|
|
|
371 جار خوێندراوه‌ته‌وه
مه‌لا به‌ختیار
پهرۆشنامهیهك بۆ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم 
جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم ! به‌سڵاوێكی دڵسۆزانه‌وه، لێتان رادهپهرموم، ئه‌م نامه ئاواڵهیهتان عه‌رز ده‌كه‌م. له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌شی، دڵنیام رای گشتی گه‌له‌كه‌مان، پێیانخۆشه به‌مشێوه‌یه، بۆچونه‌كانمان، كۆك یان ناكۆك بن، بزانن. به‌ڕێز پێشه‌كی، من گه‌واهی ده‌ده‌م كه به‌ڕێزتان، وه‌كو مه‌سعود بارزانی، له‌ناو پارتی هاوپهیمانمانو له‌به‌رامبه‌ر بۆچونه‌كانی یه‌كێتی هاوپه‌یمانتان، هه‌ر له‌دوای كاندیدكردنی به‌ڕێز مالكی، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتمانی هێزه‌كانی شیعه‌ی دۆستی هه‌ردوولامان، به‌ڕێزتان، لایه‌نی كه‌م سێ مانگ، دوودڵ بون له‌په‌سه‌ندكردنی دووه‌مین جار متمانه‌پێدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تمه‌دار د.نوری مالكیدا. به‌ڵام سه‌ره‌نجام، ره‌چاوی رای زۆرینه‌ی هاوپه‌یمانیت كرد (به یهكێتیو پارتیه‌وه) رازی بویت. له‌و نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ی دووباره ههڵبژاردنهوهشیدا، به‌ڕێزتان به‌رده‌وام نیگه‌رانیتان له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تمه‌دار هه‌بووه. به‌راشكاویش له‌كۆبونه‌وه داخراوه‌كاندا دهرتانبڕیووه. هه‌ڵبه‌ته، له‌به‌رامبه‌ریشدا، دۆخی عیراق‌و ناكۆكییه قوڵه‌كان، مه‌ترسیه‌كان، كێشمهكێشهكانو پیلانگێڕانی دهرهكیو ناوه‌كی، وای له‌هێزه‌كانی شیعه‌و كورد‌و به‌ڵكو زۆربه‌ی هێزه عیراقیه‌كانیش كرد، سه‌ره‌ڕای ره‌خنه‌و ناڕهزاییو مه‌ترسیش، له چۆنیه‌تی حوكمڕانی به‌ڕێز ده‌وڵه‌تمه‌دار، به‌تایبه‌تی له‌بواری: -وه‌كو پێویست جێبه‌جێنه‌كردنی رێكه‌وتنامه‌ی (18) خاڵی نێوان هاوپهیمانیو حیزبی دهعوهداو دهوڵهتمهداردا؛ -هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ پۆسته باڵاكانی سوپادا، پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور؛ -قۆرغكردنی هه‌یئه‌ته باڵاكانی سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كه ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانیان هه‌یه؛ -نیگه‌رانی له‌ڕێژه‌ی كورد له‌ناو سوپادا؛ -چۆنیه‌تی پڕچه‌ككردنی سوپا‌و له‌ناو سوپاشدا، چه‌كی قورس ده‌درێته هێزی بژارده‌و بژاركراو.. تاد. به‌نده، زیاتریش له‌و خاڵانه ده‌ژمێرم كه له هه‌موان پتر نیگه‌رانی له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی عیراق‌و ئایندهی په‌یوه‌ندی كوردستان‌و عیراقی عه‌ره‌بی ده‌خوڵقێنێ، ئه‌ویش، دوای (9) ساڵ له‌ڕوخاندنی فاشسته‌كان، هێشتا: -وڵاته‌كه، له‌په‌راوێزی خزمهتگوزاریو ئاوهدانیدایهو له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی گه‌نده‌ڵكاری ناو ده‌وڵه‌تانه؛ - كاره‌با كه‌مه؛ ئاوی خواردنه‌وه‌ی پاكژ، كه‌مه؛ ئاستی خوێندن‌و تهندروستیو پشكی تاك.. نزمه؛ نهخوێندهواریو بێكاری زیادی كردووه؛ رێژه‌ی هه‌ژاری له‌هه‌ندێك ناوچه‌ی باشوردا (38%) زیاتره؛ زانكۆ‌و خوێندنگاكان هه‌ژمونگه‌ری ئایینی‌و تایفهگهریو مه‌زهه‌بییان سه‌پێنراوه‌ته سه‌ر.. ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه له‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقدا، ده‌وڵه‌تمه‌دارو ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێستای عیراق، ته‌نها ره‌چاوی ئه‌و بڕگه‌و خاڵانه ده‌كه‌ن، كه له‌ڕوانگه‌ی ئایینی‌و مهزههبیو تایفه‌گه‌ریه‌وه، پهسهندكراوون. باقی خاڵ‌و بڕگه‌كان، كه په‌یوه‌ندییان به‌دیموكراسی، كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ئازادی‌و ئازادی ویژدانه‌وه هه‌یه، لهباشورو ناوه‌ڕاستی عیراقدا، به‌رواڵه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ. هه‌ربۆیه ده‌بینین، دوای (9) ساڵ له‌دامه‌زراندنی عیراقی نوێ، ژینگه‌یه‌كی دیموكراسی تهندروستو ئاسوده‌به‌خش، له‌سه‌ر بنه‌مای ژێرخانی ئابوری ئازاد‌و شه‌فاف، كه سه‌دان داووده‌زگای مۆدێرن له‌م وڵاته‌دا ده‌بوو هه‌تا ئێستا دابمه‌زرێ؛ ده‌بوایه دڵنیایی لهپێشهوهچونی پرۆسه‌ی دیموكراسی، به‌چه‌مكه راسته‌قینه‌كه‌ی دیموكراسی، به‌كرده‌وه ههستپێبكرایه، بونیان نییه. نه‌ك عیراق، له‌باری دیموكراسی ژیانی مه‌ده‌نی راسته‌قینه‌وه، دڵنیایی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیبونی راسته‌قینه‌وه، نه‌هێشتنی جیاوازیه‌كانی ره‌گه‌زی، تایفه‌گه‌ری، ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، به‌كرده‌وه پێشنه‌كه‌وتووه، به‌ڵكو له‌هه‌ندێك روه‌وه، له‌چاو په‌نجاكان‌و شه‌سته‌كان، دواشكهوتووه. جه‌نابی سه‌رۆك ! مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر ئایندهی عیراق، ئایندهی ده‌ستور، ئایندهی ماده‌ی (140) ئایندهی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان، ئایندهی پێگه‌ی عیراق لهناوچهكهداو له‌ناو كێشمه‌كێشه‌كانی ئێستای رۆژهه‌ڵاتدا، له‌سه‌ر مافه‌كانی ژن‌و یه‌كسانیان له‌گه‌ڵ پیاوانی باوكسالاردا، له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی مناڵان‌و دواڕۆژیان، پێش ئه‌وه‌ی سهركهوتنو سه‌رنه‌كه‌وتنی، ئه‌م یان ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیران بێ، له‌وه‌دایه كه ئه‌م وڵاته، به‌ڕواڵه‌ت، له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق‌و میدیاكاندا، دیموكراسییه‌و گوایه ئازادی ده‌سته‌به‌ره، به‌ڵام له‌گه‌وهه‌ردا، دیموكراسی كه‌وتۆته به‌رده‌م گه‌وره‌ترین شاڵاوی له‌ناوبردن. مه‌ترسییه هه‌ره گه‌وره‌كه لێره‌دایه، چونكه مه‌علومی