كورد و عەدنان دڕجال
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كورد و عەدنان دڕجال

 
 
كورد و عەدنان دڕجال!!!. زاگرۆس نانەكەلی
 
منیش یەكێك بوومە لەوانەی سەیری یارییەكانی ئەو یاریزانەم كردووە و وێنەشم لەگەڵدا هەیە، وابزانم تائێرە ئاساییە ئەگەر بەگیانێكی وەرزشی لێم وەربگرن و....، بەڵام .....، وەرزشوانێكی تۆپی پێ كە بە (بەنداوی دۆكان) ناسرابوو، ئێستا پۆستی وەزارەتی لاوان و وەرزشی وەرگرتووە، ئەمە دەكرێ بەهەواڵێكی وەرزشی و سیاسی و تەواو، هەندێك هاوڕێ و دۆستانی وهەوادارانی پیرۆزبایی لێدەكەن و هەندێك چەپكە گوڵی بۆ دێت و میوانەكانیش چا و قاوە و شیرینی دەخۆن و دەخۆنەوە و وەزیریش دەستبەكار دەبێت لەوەرزارەتەكەی، ئەو فلیمە لەساڵی 1992ەوە تائێستا بەردەوامە، هەروەها ئەمجارەش بەڵام.....!. ئەو كاتی خۆی یاریزان بوو، بەڵام ئێستا سیاسەت و ئیدارەی وەزارەتێكی دەوڵەتێك بەڕێوە دەبات، ئەوكات یاریزان بوو بەرگری دەكرد و گۆڵیشی تۆماردەكرد، بەڵام ئێستا سیاسەت دەكات و بڕیار دەردەكات، ئەوكات هەموو ئاواتی ئەوەبوو هەڵبژاردە و یانەكەی ئەنجام بەدەستبهێنێ، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكات هەمووان بە قەڵەمەكەی بوەستێنێ!، كە یاریزان بوو هاندەرانی بۆ رێزو خۆشەویستی وێنەیان لەگەڵ دەگرت، ئێستا هەندێك دەزگا و سایت و پەیج و میدیاكارانی وەرزشی و وەرزشوانان و پاڵەوانانی سۆشیاڵ میدیا وێنەی ناسین و هاوسەنگەری لەگەڵ دەگرن، یەكێ نەزانێ ئەو گۆڵەی لەكۆریای باشووری كرد ئەوان پاسیان پێداوە!، ئەوەندە بەرقیەی تەبریكات و تەعزیزاتی بۆ رەفع كرایەوە لەهەرێمەكەی خۆمان زیاتربوو لەناوەڕاست و باشووری عێراق، بگرە كەنداوی عەرەبیش!. ئێمە لەساڵی 2020 داین، بەڵام بەعەقڵی ساڵی 1991 بیردەكەینەوە، لەوانەشە قڵس بن، بەس راستییە، نموونەش زۆرن، لەم رۆژانەی دوایی پارێزگاری (ناشفیڵ) لەئەمریكا دەمامكی بەئاڵای كوردستان لەدەمكردبوو، ئینجا خودا دای بۆ بێ هەواڵەكان، وات دەزانی تەواو بووین بەوڵاتێكی سەربەخۆ، ئەو یاریزانەش بوو بەوەرزیر ئیتر چی بۆ نەكرا، گەر تۆ بەبێ ئەوەی پیشەی یاریزان و پۆستی وەزیرێك لەڕووی سیاسەت و ئیدارەدان لێك جیاواز نەكەیەوە، بڵێم چی، بەیانی وادەزانی وەزیر هێندە بێ ئیش وكارە، هەر بۆ پیاسە سەرێك لەبەغدا ئەدەین، چاێكی شیرینی (شاكر فەتاح)ی گەورە نووسەری كۆچكردووی لەلا دەخۆینەوە!، ئاخر چۆن بێ تاقەت نەبین، جارێك كوردایەتیت پێدەفرۆشێ تۆ گۆمان لەخۆت دەكەی كە كورد بیت، جارێك عێراقچیاتیت پێ دەفرۆشێ تۆ گومان دەكەی بەنگلادیشی بیت!. بۆچی پێش رووداوەكان بكەوین، پێتان وایە عەدنان درجال، دارعەسای موسای پێیە بەیەك چاو تروكان وەرزشی عێراقت بۆ دەكاتە 50% كورد!،گەر ئەو بە ئینساف كاربكات بەبێ جیاوازی،تەنها بەشی كورد كە 17% یە لەعێراق بە كورد ڕەوا ببینێ بەسە،مەبەست پۆستی ئیداری وكارگێڕییە،ئەوانی تر دەكەوێتە سەر ئاست و ئەنجام و توانای یاریزان و تیپ، با بزانین ئەو وەزیرەی ئێستا و ئەو یاریزانەی دوێنێ لەوەزارەتەكەی چەند خەبیر و مەبیری كورد لەگەڵ خۆی بەگڕدێخی؟ با سەیركەین و چاوەڕێ بین ئەو فەقیرەی دوێنێ و ئەو وەزیرەی ئەمڕۆ چ بۆ ژێرخانی داتەپیوی وەرزشی كوردستان دەكات، پەلە مەكەن با لەشاروشارۆچكەكانی كوردستان ببینین چەندین فێرگەی تایبەت بەوەرزشەكان دەكرێنەوە، چاوەڕێ بن با بڕوانین شاندەكانی وەزارەتەكەی بەبۆنەی فەڕمی و نافەڕمی، چەند كەسانی وەرزشوان وئیدارەی وەرزشی كوردی لەگەڵ دەبێت گەر هەمان بێت!، كێ ناڵێ موچەی وەرزشوانە دێرینەكان بەكوردستانیشەوە وەك یەكی لێدەكات، ناكرێت وەرزشوانانی دێرین نەخۆش وپەككەوتە و بێ دەرامەت رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان بكات بۆ چارەسەری، بۆیە نابێت تفەنگ بەتاریكی بنێیت، گەر لەپۆستەكەی سەركەوتوو بوو هەروەها لەشوێنی خۆی بوو، ئەوا پۆستەكانتان زیاتر بكەن، گەر پێچەوانەش بوو، بە ئەسپایی و بە نەرمی پۆستەكانتان دیلێت بكەن، بۆیە ناكرێت پێش رووداوەكان بكەوین، چونكە ئەو گۆڵەی لەكۆریای باشووری كرد لەنێوەندی یاریگاوە، لەوانەیە سیناریۆكەی دووبارە بكاتەوە و ئەمجارەیان لەئایندەدا نزیك یان دوور بەسیاسەت لەكوردی بكاتەوە!!!

هه‌واڵی گرنگ