|
|
|
270 جار خوێندراوه‌ته‌وه
عمر على محمد
سه‌ركه‌وتنى ئیسلامى میانرِهو ، ئه‌زموونێكى نوێ بۆ دیموكراسى و گه‌شه‌پێدان 
به‌هارى عه‌ره‌بى كه زۆر جار به به‌هارى ئیسلامى ناوده‌برێت . گۆرانكاریه‌كى واى له رِۆژههڵاتى ناوه رِاستدا دروستكرد كه به جۆرێك له جۆره‌كان كاریگه‌رى هه‌یه بۆ سه‌ر سیاسه‌تى نێودهلهتى و سهرلهنوىَ دارِشتنهوهى سیسته‌مى سیاسیه‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و هاوكێشه‌ى نوىَ، به درێژاى ده‌یان ساڵى رِابردوو ناوچه‌ى رِۆژههڵاتى ناوهرِاست و به تایبه‌تیش ووڵاتانى ئیسلامى كۆمه‌ڵێك له ده‌سه‌ڵاتى سیاسى تیایدا حوكمرِان بوون كه هه‌موویان له رِێگهى كوده‌تاى سه‌ربازیه‌وه هاتبوونه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به ته‌عبیرى شۆرِشگێرِى شه‌رعیه‌تیان دابوو به‌خۆیان .
له‌به‌رئه‌وه هه‌رگیز ئاماده نه‌بوون دامه‌زراوه دیموكراسیه‌كان كارا بكه‌ن و رِێگه به ئازادى و بیرورِا و فره‌یى سیاسى بده‌ن، چونكه ئه‌م رِژێمانه هه‌رگیز برِوایان به ئاڵوگۆرِى ده‌سه‌ڵات نه‌بووه ، له كۆتازهمهنى ده‌سه‌ڵاته‌كانیاندا، ته‌نانه‌ت سیستمى حوكمرِانیان كورتكرده‌وه له بنه‌ماڵه‌كانى سه‌رۆك و له‌ناو خودى پارتى ده‌سه‌ڵاتداریشدا كه‌س بۆى نه‌بوو كێبرِكێى سیاسى له‌به‌رامبه‌ریاندا بكات، نمونه‌ى رِژێمهكانى سوریا‌و تونس و لیبیا و مه‌غریب و یه‌مه‌ن باشترین به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و رِاستیانه،
له كاتێكدا كه جه‌ماوه‌رى ئه‌م وڵاتانه وشیاربوونه‌وه و رِوبهرِوى ئه‌م رِژێمانه ده‌ستیاندایه خۆپیشاندان و شۆرِش ، ده‌ركه‌وت كه چه‌ند دورن له جه‌ماوه‌ر و ئه‌م سیستمانه ته‌نها پێكهاتوون له دامه‌زراوه‌یه‌كى ئه‌منى و عه‌سكه‌رى و لهرِوى عه‌قڵیه‌تى سیاسیشه‌وه نوخبهیهكى دواكه‌وتوو فاشى و خوێنرِێژن، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌یانتوانى له‌به‌رده‌م تورِهیى جه‌ماوه‌ردا خۆیان بگرن و هه‌ریه‌كه‌یان له چه‌ند رِۆژێكهوه تا چه‌ند مانگێك هه‌ره‌سیان هێنا، له پاش هه‌ره‌سى ئه‌م رِژێمانه له كاتێكدا كه خه‌ڵك به ئازادى دوورلهههموو سانسۆر و فشارێك رِویان له سندوقه‌كانى ده‌نگدان كرد له ئه‌زمونێكى نوێ‌دا هه‌ریه‌ك له وڵاته‌كانى تونس و مه‌غریب و میسر هاوڵاتیانى ئه‌م وڵاتانه ده‌نگیان به رِهوتى ئیسلامى میانرِهودا كه ده‌یان ساڵه پاشكۆ ده‌خرێن و رِێگهى هیچ به‌شداریه‌كى سیاسیان نه‌بووه له‌م وڵاتانه‌دا،
ئیسلامى میانرِهو سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێنا ئه‌مه‌ش ماناى جه‌ماوه‌رى بوونى ئه‌م هێزه و پێگهیشتویى عه‌قلى سیاسى جه‌ماوه‌رى ئه‌م وڵاتانه ده‌گه‌یه‌نێت. سه‌ره‌تا سه‌ركه‌وتنى ئیسلامیه‌كان له تونسه‌وه ده‌ستیپێكرد، ئیسلامیه‌كانى تونس به‌هۆى رِاشید غهنوشیهوه كه سه‌رۆكى پارتى نه‌هزه‌ى ئیسلامیه بۆخۆى كه‌سایه‌تیه‌كى ناودار و رِۆشنبیرێكى سیاسى كراوه‌یه، خوێندنى باڵاى له زانكۆى سۆربۆنى فهرِهنسى ته‌واوكردوه ، شاره‌زاییه‌كى باشى هه‌یه له كلتورى سیاسى و رِۆژئاوا له لایه‌ك و له لایه‌كى تریشه‌وه له كلتورى سیاسى ئیسلامى، بۆئه‌م مه‌به‌سته ئه‌و خاوه‌نى دید و بۆچونێكى نوێیه له موتوربهكردنى ئسلام و عه‌لمانیه‌ت و پێكه‌وه به‌ستنى ئیسلام و دیموكراسى ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌یه‌وێت تونس بكاته ئه‌زمونێكى سیاسى نوىَ له دنیاى عه‌ره‌بیدا بۆ پێكه‌وه ژیانى ئیسلامیه‌كان و لایه‌نه‌كانى تر له چه‌پ و عه‌لمانى، هه‌ربۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بوو كه پێشنیارى كرد كه‌سایه‌تیه‌كى چه‌پى وه‌ك مهرِزوقى ببێته سه‌رۆك كۆمارى تونس و ئه‌مه‌شى زۆر به‌سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره له قه‌ڵه‌مدا بۆ سیستمى سیاسى له تونس ،
ئه‌م دید و بۆچونانه‌ى غه‌نوشى لهمهرِ سیستمى سیاسى له تونس‌دا كاریگه‌ریه‌كى باشى هه‌بوو بۆ سه‌ر ئیسلامیه‌كانى تر له میسر و مه‌غریب و لیبیا، له‌به‌رئه‌وه ئێستا ده‌بینین كه گوتارى ئیسلامیه‌كان به‌هه‌مان ئاراسته‌ى تونس‌دا دهرِوات و ئه‌وانیش باس لهرِێزگرتن له ئازادیه‌كانى تاك و كۆمه‌ڵ‌و گه‌شه‌دان به‌دیموكراسى و كاركردن بۆ چه‌سپاندنى مافه‌كانى هاوڵاتى و چاره‌سه‌رى بارى خراپى گوزه‌ران و پشتیوانى له بازارِى ئازاد ده‌كات، ئێستا ئیسلامیه‌كان له قۆناغى دروشم و گوتارى ئاینى ده‌رچون و پێویستیان به‌وه‌یه كه له واقیعدا ئه‌زمونێكى نوىَ پێشكه‌شبكه‌ن كه نمونه‌بێت له چه‌سپاندنى دیموكراسى و پاراستنى فره‌یى سیاسى و رِێزگرتن له ئازادى بیرورِا و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێكى ئیجابیه بۆ كۆتایهێنان به ده‌سته‌واژه‌ى (ئیسلامۆ فۆبیا) و دروسكردنى وێنه‌یه‌كى نوىَ كه ته‌عبیر له دیموكراسى و ئازادى و لێبورده‌یى بكات.
|
|
|
|