شارەزایەكی بواری تەكنەلۆجیا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە ، بۆچی كۆمپانیاكان لەگەڵ ئەوەی رەخنەیەكی زۆریان لێدەگیرێت لەلایەن بەكارهێنەرانەوە بەڵام خێرایی ئینتەرنێت زیاد ناكەن؟
ئەمە وەڵامی شارەزایەكی بواری تەكنەلۆجیایە:
پرسیارێك لە مێشكی زۆرینەتان دایە ، بۆچی كۆمپانیاكان
خێرایی ئینتەرنێت زیاد ناكەن ؟
لەوەتەی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان هەیە ، بەكارهێنەری كورد ئیسراحەتی نەكردیە لە دەستیان ، هەر ڕۆژە و كۆمپانیایەك ، هەر ڕۆژە لە ژێر ناوی ئامێرێكی وا فای ، هەر ڕۆژە و لە ژێر ناوی كۆمپانیایەكی نوێ،لە بنەڕەتیشدا جگە لە قۆڵبرین شتەكی نوێ نیە ...
با بچینە ناو بابەتەكەی خۆمان ، دیارە چەند ڕۆژێكە خەڵك داوادەكات كە خێرایی ئینتەرنێت زیاد بكرێت ، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ، كە ئایا كۆمپانیاكان دەتوانن ئەو كارە بكەن یان نا؟
دەمەوێت به زمانێكی زۆر سادە بۆتان روون بكەمەوە ، نەوەك بە زمانێكی زانستی قورس، هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان هەن كە دابینكەری هێڵی ئینتەرنێتن (ISP)، قەبارەیەكی دیاریكراوی پاكێجی ئینتەرنێتیان هەیە ،
هاوشێوەی ئێمەی بەكارهێنەر.
بە شێوەیەكی گشتی ئەو كۆمپانیایانە یان لە ئێرانەوە یان لە توركیایەوە هێڵی ئینتەرنێتیان ڕاكێشاوە بە قەبارە و پاكێجی دیاری كراوەوە .
بۆ نمونە كۆمپانیایەك خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دەداتە خەڵكی، قەبارەی (bandwidth)ەكەی ١ گێگابتە ،وە خێرایی ئینتەرنێت بە مێگابت لە چركەدا (Mbps)دەپێورێت، بۆ نمونە كۆمپانیایەك ڕێكلام دەكات و دەڵێت خێرایی هێلەكەمان ١٠٠ مێگابتە لە چركەیەكدا، لەوكاتەدا دەبێت كۆمپانیا ئەو خێراییە دابەشی ١٠ بەشداربوو بكات ، بەڵام ئەو دابەشی ١٠٠ یان ٢٠٠ بەشداربووی دەكات ، بۆیە هەندێك جار خێرایی ئینتەرنێتەكەت دەگاتە ١٠٠ مێگابت و هەندێك جاریش ئەوەندە دادەبەزێت كە دەبێتە كەمتر لە ١ مێگا بت .
لەگەڵ ڕێزم ، بەڵام ئەوە ئەوپەری جەهالەت و قۆڵبرینە ، هێڵی ئینتەرنێت پاش ١٢ و ١ ی شەو خێراییەكەی زیاد بكات ، بەڵام بە ڕۆژ نەتوانی سەیری ڤیدیۆیەك بكەیت ، لە خۆت پرسیوە بۆ؟قابیلە خۆ ئینتەرنێت بە ڕۆژ ئیش ناكات و بەشەو بخەوێت ، بەڵكو ئەوەیە بەشەو زۆرینەی خەڵك دەخەوێت ، بۆئەمەش زەخت (load) لەسەر خەتەكە نامێنێت ، بۆیە ئینتەرنێتەكەت خێرا دەبێت .
دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم ، لێرەدا و لە ستانداردی جیهانی و بە شێوەیەكی گشتی ٢ جۆر بەشداریكردن هەیە لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، یەكەمیان ئەوەیە ئینتەرنێتەكەت هاوبەش بێت یان شەیرد (ISB) ، واتە دەكرێت هەندێك جار هێلەكەت خێرا بێت و هەندێك جار هێواش بێت ، وە جۆری دووەم كە زیاتر لە ئینتەرنێتی ماڵانە و بە ووتەی خۆیان دیدیكەیتە (DIB) و لەو حاڵەتەدا كە نابیت ئینتەرنێتەكەت بە هیچ شێوەیەك خێراییەكەی كەم بكات .
جا قسە خۆشەكە ئەوەیە ، ئەو هەموو كۆمپانیایە(زۆربەیان) چەندین ساڵە قۆڵبڕی دەكەن و ڕێكلام بۆ خزمەتگوزاریەكەیان دەكەن كە ئەوەندە مێگا بتەیە و لە جۆری دیدیكەیتە ، بەڵام زۆربەی درۆیە و دوورە لە ڕاستیەوە ،وە نەم بینوە ڕۆژێك لە ڕۆژان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەرامبەر ئەو فێلكردن و ڕێكلامە درۆینەیە هیچ كام لە كۆمپانیاكان سزا بدات .
كورت و پوخت و لە كۆتاییدا ، خۆتان ماندوو مەكەن بۆ خێراكردنی هێلی ئینتەرنێتەكانتان ، لەبەر ئەوەی ژمارەی بەشداربوان زۆر زۆر زۆر لەوە زیاترە لە قەبارەی راستەقینە و ڕێگە پێدراوی كۆمپانیا ، گەر كۆمپانیا بۆی هەبێت ١٠٠ بەشداربووی هەبێت ، ئەو فرۆشتویەتی بە ١٠٠٠ كەس ،بۆیە دەكرێت جار جارە لە ژێر پاڵەپەستۆی بەشداربوان هەندێك خێراییەكەی زیاد بكات ، بەلام دواتر دەیگەڕینیتەوە شوێنی خۆی، ئەگەر بە تەواوی زیادی بكات ، دەبێت ئەویش پارەی زیاتر بداتە كۆمپانیاكانی ئێران یان توركیا....
هیوادارم ئێستاش نەبێت ، دوای ئەم پەتا و ڤایرۆسە ، كەمپینێك پێكبهێندرێت دژی ئەو كۆمپانیایانەی كە فێل لە بەشداربوان دەكەن .
لە كۆتاییدا ٢ تێبینی :
یەكەم: هەندێك كۆمپانیا هەن ئینتەرنێتەكەیان زۆر باشە و بێ كێشەیە ، بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتە ڕێكلام بۆیە ناوم نەهێناون .
دووەم : بە شێوەیەكی گشتی ، هێڵی ئینتەرنێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی خێراتر و باشترە وەك لە سنووری پارێزگای هەولێر
ئەندام عومەر
ماستەر لە ئەندازیاری كۆمپیوتەر