ڕەنگدانەوە سەردانی شاندی باڵای یەكگرتوو لە میدیاكانی ئێرانەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕەنگدانەوە سەردانی شاندی باڵای یەكگرتوو لە میدیاكانی ئێرانەوە

كوردیو – هەولێر

هەفتەی رابردوو لەسەر بانگهێشتی كۆماری ئیسلامی ئێران شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەۆكایەتی ئەمینداری گشتی سەردانی ئەم وڵاتەی كرد و زنجیرە دیدارو چاوپێكەوتنێكی ئەنجامدا.

(مامۆستا سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئێران و لەدیداری گەورە بەرپرسانی ئەو ووڵاتە جەختی لەگرنگی پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان كردەوە.


لە تارانی پایتەختی ئێران ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دیمانەیەكی لەگەڵ ماڵپەری عەرەبی (وەقت) كردو باسی لەقەیران و كێشەكانی جیهانی ئیسلامی بەگشتی كردو تیشكیشكی خستە سەر چەند پرسێكی هەرێمی كوردستان.


ئەمینداری گشتی لەبارەی كێشەكانی ئێستای جیهانی ئیسلامی گوتی:" ئاساییە كە مرۆڤەكان جیاوازی هزری و عەقیدەییان ببێت، بەڵام كێشەی كار لەوەدایە كە ئەم ناكۆكیانە چۆن ئیدارە بكرێت؟ بە گفتوگۆ، بە شەڕ، بە خوێن ڕشتن، یان .... بە هەر حاڵ ناكۆكییەكانی ئێستا لەنێو ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ڕەنگە سەرچاوەی لە دەستێوەردانی بیانی یان هۆكاری ناوخۆییەوە گرتبێت، كەواتە چارەسەری ئەم كێشانە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماو شارستانییەتی ئیسلامی و مرۆڤی، چونكە شارستانیەت وەدەستهاتووە لە ئەقڵی مرۆڤی و ئەزموون و كۆمەڵێك بنەما كە بە درێژایی مێژوو لە پێغەمبەرانەوە وەریان گرتووەو لە ئێستادا خۆی لە فەرهەنگ و داب و نەریتدا جێ كردۆتەوە، واتە ئایین و شارستانییەت چارەسەری كێشەكانی مرۆڤە، هەر بۆیە دەوڵەتەكان دەبێ بگەڕێنەوە بۆ بنەمای ئەخلاقی، یاسایی و ئایینی خۆیان، لەم پێناوەدا زانایان دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ئەركی خۆیان لە پێناو بانگەشەی ئیسلامی – ئەخلاقی و مرۆڤی و ئەم خاڵانە بۆ خەڵك ڕوونبكەنەوە، مامۆستایان دەبێ ئامۆژگاری دەوڵەتەكان بكەن كە دەست لە شەڕو ناكۆكی هەڵگرن، ئەگەرچی زۆرجار سەرۆكی دەوڵەتەكان دەیانەوێت زانایان بە شێوەی مامۆستایانی سەر بە حكومەتەكان بن، بەڵام دەبێ مامۆستایان هۆشیاربن كە لە مامۆستای خەڵكیەوە نەبنە مامۆستای حكومەت، چونكە ئەگەر وابێت ڕۆڵی زانایان ڕاستەقینە نابێت.

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەباسی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و قەیرانەكان گوتی، كێشە ئابووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان دوو هۆكاری جیاوازی هەیە؛ هۆكاری ناوخۆیی و هۆكاری دەرەكی؛ هۆكارە ناوخۆییەكانی پەیوەندی هەیە بە دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی بودجەی هەرێمی كوردستان بە هۆی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدا كە لە دەسەڵاتی هەولێر بەدەرە، هاوكاتیش دەبێت بەرەنگاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئابووری خراپ، گەندەڵی دارایی بكات.
دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دەڵێ‌:" بێگومان دەبێ پەیوەندی ئێران و هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باڵادا بەردەوام بێت و ئەگەر پرس و كێشەیەكیش ببێت، دەبێ هەوڵبدەین لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەری بكەین" لە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئەمنیداری گشتی گوتی: ئێران و هەرێمی كوردستان پێویستیان بەیەكترە، بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگەو ئەمە پێویستییەكی بەرامبەرە كە ئاسایشی هەركام ئاسایشی ئەوی تر دابین دەكات، لە ئێستاشدا كێشەیان نییە".

ئاژانسی تەسنیم نووسیویەتی، هەر لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئێران، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باس لەوە دەكات كە لە ئێستادا دووبەرەكی و ناكۆكی هەیە لە نێوان كوردەكان، سوننەو شیعەكانی عێراقدا.


