ململانێی ناته‌ندروستی لایه‌نه‌كان و خراپ ئیدارەدانی دامەزراوە فەرمیەکانی وڵات و بێ بەها کردنی موئەسەساتە ڕاستەقینەکانی لەمەڕ مەملەکەتەکەی خۆمان، ته‌نگژه‌ی زۆری بۆ هاوڵاتیان دروست كردووه‌و كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی راسته‌وخۆشی له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی و ئیداری و به‌ڕێوه‌بردن و ئابووری و كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه و دەروونی هاووڵاتیان به گشتی دروست كردووه، له ئێستادا ده‌بێ خه‌می سه‌ره‌كی لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌بێت چۆن وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی خه‌ڵك ده‌ده‌نه‌وه‌و گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و چۆن له‌به‌ر رۆشنایی گله‌یی و مانگرتنه‌كان و گازانده‌كان و داواكاریه‌كانی هاووڵاتیان چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزنه‌وه نه‌وه‌ك كۆبوونه‌وه به كۆبونه‌وه بێ ئه‌نجامه‌كان بسپێرن و وه‌ڵامی نالۆژیكی بێ بنه‌ما بۆ یه‌كتر ئاماده بكه‌ن و خه‌ڵك له بێئومێدی بهێلنه‌وه، به مانایه‌كی تر نابێ لایه‌نه سیاسیەکان بە تایبەت فەرمانڕەواکان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بن خه‌ڵك بزانێت له خه‌می چیدان، بەڵکو ده‌بێت لایەنەکان بە تایبەت بەشدارانی بەڕێوەبردنی وڵات له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بن خه‌ڵك له چی نیگه‌رانه؟ وە داوای چی دەکات؟؟!! ئەوەی بەدی دەکرێت و وڵاتی توشی قەیران کردووە بریتین لە:
گەندەڵی و ناشەفافی لەسەروەت و سامانی ئەم وڵاتە، بە جۆرێک کە کەس نازانێ داهاتی ئەم هەرێمە خێر لە خۆ نەدیوەی ئێمە لە: فرۆشی نەوت و داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ ... هتد چەندە و لە چیدا خەرج دەکرێت، هەروەها ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بازوی گەندەڵی بەهێزتر دەبێ و قەبارەکەی گەورەتر دەبێت.
زۆر گوتراوەو باس کراوە کە دەستی حیزب ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت لە دام و دەزگاکاندا، بەداخەوە لە ئێستادا هەموو کارێک بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسی حزبی و بڕیارەکان لە چوار دیواری بارەگا حیزبیەکان دەردەکرێت، پەراوێز خستن و بێ هیوا کردنی کەسە شارەزاو پسپۆڕەکان و سەپاندنی سزای سیاسی بەسەریاندا و لادانیان و هێنانی کەسی حیزبی بۆ شوێنەکانیان بونیان هەیە و بەردەوامە.
کۆمپانیاکانی کار لە هەموو سێکتەرەکانی هەرێم کراون بە حیزبی و بەرپرسەکان لە وەزارەت و فەرمانگەکان لەهەوڵی ئەوەدان کە تەندەرەکان بۆ ئەو کۆمپانیایە دەربچێ کە سەر بە حیزبەکەی ئەوانە، یاخود لە ژێرەوە لەگەڵیان ڕێک کەوتوون، زۆرجار تدخلات بۆ ئەو لێژنانەش دەکرێت کە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو کارانە پێک دەهێنرێت.
پرسی چاکسازی جگە لە دروشمێکی بریقەدارو خۆ دەرباز کردن لە قەیرانە جۆربەجۆرەکان هیچی تر نیە، چونکە ئەوا ساڵێک تێپەڕی جگە لە بڕینی (٢١٪)ی موچەی فەرمانبەران چیتر ئەنجام دراوە، بە مانایەکی تر چاکسازی بریتیە لە زیاتر بەهێز کردنی بازوی گەندەڵی و بەخێوکردنی جەیشێکی مشەخۆری حیزبی و بن دیوار‌و خانەنشینی نایاسایی لەسەر حیسابی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە چیتری لێ دەخوێندرێنەوە؟؟!! بەڵکو چاکسازی ڕاستەقینە بریتیە لە:
_ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو خانەنشینکراوانەی کە بەناهەق و دوور لە یاسای خانەنشینی خانەنشینکراون لە بواری مەدەنی و سەربازی.
_بڕینی موچەی هەموو ئەوانەی بە فێڵ بەشەهیدو کەم ئەندامی سەنگەر نوسراون و لە قەڵەم دراون.
_هیچ پلە باڵایەک لە وەزیرو پەرلەمانتارو هاوتاکانیان ئەگەر یاسای خانەنشینی نەیانگرێتەوە خانەنشین نەکرێن.
_ بڕینی ئەو نەسریە زۆر‌و زەوەندانەی سەرۆکایەتیەکان و وەزیرو...هتد کە تایبەتن و زۆرجار تسویەشیان پێ ناکرێ..
_ ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئیداری و دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو بە پێی پسپۆڕییان و وەلانان و دوورخستنەوەی بنەمای حیزبی و بەمیزاج کارکردن و دانانی کەسەکان.
خەڵک و هاووڵاتیان بە گشتی له ئێستادا بەدوای چارەسەری کێشەکان دەگەڕێن و پرسیار دەکەن نەک وەڵامی بێ چارەسەرو ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بێ بەرهەم، ئەوان دەپرسن:
_ کوا داهاتی فرۆشی نەوت و خاڵە سنوریەکان و ناوخۆ.
_ موچە بۆ نادرێت و بەردەوامە لە دواکەوتن، ئەی لێبڕین بە چ یاسایەک ئەنجام دەدرێت؟
_ پەرلەمان کاری چیە کە بۆ پرسە چارەنوسسازەکان پرسی پێ نەکرێ و هیچ هەنگاوێک نەتوانێ بهاوێژێ؟
_ باج و سەرانەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاد دەبێ لەسەر هاووڵاتیان بێ ئەوەی داهاتەکە بگەڕێتەوە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر تا ئێستا بێ وەڵامن و نەتوانراوە وەڵامی قەناعەتپێکراو بۆ هاوڵاتیان و خەڵک بخرێتە ڕوو، هەموو ئەو وەڵامانەی کە هەن جگە لە پاساو هێنانەوە بۆ شکست و خەڵک خامڵاندن هیچی تر نیە..
لە ئێستادا هەرێم پێویستی بە چارەسەری بە پەلەی کێشەکان و گۆڕینی عەقلیەتی بەڕێوەبردن و گۆڕانکاری لە سیستەمی ئیدارەی وڵات هه‌یه‌و شه‌قام و فشاره‌كانی باشترین به‌دیله بۆ كۆچپێكردنی كاربه‌ده‌ستی مشه‌خۆرو گه‌نده‌ڵ و رزگار كردنی هه‌رێم له قه‌یرانه‌كان و به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی ده‌زگاكان و دورخستنه‌وه‌یان له هه‌یمه‌نه‌ی حزبی و كه‌سیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی چیدی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به سیاسی نه‌كرێت و مانای راسته‌قینه‌ش بۆ بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی و سیاسه‌ت بگێڕدرێته‌وەو هەنگاویش بێ بۆ بنیاتنانی حوکمی ڕەشید لە هەرێمدا ..