لە پێنج حاڵەتەدا ئێرباگ كارناكات، لەكوردیو بیزانە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە پێنج حاڵەتەدا ئێرباگ كارناكات، لەكوردیو بیزانە

 

ئێرباگ بەشێكی سەرەكی‌و گرنگی سیستمی سەلامەتی ئۆتۆمبێلە، كە شۆفێر‌و سەرنشینەكان لەكاتی لێدان‌و ڕووداوەكانی هاتوچۆ دەپارێزێت، ئێرباگیش بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك كاردەكات لەڕێگەی هەستەوەرەوە، كاتێك ئۆتۆمبێل ڕووبەڕووی مەترسی‌و ڕووداوی هاتوچۆ دەبێتەوە ئەم ئێرباگانە دەكرێنەوە‌و شۆفێر‌و سەرنشینەكانی ئۆتۆمبێل، لەزەبری لێدان‌و بەركەوتن دەپارێزن.

 

بەوتەی شارەزایان، پێویستە شۆفێر‌و سەرنشینەكان هەمیشە پشتێنی سەلامەتی ببەستن، لەبەرئەوەی لەئەگەری تەقینی ئێرباگ لەكاتی ڕووداوەكاندا‌و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتیدا، هەندێك لەئێسكی جەستە ڕووبەڕووی ئازارێكی زۆر دەبنەوە، هاوكات ئامۆژكاری شۆفێران دەكەن كە هەمیشە ماوەی (25)سانتیمەتر لەنێوان جەستەیان‌و سوكان‌و ئەو بەشانەی ئۆتۆمبێل بهێڵنەوە كە ئێرباگیان تێدایە.

 

بەڵام پێنج حاڵەت هەن كە لەكاتی ڕووداوەكانی هاتوچۆدا، ئێرباگ تێیاندا ناتەقیت‌و كارا نابێت كە بریتین لە: -


1 كاتێك ئۆتۆمبێل لەدواوە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ببێت، بەشێوەكی گشتی زۆربەی ڕەهای ئۆتۆمبێلەكان، هەستەوەری تایبەت بەسیستمی ئێرباگ لەپاشەوەیاندا نییە، بۆیە كاتێك ئۆتۆمبێل لەدواوە دووچاری لێدان‌و ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت، ئێرباگ ناتەقێت‌و كارا نابێت، هاوكات لەحاڵەتێكی دیكەدا ئێرباگ لەكاتی ڕووداوی هاتوچۆدا كارناكات، ئەوەیش كاتێك ئۆتۆمبێل بەر ستون‌و دار دەكەوێت، لەبەرئەوەی چەقی بەركەوتنەكە لەیەك خاڵدا كۆدەبێتەوە، كە پێدەچێت هەستەوەری سیستمی ئێرباگی تێدا نەبێت.
2 پێكدادان لەكاتی خلیسكان‌و لادان لەڕێڕەو‌و كۆنترۆڵ لەدەستداندا، لەو حاڵەتانەدا زۆربەی كات هەستەوەرەكان كارناكەن‌و تەنی بەركەوتوو دیاری ناكەن، بەو هۆیەوە ئێرباگەكە لەكاتی ڕووداوی هاتوچۆدا ناكرێنەوە.
3 لەكاتی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلدا ئێرباگەكان ئەوانەی پێشەوە‌و لاتەنیشتەكان كارناكەن‌و شۆفێر‌و سەرنشینەكان لەئەگەر وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلدا ناپارێزن.
4 لەكاتی ئیستۆپگرتنی توندا: لەو حاڵەتدا پێشەوەی ئۆتۆمبێل بەهۆی ئیستۆپگرتنەكەوە نزم دەبێتەوە‌و هەستەوەرەكان لەو حاڵەتەدا ناتوانن تەنەكان‌و مەترسیەكان دیاری بكەن، بەو هۆیەوە لەئەگەری ڕووداوی هاتوچۆدا ئێرپاگ ناكرێتەوە.
5 بوونی شەپۆلی ئامێرە ئەلكترۆنیەكان كە بەشێوەی واریەلێس كاردەكەن، تەشویش لەسەر هەستەوەرەكان دروستدەكەن‌و لەئەگەری ڕووداوەكانی هاتوچۆدا، ئەو هەستەوەرانە بەو هۆیەوە ناتوانن فەرمان بەئێرباگەكان بكەن بكرێنەوە.

 

 

 

 

 

 

 


ئامادەكردنی: فوئاد هەورامی

 

هه‌واڵی گرنگ