به‌ڕێزتانه كه چاره‌نوسی كوردستان‌و عیراق، چاره‌نوسی دیموكراتخوازو مهدهنیخوازو ژیانخوازی عیراق‌و كوردستان، به‌ستراوه به دیموكراسیه‌وه، نه‌ك بهكهسێكهوه، له‌هه‌ر پله‌و پۆستێكدا بێ. ململانێی هێزه سیاسی‌و مه‌ده‌نیه‌كانی كوردستان‌و دیموكراتخوازه‌كان، پێویست بوو له‌ئاڕاسته‌ی كهسگهریهوه (شخصنه) بگۆڕێ بۆ ئاڕاسته‌ی دیموكراسی. به‌ڵام به‌داخه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی عیراقدا، كه‌متر چاودێری چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی دیموكراسی بوین‌و زۆرتر خۆمان خزانده ناو كێشمه‌كێشی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌وه، یان به‌رژه‌وه‌ندی ئابوریه‌وه. بێگومان دهسهڵاتو ئابوری زۆر گرنگن، به‌ڵام گرنگتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر هه‌موو كایه سیاسی‌و ئابوریه‌كانمان، هه‌مه‌لایه‌نه‌ترو كاریگه‌رتر، ببه‌ستایه به بنه‌ماكانی دیموكراسی‌و مهدهنیهتو ئازادیه‌وه، كه ده‌ستور ده‌سته‌به‌ری كردون. جه‌نابی سه‌رۆك ! كاتێك ئه‌م نامه‌یه ده‌نوسم، هه‌ستده‌كه‌م، ورده ورده، له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه، چوینه‌ته ناو تونێله‌كه‌ی شاخی هه‌یبه‌ت سوڵتان كه (8) ساڵه ته‌واونه‌كراوه. جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه، كه به‌قوڵیی له نیگه‌رانیه‌كانت، له زانیاریه‌كانت، تێده‌گه‌ین. به‌ڵام شهتهكدانی ته‌واوی كێشه سیاسیه‌كانمان، داخوازیه‌كانمان، جێبه‌جێكردنی ده‌ستورو كێشه‌ی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، ته‌نها به‌لابردنی ده‌وڵه‌تمه‌داره‌وه، ئه‌ویش له‌م هه‌لومه‌رجه ئاڵۆزه‌ی رۆژههڵاتو ناوچه‌كه‌دا، پێموایه پیاچونه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گه‌ره‌كه. من ده‌زانم، جه‌نابت له ئێمه‌ومانان باشتر ده‌زانیت، هه‌تائێستا، ئه‌و هێزانه‌ی بونه‌ته هاوسه‌نگه‌رت، بۆ گۆڕینی مالكی، زۆربه‌یان، هه‌تا سه‌رئێسقان، دژی دیموكراسی‌و ماده‌ی (140)ن. له‌مباره‌وه چاكه‌كه‌یان له‌وه‌دایه ئه‌م باوه‌ڕه‌یان ناشارنه‌وه. ته‌نانه‌ت ئێستاش كه زۆر پێویستیان به هاوپه‌یمانی كوردستانی‌و جه‌نابته بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له ده‌وڵه‌تمه‌دار. به‌ڵكو به‌ڕێز تاریق هاشمی كه لێشی قه‌وماو كوردستان په‌نای دا، به‌ئاسته‌میش، سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر ماده‌ی (140) نه‌گۆڕی. ئه‌مه له‌كاتێكدا كوردستان‌و جه‌نابی مام جهلالو جه‌نابت نه‌بوایه، ئێستا هاشمی، له‌زینداندا ده‌بوو. لێره زۆرم مه‌به‌سته بڵێم: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جیاوازی بیركردنه‌وه‌مان، وه‌كو یهكێتیو پارتی، له‌سه‌ر كۆی كێشه‌كان‌و ئه‌م كێشه‌یه‌ی دهوڵهتمهداریش، هه‌بوه‌و هه‌یه، به‌ڵام به‌ڕاشكاویش ده‌ڵێم: له‌م ململانێیه‌دا، هه‌تائێستا، وه‌كو مه‌سعود بارزانی‌و سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌ركه‌وتویت. به‌ڵێ سه‌ركه‌وتویت. چۆن؟ مادام.. جارێ له‌عیراقدا، ئه‌لته‌رناتیفێكی دیموكراسی به‌هێز نییه، چ وه‌كو حیزبێكی دیموكرات‌و چ وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی ناسراوی دیموكرات، ئه‌گه‌ری هاتنه‌سه‌ر حوكمی ههبێو لێی دڵنیا بین، كه‌وابێ: ئایه‌و مایه، له‌ناو هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا، له‌بری مالكی ده‌وڵه‌تمه‌دار، دوو یان سێ كه‌سی دیكه له‌ئارادان، ببنه ده‌وڵه‌تمه‌دار. له‌م حاڵه‌ته‌دا من ده‌پرسم: جگه له گۆڕینی به‌ڕێزێك به به‌ڕێزێكی دیكه، له‌م پرۆسه‌ی گۆڕانكاریهدا، چ ده‌سته‌به‌رێكی سیاسی‌و ده‌ستوریی دیكه‌مان، ده‌ستده‌كه‌وێ؟ به‌ش به‌حاڵی خۆم باوه‌ڕناكه‌م هیچی ترمان ده‌ستبكه‌وێ. ئه‌مه‌له‌كاتێكدا، ئه‌گه‌ر له‌م گۆڕینه‌ی دهوڵهتمهداردا، دوچاری روداوی چاوهڕوانهكراویش، نه‌بین. رێزدار ! جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه، ئێوه، به پێوه‌ری زانستی سیاسی‌و پێودانگی ململانێ سیاسیه‌كان، سه‌ركه‌وتون. سه‌ركه‌وتون، چونكه: یه‌كه‌م: هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانتان، خستۆته ژێر فشاری هاوكێشه‌ی سیاسی نوێ بۆ پیاچونه‌وه به سیاسهتهكانیانو چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی رێكهوتنامهكان. دووه‌م: به‌ڕێز نوری مالكی ئاماده‌یه، سیاسهتو حوكمڕانیه‌كه‌ی ههڵبسهنگێندرێو به‌وشێوه‌یه‌ی رێكدهكهوینهوه، له زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا، بڕیاره‌كان جێبه‌جێ بكات. سێهه‌م: توانیتان جارێكی دیكه، لیستی عیراقیه‌و لیستی سه‌ماحه‌تی موقته‌دا سه‌در، كاریگه‌رتر بێننه‌وه ناو كایه‌كانی سیاسه‌ته‌وه. چواره‌م: ئهمریكاو رۆژئاوا‌و ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ریش، تێگه‌یشتن كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان، به‌شێكی كاریگه‌ری ناو روداوه‌كانی عیراق‌و ناوچه‌كه‌یه. نه‌ك ناكرێ په‌راوێزبخرێن، به‌ڵكو ده‌بێ زیاتریشیان بایه‌خ پێ بدرێ. پێنجه‌م: ده‌ركه‌وته‌وه كه عیراق، به سیاسه‌تی زۆرینه‌ی شیعه، یان لایه‌نی دیكه، به‌ڕێوه‌ناچێ، ده‌بێ حساب بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان، به‌تایبه‌تی كورد، بۆ دوابڕیاری چاره‌نوسساز بكرێ. شه‌شه‌م: رۆڵی جه‌نابی مام جهلالو جه‌نابت، بۆ پارسه‌نگی جه‌مسه‌ره سیاسیهكانو رێگهچارهسهرهكان، باشتر به‌رجه‌سته‌بوو. به‌ڵێ .. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه به‌رچاوانه، ئه‌و ده‌ستكه‌وته سیاسیانه، سه‌ره‌نجامی قوڵبونه‌وه‌ی كێشه‌كان‌و ململانێكان، ئه‌گه‌رچی نیگه‌رانی خوڵقاند‌و به‌شێكی جیاوازیه‌كانی نێوان ههردوولامانو لایه‌نه‌كانی دیكه‌شی دهرخستو خستینیه ته‌نگژه‌یه‌كی مهترسیداریشهوه، سهركهوتنو ده‌ستكه‌وتی كه‌م نین. جه‌نابی سه‌رۆك ! كاتێتی، كردهپهشیمان بین، نه‌كرده په‌شیمان نه‌بین. روداوه‌كان به‌رونی خه‌مڵاندیان كه كاتێتی به‌ری ره‌نجی تێكۆشانی هه‌موولایه‌ك، بچنینهوهو له‌خزمه‌تی عیراقی دیموكرات‌و حكومه‌تێكی به‌كرده‌وه پابه‌ند به رێكه‌وتنه‌كان‌و ده‌ستور، بهچاودێرێكی ورد‌و له زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا، سودیان لێوه‌ربگرین. رێكه‌وتنامه‌ی هه‌ولێر، رێكه‌وتنامه (18) خاڵیه‌كه‌ی كورد‌و به‌ڕێز مالكی، به‌رنامه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی نیشتمانی عیراق له‌لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆك كۆماره‌وه، چی تریش پێویسته با هه‌وڵ بده‌ین ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین، بۆ كۆی ئه‌م مه‌سه‌لانه، پێموایه، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، ده‌روازه‌ی سیاسی نوێیان بۆكراوهتهوهو ئومێدی باشتر به‌دیهێنانی رێكهوتنامهكان، سه‌ریهه‌ڵداوه. كورد‌و دۆسته راسته‌قینه‌كانی، هه‌قوایه (كاڵه‌ك بخۆین‌و بێستان نهڕنین) هه‌رگیز باوه‌ڕم وانییه، له‌عیراق‌و سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌شدا، ده‌وڵه‌تێك، هێزێك، لایهنو كه‌سێك هه‌بێ، له كورد‌و سهرۆكو رابهرانو تێكڕا هێزه‌كانی گۆڕه‌پانی كوردایه‌تی‌و دیموكراسی، بۆ كورد‌و كوردستان‌و ئه‌زمونه دیموكراسیه‌كه‌ی دڵسۆزتر بن، بۆیه، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی پێویسته، دۆستایهتیو په‌یوه‌ندی سیاسیمان راستگۆیانه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك بپارێزین‌و په‌ره‌ش پێ بده‌ین، له‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش بترازێ، چاره‌نوسی هیچ بڕیاری سیاسی چاره‌نوسسازمان نه‌به‌ستینه‌وه به سیاسه‌تی هیچ لایه‌ك. ته‌نانه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ی دۆستنو لێشیان دڵنیاین، چ جای بۆ پێچه‌وانه‌كانیان! جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم ! من.. له‌ژیانمدا پارتی نه‌بوم. به‌ڵام به‌وردی مێژووی پارتی‌و سیاسه‌تی سه‌رۆك بارزانی خوالێخۆشبوم، خوێندۆته‌وه. به‌تایبه‌تی له دانوستانه‌كاندا. له گۆشه‌ی هیچ لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژووی دانوستانه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول به‌سه‌رۆكایه‌تی بارزانی، نه‌مخوێندۆته‌وه، بارزانی له گفتوگۆیه‌كدا، دژی بینینی كاربه‌ده‌ستێكی عیراق بوبێ. یان ڤیتۆی بۆ له‌كارخستنی كاربه‌ده‌ستێكی به‌كارهێنابێ. سهرۆكو سه‌رۆك وهزیرانو نوێنه‌رانی حكومه‌ته‌كانی عیراق، له‌زه‌مانی پاشایه‌تیه‌وه، بۆ كۆماری‌و به‌عسیه‌كان دیووه. له‌گه‌ڵ حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كاندا، دانوستانی كردووه. هه‌ر پایهبهرزێكی عیراق هاتبێته باره‌گای بارزانی، پێشوازی لێكردووه. نوێنه‌ریشی بۆ به‌غداد ناردبێ، بێ جیاوازی كاربه‌ده‌ستانیان دیووه. سه‌ره‌نجام، گفتوگۆكان له‌سه‌ر مه‌سه‌له سیاسیه‌كان بووه، نه‌ك قبوڵكردن‌و نه‌كردنی كه‌سایه‌تیه‌كان.. به سه‌دام حوسێنیشهوه. ته‌نانه‌ت، له مارتی ساڵی (1974) كه ئیدریسی خوالێخۆشبووی (كه زۆر ئازیز بوو لاشی) نارده به‌غداد، بۆ دوا گفتوگۆ، سه‌دام حوسێن سوپای عیراقی بۆ جه‌نگی كوردستان ته‌یار كردبوو، ته‌واوی ئاماژه‌كان ده‌یانسه‌لماند كه جه‌نگ بهرپادهكرێتهوه، به‌ڵام بارزانی نه‌مر، به ئیدریسی خوالێخۆشبووی نه‌گوتبوو، نابێ چاووت به سه‌دام بكه‌وێ. له‌م شۆڕشه‌شدا، هه‌روا بووه. یهكێتیو پارتی، ڤیتۆیان بۆ نه‌بینینی كه‌س نه‌بوو. ته‌نانه‌ت به سهدامو عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدی كیمیاویشهوه. جه‌نابی مام جهلالو جه‌نابت، سه‌دامتان له‌كاتی ملهوڕیهكهیو له‌كاتی شكسته‌كه‌شی له جه‌نگی كوێتدا، بینی‌و هیچیشتان بۆ گه‌له‌كه‌مان لێ ده‌ستنه‌كه‌وت. ئێمه‌ومانانیش، له وه‌فده‌كانی هه‌ردوو حیزبه‌كاندا، به‌شداری گفتوگۆكانمان ده‌كرد، هه‌رچه‌ند گه‌لـێ ناخۆشبوو، ئه‌و دوژمنانه‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌بینی، به‌ڵام سیاسه‌ت وایه، ئه‌م چاوپێكهوتنانهش ده‌سه‌پێنێ. هێژا ! پێمخۆشه ئه‌وه‌ش بڵێم: هاوپه‌یمانی یهكێتیو پارتی، هه‌روا ریزی هێزه‌كانی كوردایه‌تی راسته‌قینه، بهدهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، په‌یوه‌ندی هه‌ردوو جوامێر تاڵهبانیو بارزانی، گه‌لـێ له‌م كێشمه‌كێشه‌ی ئێستای نێوان ههرێمو به‌غداد، گرنگتر‌و كاریگهرترو فره‌ره‌هه‌ندی سیاسییه بۆ گه‌له‌كه‌مان. سه‌باره‌ت به هاوپه‌یمانی كوردستان، ئێمه گه‌یشتوینه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه، له كابینه‌ی شهشهمو ئێستای كابینه‌ی حه‌وته‌م، لێكتێگه‌یشتنمان باشتر دهچووهپێشهوه. پێشمانوابوو، سه‌ره‌ڕای جیاوازیه‌كانمان، لایه‌نی تێگه‌یشتنه هاوبهشهكانمانو ئه‌ركه له‌سه‌ر رێكهوتوهكانمان، دڵنیایی زیاتری دهخوڵقاندو خۆمان بۆ ئه‌وه‌ش سازده‌دا، ئه‌م هاوپه‌یمانییه، به‌كرده‌وه، له وه‌زاره‌ته‌كان، ده‌زگاكان، پڕۆژه‌كان‌و ئۆرگانهكاندا هاوسه‌نگی شیاوتر به‌دیبێنێ. هێشتاش له‌وباوه‌ڕه‌داین، گه‌رچی دوو سێ جار، له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی پارتیه‌وه، گوێمان له سازی نه‌سازی لێكدابڕان له‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا (ئه‌ویش له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی هه‌ردوولامان نا، به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تمه‌دار) بووه، كه ههردوولامانو