سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، حکومەتى هەرێم وەڵامى داواى پەرلەمانى نەداوەتەوە بۆ بەشداربوونى لە دانیشتنى پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لێبڕینى موچە، جەختیشیکردەوە هەڵوەشاندنەوەى حکومەت پەیوەستە بە بڕیارى زۆرینەى پەرلەمانییەوە.
لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا بەشێک لە پەرلەمانتاران جەختیان کردەوە لەسەر پێویستى ئامادەبوونى حکومەت لەکۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنى پرسی لێبڕینى موچە.
لەوەڵامى ئەو قسانەدا رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاند، داواکارییەکانیان لەو بارەیەوە پشتگوێنەخستووە و ئاڕاستەى حکومەتیان کردووە.
وتیشى بەبێ ئامادەبوونى حکومەت تاوتوێکردنى ئەو پرسە بەرهەمى نابێت، بەڵام حکومەت نە وەڵامى داواکەیانى داوەتەوە نە داواى درێژکردنەوەى وادەکەى کردووە بۆ ئامادەبوونى لە دانیشتنەکە.
رێواز فایەق لە پەرلەمانی كوردستان وتی :"خۆ من پۆلیس نیم بچم حکومەت بهێنم بۆ پەرلەمان..کابینەى نوێیەم لەناو پەرلەماندا زۆرینەیەکى پەرلەمانى هەیە تا ئەو زۆرینەیە بڕیارنەدا هەڵناوەشێتەوە ئیتر با یەکترى بریندار نەکەین لەو بارەیەوە".