مامۆستا سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین، لەشاری تاران چاوی كەوت بە عەلی ئەكبەر ویلایەتی ڕاوێژكاری باڵای رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران.


ئەمینداری گشتی یەكگرتوو گوتی:" لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تاكو ئێستا ئێمە ڕۆڵی ئیجابی ئێران لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای یەكڕیزی دەبینین".
ئەمینداری دەڵی:" چاوەڕوان دەكەین ئەم ڕۆڵە هەروا بەردەوام بێت و ئێران وەك چاوێكی هۆشیارە لەسەر بارودۆخی عێراق و بە تایبەت هەرێمی كوردستان و هەروەها پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا".
ئاژانسی تەسنیم دەڵێت: ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەشی بەوەدا كە كێشەكانی ناوچەكە كە كێشەی گشتییە، لەوانە دووبەرەكی و جیایی نێوان موسڵمانان كە چاوەڕوان دەكرێت هەموان بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە یارمەتیدەر بن و كۆماری ئیسلامیش وەك چاودێر، سەرپەرشت و پشتیوانی پڕۆژەی ئیسلامی بێت كە یەكگرتوویی و یەكپارچەیی موسڵمانانە.
لەلایەن خۆشیەوە ئاژانسی ئێرنای ئێرانی نووسیویەتی، ( مامۆستا سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتوو راشیگەیاند، لەئێستادا دۆخی عێراق بە شێوەیەكە كە دووبەرەكی و ناكۆكی زۆر لە نێوان كوردەكان، سوننەو شیعەكاندا هەیەو دۆخێكی شڵەژاوی هێناوەتە ئاراوە.
باسیشی لەوەكردووە، كە كورد، سوننەكان و شیعەكان هەر كامەو كێشەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و گەڕانەوە بۆ ئیسلام دەتوانین ئەم قۆناغە تەواو بكەین و دەرگاكان بەڕووی دوژمندا دابخەین.
هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا پۆلێن بەندی نوێ لەسەر ئیسلام دەكرێت واتا ئێستا ئیسلامێكی راستەقینەمان هەیەو شتێك كە ناونراوە ئیسلام كە ئەركی كۆماری ئیسلامی ئێران و بزاڤە ئیسلامییەكان ئەمەیە ئەم پۆلێن بەندییانە لە ناوچەكە بسڕنەوەو بگەڕێنەوە بۆ قورئان و سوننەت.
ئاژانسی تەقریب نیوز نووسیویەتی، لەلایەن خۆیەوە عەلی ئەكبەر ویلایەتی رایگەیاند:" دابەشكردنی عێراق بە سێ بەشی سوننە، شیعەو كورد بە پێچەوانەی سیاسەتەكانی گەل و دەوڵەتی عێراقەو دەبێ هەموو لایەنەكان هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی یەكڕیزی ووڵات".
هەروەها هەر لەچوارچێوەی سەردانەكەیاندا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری تاران ئەمینداری گشتی و شاندی باڵای یاوەری چاویان كەوت بە عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانی و لەدیدارێكدا باسیان لەچەندین پرسی ناوچەكە كرد.
بەپێی راپۆرتە هەواڵێكی ماڵپەری ئەفكار نیوز، لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران لە دیداری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەختی لەوەكردەوە كە یەكێك لە ڕێگەكانی سەقامگیری عێراق، كەمبوونەوەی ناكۆكییەكانە لەناو هەرێمی كوردستان و هاوكاری لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیە.
هەروەها عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی لەدیداری لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین رایگەیاند: یەكگرتوویی عێراق و ئاسایشی بەردەوام لەوێدا بۆ ئێمە گرینگیەتی خۆی هەیە.
وتیشی: هەر بەم بۆنەوە لە سەرەتای دەسپێكی دەوڵەتی نوێی عێراق هەوڵمان داوە كە ئەو ووڵاتە بەرەو لای حكومەتێكی سەقامگیرو دیموكرات بڕوات و بە پاراستنی یەكپارچەیی نێوان موسڵمانانی شیعەو سوننە لە قەیرانی داعش بپەڕێتەوە.
ئاژانسی ئیسنا لەزاری لاریجانی بڵاویكردۆتەوە: هەندێك لە گروپە ئیسلامییەكان لە ژێر ئاڵای ئیسلامدان، بەڵام لەگەڵ خۆرئاوا پەیمانی دۆستایەتیان بەستووە كە ئەمە جێگەی پرسیارە.

 

هه‌واڵی گرنگ