گه‌له‌كه‌شمان، زوخاوی لێكدابڕانمان، بهعهسكهری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوریشهوه، چه‌شتووه. هاوپه‌یمانیه‌ك نه‌توانێ به‌رگه‌ی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی ئێستا بگرێ‌و گرێكوێره‌كه‌ی به‌غدادو هه‌رێم بكاته‌وه، كه‌واتا: قسه‌ی نه‌یارانمان راست ده‌رده‌چێ، كه په‌یتا په‌یتا پێمانده‌ڵێن؛ هاوپه‌یمانی یهكێتیو پارتی، زۆرتر بۆ سه‌پاندنی دهسهڵاتهكهیانو به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبیهكانیانه. نابێ رێگه‌بده‌ین ئه‌م بۆچونه له‌ناو رای گشتی بۆیان بچێته‌سه‌ر. هه‌لومه‌رجی ئێستا، دوڕیانێكی گرنگه، پێچه‌وانه‌ی بۆچونی نه‌یاران بسه‌لمێنین. به‌شێكی زۆری به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م پروپاگهندهیهش، ئێستا كه‌وتۆته ده‌ست جه‌نابت، جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم. له‌حاڵه‌تی پێچهوانهكهشیا، واتا: ئه‌گه‌ر زاڵ نه‌بین به‌سه‌ر كێشه‌كه‌ی ئێستادا، چاره‌سه‌ری بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، بێگومان گومان زۆرتر له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئێستا پهیدادهبێو لێكه‌وته‌ی جۆراوجۆریشی له‌ناوچه‌كه‌و له‌ناو عیراق‌و كوردستانیش لێده‌كه‌وێته‌وه. كاكه مه‌سعود بارزانی ! له‌كۆتایی پهرۆشنامهكهدا، ده‌بێ باسێكی جه‌نابی مام جهلالو به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی له‌عیراق‌و ناوچه‌كه‌و جیهانو كوردستانیش بكه‌م، كه به‌ڕێزتان ده‌زانن، یه‌كه‌مین جاره له‌م مێژووه كڵۆڵهی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچه‌كه‌دا، كوردێك به‌نوێنه‌رایه‌تی كورد، پۆستی سیادی سه‌رۆك كۆمار وه‌رده‌گرێ. رۆڵی جه‌نابتان به‌تایبه‌تی له دووه‌مین خولی متمانه‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری‌دا، هه‌روه‌كو رۆڵی سه‌رۆك كۆمار له هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی خولی دووه‌می سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا، گهشو دیاره. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان هه‌ردوو جوامێر، تاڵهبانیو بارزانی، یه‌كێكه له ده‌ستكه‌وته سیاسی‌و مه‌عنه‌ویه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، لایه‌نه ئیجابیه‌كانی، زۆر دڵخۆشكه‌ره‌یه. كه پێموایه، له قه‌یرانێكی وادا، راستگۆیهتی ئه‌م په‌یوه‌ندییه پێویسته بپارێزرێ. خۆم له جه‌نابتم بیستووه كه فه‌رمووته: یهكێتیو پارتی نێوانیان تێكیشبچێ، من نێوانم له‌گه‌ڵ مام جه‌لال تێكناده‌م. دڵنیام ئه‌م قهناعهتهت، بۆ رۆژگاری خۆشی‌و مه‌سه‌له گشتیه‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو بۆ رۆژگاری قهیرانو مه‌ترسی لێكترازان، ئه‌و بۆچونه‌ی به‌گوێی یهكێتیو پارتیدا