كوردیو - محمد عمر كانی
لەسەر بەدواداچوونی كەیسی ئەو بكوژەی كە گەنجێكی لەسەر فول لایت كوشت لەشاری هەولێر ، پۆلیسی ئەو شارە داوا لە كوردیو دەكات واز لەو بابەتە بهێنێت و بەڕێوبەری پۆلیسیش بە پێكەنینەوە بە هەواڵسازێكی كوردیو دەڵێت: ئەوە چۆن ئەو بابەتەتان لەبیرماوە .
درەنگانێكی شەوی 2016/5/2 لەسەر شەقامی 100مەتری و لە نزیك گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لەناو شاری هەولێر گەنجێكی تەمەن 26 ساڵ بەناوی بارزان رەشید لەگەڵ شوفێری ئۆتۆمبێلێكیتر لەسەر فول لایت لێدان دەبێتە دەمەقاڵیان و دواتر لەلایەن شوفێرەكەی بەرامبەریەوە سێ گوللـەی لێ دەدرێت و دەكوژرێت .
دوای ئەو ڕووداوەش لێكۆڵەرێكی دادیی ئاشكرایكرد: ئەو كەسەی لە شاری هەولێر، لەسەر لێدانی فول لایت گەنجێكی كوشت، پێشتر دوو كەسی تری كوشتووە .
كوردیو بۆ بەدواداچوونی پۆلیس لەسەر بكوژەكە پەیوەندی بە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر كردو ناوبراو ووتی: واز لەو بابەتە بهێنن، ئەو بكوژە هەڵاتوە تا دەستگیری نەكەین لێدوان نادەین .
كوردیو پەیوەندی بە لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر كردو ئاماژەی بەوەكرد: كە هەر كات زانیاریان دەست كەوت پۆلیسی ئەنتەرپولی لێ ئاگاداردەكەنەوە ، بەڵام لە ئێستادا هیچ زانیاریەك لەسەری بوونی نیە .
لەبارەی زانیاری ئەوەی لە چ ڕێگایەكەوە هەڵاتووە لەوەی لەڕێگای فرۆكەخانەوە بووە یان ڕێگاكانی قاچاغ و سنورەكان بووە ، بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر ووتی: هیچ زانیاریەك نیە .
م-ع-ك