بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێـت: وەڵامەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان باوەڕپێكراو نەبوون و كەموكوڕی زۆری تێدابوو.
سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی ڕایگەیاند: وەك ئاشكرایە پێشتر 23 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان داوای پرساندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و ئابوریمان كرد لەسەر لێبڕینی مووچە كە بڕیارێكی نایاسایی بوو، بەڵام نەهاتنیان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان شكاندنی یاسا بوو.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لەبەر ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و ئابوری ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوون و بە ڕاپۆرت وەڵامی پرساندنەكەیان داوەتەوە، ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو بایكۆتی كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانمان كرد.
ووتیشی: وەڵامەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و ئابوری هەمان وەڵامەكانی پێشوو بوو كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی ئامادەی كۆبونەوەیەكی پەرلەمان بوون، بەڵام وەڵامەكان كەموكوڕی تێدابوو، وە جێگەی متمانەی ئێمەنەبوو دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان بێ سوود بوو.
جێگەی باسە دوێنێ سێ شەممە، پەرلەمانی كوردستان بۆ پرساندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و ئابوری كۆبویەوەو لەگەڵ ئەوەی ئامادەی كۆبونەوەكە نەبون و بە ڕاپۆرت وەڵامی پرساندنەكە درایەوە، بە دەنگی 81 پەرلەمانتار پرساندنەكە داخرا و متمانە بە وەڵامەكان كرا.