ده‌چپاند. هه‌ردوولاشمان تێگهیشتینو به‌وردی حسابیشمان بۆ ده‌كرد. ده ئێستا كاتێتی ئه‌و گفته جوانه‌ت جێبه‌جێ بكه‌یت. به‌نده دڵنیام، مام ئاماده‌یه، به‌وشێوه‌یه‌ی مافه‌كانمان باشتر ده‌سته‌به‌ر بكرێ‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی كه به‌دیهاتون بپارێزین، ئه‌وه‌ی بهدیشنههاتون به‌دیبهێنرێن، له‌ناوه‌ڕاستی رێگه‌ی ئه‌م كێشه‌یه، چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه. متمانه‌سه‌ندنه‌وه یان نه‌سه‌ندنه‌وه، به‌ئه‌ندازه‌ی یه‌كڕیزی كورد‌و پاراستنی هاوپه‌یمانی كوردستانی‌و په‌یوه‌ندی هه‌ردوو جوامێر تاڵهبانیو بارزانی، هه‌روه‌ها دروستكردنی ژینگه‌ی متمانه‌ی سیاسی ته‌واوی لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان‌و دۆستان‌و پشتیوانه‌كانمان، قه‌ت گرنگ نییه. نامه‌كه‌ش به‌وه قفڵ ده‌ده‌م بۆ مێژوو، بۆ جهنابتو رای گشتی كوردستان رۆشنی بكه‌مه‌وه كه: كورد ئه‌گه‌ر له‌ناوه‌نده سیاسییه جیهانیه‌كان (نه‌ك ئیقلیم) ده‌سته‌به‌رێكی باشتری دابین نهكردبێو هه‌موو لایه‌نه سیاسییه سه‌نگینه‌كانی كوردستان، به‌ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، ئێستا، یان له‌ئاینده‌ی نزیكدا، له‌م ده‌سته‌به‌ره سیاسییه باشتره، دڵنیا نه‌كرێین، بێگومان، پێچه‌وانه‌ی گه‌لانی راپه‌ڕیوی ئێستای رۆژهه‌ڵات، كه به تێكچونی حكومه‌ته‌كانیان قازانج ده‌كه‌ن، له تێكچونی دۆخی عیراق‌و كهمهركێشی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌ناو عێراقدا، به زیانی ئه‌زمونه دیموكراسیهكهو ده‌ستكه‌وته‌كانمان ده‌شكێته‌وه. بۆیه، وای ده‌بینم، هه‌تا لۆژیكی سیاسیمان به‌هێزه‌و پشتیوانیمان فراوانه، ده‌رفه‌ته سیاسیه‌كه بۆ به‌دیهێنانی داخوازیه‌كانمان، له‌سه‌ر ئاستی عیراق‌و كوردستان بقۆزینه‌وه. هه‌ستێكی سیاسی واشم هه‌یه كه، مادام ده‌وڵه‌تمه‌دار ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌كی فراوانه‌و زه‌مینه‌ش ره‌خساوه رێكه‌وتنه‌كان تۆكمه‌تر داڕێژینهوهو چاودێری باشتری جێبه‌جێكردنیشیان بكه‌ین، ئه‌م ئاڕاسته‌یه، پشتیوانی جیهانیو ئیقلیمیشی هه‌یه، له‌وباوه‌ڕه‌دام ئه‌مه‌یان لهقازانجمانه، نه‌ك لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ك له به‌ڕێز مالكی، به‌تایبه‌تی لایه‌نی كه‌می دڵنیابونمان له‌و هێزو كه‌سایه‌تییه نییه، كه جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. به‌هیوام، وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌ك، وه‌كو كوردێك، وه‌كو به‌رپرسێكی یه‌كێتی هاوپه‌یمانتان، جه‌نابی سه‌رۆك، ئه‌وه‌ی كات نییه له كۆبونه‌وه داخراوه‌كاندا، بتوانین بڵێین، له‌م پهرۆشنامهیهدا، وتبێتمو خزمه‌تێكی بچوكم.. گه‌یاندبێ. له‌گه‌ڵ رێزی هاوپه‌یمانێك مه‌لا به‌ختیار 12/6/2012 كوردستان - سلێمانی
|
|
|
|