکان پەرتەوازەبن؟

ھادی عەلی: نەبوونی چەتر و مەرجەعێک ھۆکارەکەی دوو لایەنە سەرەکییەکەیە کە نەیانتوانیوە رێکبکەون لەسەری، نەبوونی ئەو مەرجەعە ھۆکارێکە بۆ پەرتەوازەبوونی کورد.

ئاژانسی ئانادۆڵو: بەرھەم ساڵح چۆن توانی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەری بەدەست بهێنێت کەچی یەکێتی و پارتی لەسەری ناکۆک بوون؟

ھادی عەلی: کەسایەتی بەرھەم ساڵح کە ساڵانێک سەرۆکوەزیران بووە لە ھەرێم و لە بەغدا جێگری سەرۆکوەزیران بووە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش رۆڵی سەرکردایەتی بینیوە، تاڕادەیەک کەوتووەتە بەرچاو لە رووی دیپلۆماسی و بە کەسێکی کارایان بینیوە، خیتاب و لێدوانەکانی جێی رەزامەندیی لایەنە دژ بەیەکەکان بووە و ئەوەش وایکردووە پشتگیریی بکەن، ئەوەشی رەچاو کرا لایەنە عێراقییەکان بە کورد و سوننە و شیعەش ژمارەی دەنگەکانی دەریخست لەسەری کۆک بوون.

 

هه‌واڵی گرنگ