"حكومەتی هەرێم بڕوای بەلامەركەزیەت نیە" ( دیدار)
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

"حكومەتی هەرێم بڕوای بەلامەركەزیەت نیە" ( دیدار)

 

كوردیوـ سلێمانی
دیداری : نیاز فاروق


ڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمدا و ئاستی چاودێری كردنی دامەزراوە حكومیەكان و پرسی لامەركەزی بوونی دەسەڵاتەكان یەكێك بوون لە دروشمە باوەكانی هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەمەنانە، بۆ قسەكردن لەو بوارانە و چەند پرسێكی دیكە كوردیو دیدارێكی لەگەڵ (ئەندازیار: خەدیجە عەبدولجەبار) ئەندامی فراكسیۆنی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سازكرد.


كوردیو: ئەنجومەنی پارێزگاكان بە چ یاسایەك كاردەكات؟
خەدیجە عەبدولجەبار: ئەنجومەنی پارێزگاكان كار بە یاسای ژمارە (3 ) ی ساڵی 2009 دەكات كە بۆ یەكەمجارە ئەم یاسایە لەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەكاندا كاری پێدەكرێت.
كوردیو: تاچەند ئەو یاسایە ڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كارا و چالاك كردوە؟ ئێوەی ئەندامانی ئەنجومەن لێی ڕازین؟
خەدیجە عەبدولجەبار: ئەو یاسایەی كە ئێستا كاری پێدەكرێت لەگەڵ ئەوەی تاڕاددەیەكی باش دەسەڵاتی چاودێریكردنی دامەزراوە ئیداریەكانی داوە بە ئەنجومەنەكان بەڵام لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك كەموكورتی تێدایە وپێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە.
كوردیو: كەموكورتیەكان وەكو چی؟
خەدیجە عەبدولجەبار: پێكدادان لە نێوان یاسا كارپێكراوەكاندا هەیە لەلایەن دەزگاحكومیەكانەوە چونكە لە هەندێك بڕگەوبابەتدا هەمان ئەو دەسەڵاتە دراوە بە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەو فەرمانگە حكومیانەوە كە دراوە بە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەر ئەمەشە ڕۆڵی چاودێری كردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەسەر فەرمانگە حكومیەكانەوە لاوازكردوە.
كوردیو: ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە لە ڕوی قەیرانە ئابوری و سیاسیەوە تاچەند كاریگەری لەسەر ئەركەكانی ئێوە هەبووە؟
خەدیجە عەبدولجەبار: بە دڵنیاییەوە ئەنجومەنی پارێزگاكانیش لە كاریگەریە سلبیەكانی ئەو بارودوخە بەدەرنین بەڵام بەو كەموكورتیانەشەوە وسەرەڕای ئەو قەیرانە سیاسی و داراییەی لە هەرێمدا هەیە تواندراوە ئەوەی پێیكرابێت كردویەتی ئەگەر لە ئاستی پێویستیشدا نەبووبێت و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی ڕابردودا توانیویەتی حكومەتی هەرێم لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی و كەموكورتی پرۆژەكان ئاگاداربكاتەوە كۆمەڵێكیش بڕیاری گرنگیشی دەركردوە و چەندین بابەتی گەندەڵی و نایاسایی ئاڕاستەی داواكاری گشتی كردوە.
كوردیو: تاچەند دەسەڵاتی جێەبەجێكردن هەماهەنگە لەگەڵ ئەنجومەنەكان؟ ئایا كارتان بۆ لامەركەزی بوونی دەسەڵاتەكان كردوە؟
خەدیجە عەبدولجەبار : بەداخەوە لە بری ئەوەی دەسەڵاتی جێبە جێ كردن پێشوازی لە هەوڵی كارای ئەنجومەنەكان بكات بە پێچەوانەوە هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە لە قاڵبیان بدات و دەسەڵاەتەكانیان سنورداربكات تا ئێستا ڕێگەی نەداوە سیستمێكی میلاكاتی ئیداری حیساباتی خۆی هەبێت و لەگەڵ خواستەكانی ئەنجومەنەكاندا نیە و نایەوێت لامەركەزیەت لە حوكمڕانی پارێزگاكانداجێگیر بكرێت لەبەر ئەوەی بە كارابوونی ئەنجومەنەكان لامەركەزیەت دەچەسپێت و ئەمەش دەسەڵاتی مەركەز كەمدەكاتەوە.
كوردیو: چیتان پێیە بۆ هاوڵاتیان لە كاتێكدا فەرمانبەران و موچەخۆران لە بارێكی ناهەمواری ژیاندا گوزەر دەكەن؟
خەدیجە عەبدولجەبار: لەگەڵ ئەو لەمپەرانەی بۆ كارەكانمان دروستكراوە تاڕاددەیەك هاوڵاتیان بە چالاكیەكانمان دڵخۆشن و ئومێدیان بە ئەنجومەنەكانە چاودێرێكی باش بن بۆسەر ئەركی دامەزراوە حكومیەكان .
ئێمەش نیگەرانین لەو دۆخەی باڵی بەسەر هاوڵاتیاندا كێشاوە لە بڕینی موچە و گرفتەكانی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریەكانی دیكە و لە چەند ڕۆژی ئایندەشدا كۆبونەوەیەك سازدەكەین لە ئەنجومەن بۆ بەدواداچوونی دابینكردنی سوتەمەنی ( نەوت ) بۆ هاوڵاتیان چونكە لەماوەی ڕابردوداوەزارەتی سامانە سروشتیەكان ڕایگەیاندبوو كە پێویستە هاوڵاتیان خۆیان سوتەمەنی لە بازاڕی ڕەشدا پەیدا بكەن ، ئێمە بەڵێن دەدەین كە سووربین لەسەر بەدواداچوونی داواكاریەكانی خەڵك و لە خەمیاندا دەبین تاچەند پێمان بكرێت.
(ئەندازیار خەدیجە عەبدولجەبار لە هەڵبژاردنی 30-4-2014 ی ئەنجومەنی پارێزگاكانداوەك كاندیدی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان توانی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پاش پێكهێنانی فراكسیۆنی هاوبەش لەگەڵ فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كە ئێستا بە فراكسیۆنی ( خزمەت ) ناسراوە ، سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەیە لە ئەنجومەنەكە)

 

 

هه‌واڵی گرنگ