شارەزایان پێیان وایە بۆگۆڕانکاری و پێشکەوتنی هەرکۆمەڵگەیەک لەم چەرخەدا، سێکوچکەیەکی پێویست هەیە، ئەوانیش بریتین لە:
1ـ ئابورییەکی بەهێزو تۆکمە.
2- پەروەردەو فێرکردنێکی پێشکەوتوو.
3ـ مێدیایەکی پیشەیی بەرپرس. واتە ئەگەر ئەوسێ کەرتە لەهەر وڵاتێکدا بەهێزو پێزبوون،ئەوە کۆمەڵگە ڕوو لەگۆڕان و گەشەسەندن و پێشکەوتنە، دیارە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
بەداخەوە لەکوردستانی خۆمان، لەکەرتی ئابوریدا زۆرتر تەرکیز لەسەرنەوتەو سێکتەرە ئابوریەکانی دیکە،بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە.
زۆریش بەداخەوە ،کەرتی پەروەردەو فێرکردن،تەنها بەشێوەی ئاسۆیی فراوان دەبێ و دەکرێو لەڕووی ستونی و کوالێتیەوە،نەک جێی دڵخۆشی نیە، بەڵکو مایەی نیگەرانی پسپۆران و خەمخۆرانی ئەم بوارەیەو کەموکورتی زۆری تێدایە،چ لەژێرخان و چ لەسەرخانەکەشی..
سەبارەت بەمێدیاو ڕاگەیاندنیش، کەدەمێکە بەدەسەڵاتی چوارەم دراوەتە قەڵەم و نەتەوە یەکگرتوەکانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەپێویستە ئازادی ڕۆژنامەگەریی ومێدیا بۆ خزمەتی پەڕەپێدانی هەمەلایەنە بەکاربێت، لەهەرێمەکەی لەمەڕ خۆماندا، دیسان ئەوەندەی بە ئاسۆیی و ژمارە فراوان بووەو دەبێت ، دەیەکی ئەوە وەکو پەیامێکی شارستانی ،کۆمەڵایەتی ، پەڕەپێدەرو پیشەیی ،نەچۆتە پێش وگەشەی نەکردوەو بگرە نەلەلایەن دەسەڵاتەوەو نەلەلایەن کۆمەڵگەشەوە،وەکو پیشەیەکی ڕێزلێنراوی ـ ڕێکخراو ، سەیرناکرێ و هێشتا لە پاشاگەردانیدا دەژی.