راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هۆکاری راگرتنی دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی لەلایەن مێسییەوە ئاشکرا دەکەن.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دەنگۆی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا میدیای جیهانی پڕ کرد لە هەواڵ و راپۆرتی جیاواز، دوای ئەوەی راگەیەندرا کە مێسی بڕیارییداوە گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە و ئەگەری هەیە وەرزی داهاتوو لە یانەکە بڕوات.
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، هۆکاری راگرتنی گفتوگۆیەکان لەنێوان مێسی و کارگێری بارسێلۆنا ئاشکرا دەکەن، گویلێم بالاگی، رۆژنامەوانی ئیسپانی و شارەزا لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان دەڵێت، مێسی بۆیە بڕیاری راگرتنی گفتوگۆیەکانیداوە، بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخاتە سەر دەستەی کارگێری یانەکەی و جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەکە.
بەپێی قسەکانی ئەو رۆژنامەوانە، مێسی دەیەوێت بەم رێگەیە یانەکە بخاتە ژێر پاڵەپەستۆ بۆ ئەوەی کاربکەن، لەپێناو گواستنەوەی یاریزانی نوێ بۆ یانەکە ئامادەکردنی تیپێکی باش بۆ وەرزی داهاتوو.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، کە مێسی هیچ نیازێکی نییە لە یانەکە بڕوات، بەڵام ئێستا هەموو شتێک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی راگرتووە، ئەو رۆژنامەڤانەش دەڵێت، ئێستا هیچ شتێک نییە و دواتر گفتوگۆیەکان دەستپێدەکەنەوە.
بالاگی لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، هەموو ئامانجی لیۆ ئەوەیە بارتۆمیۆ بۆ وەرزی نوێ، خوێنی تازە بباتە نێو یانەکە و پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو ئامادەبکات.
لیۆنێل مێسی تەمەنی 33 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا لە 2021 کۆتاییدێت، بەڵام ئەو یاریزانە لەم هاوینەدا دەتوانێت بێبەرامبەر بچێتە هەر یانەیەک کە خۆی پێی خۆشە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، دەستەی کارگێری بارسا دەیەوێت گرێبەستی لیۆ تاوەکو ساڵی 2023 نوێبکاتەوە.
مێسی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا 10 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا کردووە، مووچەی ساڵانەی یاریزانەکە 40 ملیۆن یۆرۆیە و بە دانی باج 29 ملیۆن یۆرۆی کاشی بۆ دەمێنێتەوە.
جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە هەفتەی رابردوو دووپاتیکردەوە کە مێسی لە یانەکەی ئەودا کۆتایی بە کاروانی یارییکردنی دەهێنێت و ناڕوات.
ئەستێرەی ئەرجەنتینییەکە لەم وەرزەی لالیگادا بە 22 گۆڵ، گۆڵکاری خولەکەی و زۆرترین ئاسیستیشی کردووە کە 19 ئاسیستە