دوای شەش مانگ لە راگرتنی بینینی یەكتری، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ڕێگەی داوە كەس و كاری گیراوەكان سەردانی گرتووخانە چاكسازییەكان بكەن.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای راگرتنی نزیکەی شەش مانگ لە سەردانیکردنی کەسوکاری بەندکراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆلای بەندکراوەکانیان رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠٢٠/٩/٨ بە فەرمی سەردانیکردن بۆ کەسوکاری بەندکراوەکان کرایەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، سەردانیکردنی کەسوکاری بەندکراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو رینماییانە دەبێت کە لە لایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەرکراون لەگەڵ پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوە دراوە کە رۆژانە ١٠٠ بەندکراو دەتوانن کەسوکاریان سەردانیان بکەن و بۆ هەر بەندکراوێک سێ کەس رێگە پێدراوە بێتەلای بەمەرجی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیەکان بە بەستنی ماسک و دەستکێش.
جێی ئاماژەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەمانگی ئاداری رابردووەوە سەردانیکردنی کەسوکاری بەندکراوانی لە چاکسازییەکان قەدەغەکردبوو.