لە ئاکامی پەلامارێکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، سێ پۆلیسی فیدڕاڵی کوژران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەئاژانسی ئەنادوڵوی راگەیاند کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو ، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی لەگوندی شبێچەی چەمی رۆخانە لەباشووری قەزای داقوق.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، لەئەنجامی ھێرشەکەدا سێ پۆلیسی فیدڕاڵی کوژراون و لەکاتی روبەرووبونەوەی نێوان پۆلیس و چەکدارانی داعش بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ھەمەردا تەقیوەتەوە و بەم هۆیەوەش تێکشکاوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆئەوەیش کرد، لە دوای پەلامارەکەیان، چەکدارەکانی داعش بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتوون و گەڕانی ھێزە ئەمنییەکان-یش بەدوایاندا بەردەوامە.
راشگەیەندرا کە تەرمی سێ کوژراوەکەی پۆلیسی فیدڕاڵیش بۆ نەخۆشخانەی داقوق گواستراونەتەوە.