سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، قایمقامی قەزای سامەڕا لە پارێزگای سەڵاحەددین باکووری عێراق، مەحمود خەڵەف لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو.
ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەددین سەربە سوپای عێراق، سەعد محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، فیشەکێک لەلایەنێکی نەناسراوەوە بە ئۆتۆمبێلی مەحمود خەڵەف کەوتووە لە ناوەڕاستی شارەکەدا.
سەعد محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە لەو هێرشەدا تەنها جامی ئۆتۆمبێلەکەی قایمقام شکاوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەو ئەفسەرەی سەربە سوپای روونیکردەوە کە دوای رووداوەکە هێزێکی ئەمنی گەیشتنە شوێنەکە و دەستیان بە هەڵمەتی گەڕان و پشکنین کردووە بەدوای تەقەرەکەدا.
ئەم هەوڵی تیرۆرکردنە بە یەکەم هەوڵی هاوشێوە دادەنرێت کە رووبەڕووی بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگای سەڵاحەددین لە میانی ئەمساڵدا ببێتەوە.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە.