وەک سەرنوسەری گۆڤارەکە {مامۆستا زیاد ڕەشاد} پێی ڕاگەیاندم لەسەرچاوەیەکی بەرپرسی چاپخانەی ژین ەوە ئاگادارکراون،کەناتوانن ژمارە 270 ی گۆڤاری ـ جگەرگۆشەکان ـ ی منداڵان وهەردو دەستە خوشکەکەی {گۆڤاری زەنگ وبەنگ وگۆڤاری گوڵەکان} لێرە بەدواوە چاپ بکەن.
بەداخەوە لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا چەندین گۆڤارو ڕۆژنامە وەکو گەڵای پایز لەبەردەم ڕەشەبای قەیرانی دارایی ،یان ڕاستتر بڵێم لەبەردەم ڕەشەبای گەندەڵی و ناعەدالەتیدا،هەڵوەرین، لەناویاندا چەندین گۆڤارێ منداڵان، ئەگەرچی جگەرگۆشەکان و دوو دەستە خوشکەکەی ،ماوەیەکی باش لە بەردەم ئەو قەیران و نەبوونیەدا، دڵیان نەهات ماڵئاوایی لە منداڵە چاوگەش و بێنازەکانی کوردستان بکەن و خۆیان لەبەردەم ئەو گەردەلوڵە ڕەشە ڕاگرت، بەڵام دواجا چۆکیان پێدادراو ناچارکران بەبێ خواحافیزی گۆڕەپانەکە بەجێ بێڵن.
بەم جۆرە مناڵانی کوردستان میمبەرو مەیدانێکی دیکەی خزمەتکردن بە پەروەردەو ڕۆشنبیرکردنیان پێ چۆڵکرا.
بەداخەوە کە باوکان و دایکانی خەمخۆری مناڵەکانیان، کەمتەرخەمییان کرد لەوەی کەمانگانە بەکڕینی گۆڤارێک پاڵپشتی لەم گۆڤارە خنجیلانانە بکەن ،کە زۆرێک لە منداڵان چەندین ساڵە هۆگریان بوون..
ئەمە لەکاتێکدا کە هێشتا لەمەیدانی ڕۆژنامەگەرییدا چەندین ڕۆژنامەو هەفتەنامەو گۆڤاربە پاڵپشتی حیزبە دەسڕۆیشتوەکان،بۆخزمەتی پروپاگەندەی حیزبی ، دەردەچن و باکیان بەهیچ قەیرانێک نیە .