ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە تێیدا وەزارەتی شەھیدان وئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە پرۆسەی چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتەكان.
بەگوێرەی راگەیەنراوی فەرمی حکومەت، لە کۆبونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بابەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد UNITAD ) خستەڕوو.
لە تەوەری دووەمی کۆبونەوەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕەشنوسی پڕۆژەی تایبەت بە دوو پەیڕەوی خستەڕوو، کە بریتیبون لە (پەیڕەوی ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان) و ( پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان)..
هەر لە كۆبوونەوەكە وەزارەتی کاروباری شەھیدان وئەنفالکراوانی ڕاسپێردرا کە درێژە بە پرۆسەی چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتانە وجەختکرایەوە لە پاراستنی ماف وئیمتیازاتی ئەوانەی شایستەی وەرگرتنی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەن.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن، لە ڕوی مەبدەئیەوە هەردو پەیڕەوەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینی وسەرنجانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕوو.