وەزیرێكی هەرێم وەڵامی پەیجەكان دەداتەوە
كوردی عربي English

News SPORT OPINION INTERVIEWS PHOTO GALLERY VIDEO GALLERY ABOUT
x

وەزیرێكی هەرێم وەڵامی پەیجەكان دەداتەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێکە کۆمەڵێک سایت و پەیجی فەیسبوک بۆ چەواشەکاری هەواڵی ناراست و بێ بنەما و بوختانی ئاڕاستە دەکەن، ئەوەش بە دژایەتییەک بۆ کارە گرنگەکانی خۆی دەزانێت.

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێکە کۆمەڵێک سایت و پەیجی فەیسبوک کە خاوەنەکانیان دەیان ساڵە بەهۆی پێگەکانیانەوە خەریکی دزی و گەندەڵی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەن، بۆ چەواشەکاری هەواڵی ناراست و بێ بنەما و بوختان ئاراستەی ئێمە دەکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەک هەمووان دەزانن، ئەرکی ئێمە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی کوردستانە بەبێ جیاوازی، ئەوانیش ئێستا بەدرۆ و بوختان دەیانەوێت ئەو خزمەتکردنەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە لەماوەی ساڵێک و 10 مانگی رابردوودا پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە، ناشرین بکەن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەوان درۆ و دراوەکانیان روون و ئاشکرابوە و دەزانین کوێیان دێشێت، بەڵام ئێمە وەڵامی ئەو درۆ و بوختانانەیان بەهەوڵ و خزمەت و پڕۆژە بەردەوامەکانمان دەدەینەوە کە ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کاریان تێدا دەکرێت."

وەزیری گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم جەختیشیکردووەتەوە، "لێرەوە دوپاتی دەکەینەوە، ئەو بوختان و چەواشەکارییانە لە کاروانی ئاوەدانی نامانوەستێنێت و هەر لەو رۆژەوەی لە پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییمان خواردو بەڵێنمان بە خەڵکداوە، کە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان لێبڕاوانە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و سودی گشتی."

لە چەند ڕۆژی ڕآبردوودا لێدوانێک بەناوی دانا عەبدولکەریم بڵاوکرایەوە کە گوایە وتویەتی، ئەو ڕاگەیەنراوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر سزادراوانی بادینان بڵاویکردەوە گوزارشت لە ڕای گۆڕانیش دەکات.

In case you missed it