لەڕەمەزاندا چۆن شۆفێریی بكەین؟ لەكوردیو بیزانە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەڕەمەزاندا چۆن شۆفێریی بكەین؟ لەكوردیو بیزانە

 

توێژینەوەكان ئەوەیان پشتڕاستكردووەتەوە، ڕۆژو كاریگەریی لەسەر جەستەی مرۆڤ دەبێت‌و وادەكات شۆفێر، تەركیزی كەمدەبێتەوە‌و هەست بەماندویی‌و خەواڵویی‌و شپرزەیی‌و توڕەیی دەكات، ئەمەش كاریگەریی لەسەر شۆفێریكردن دەبێت‌و ئەگەری ڕووداوی هاتوچۆ زیاد دەكات، بۆیە ئێمە چۆن كاتێك بەڕۆژو بین‌و شۆفێریی بكەن؟.

 

دامەزراوەی تایبەت بەكاروباری شۆفێران‌و بەكارهێنەرانی ڕێگەوبانی قەتەر بڵاویكردەوە، باشترین ڕێنمایی بۆ شۆفێران‌و بەكارهێنەرانی ڕێگەوبان لەمانگی ڕەمەزاندا ئەوەیە، كە لەكاتی شۆفێرییدا زیاتر بەئارام بن‌و وریابن، لەبەرئەوەی بەگوێرەی توێژینەوەكان ڕۆژو كاریگەریی لەسەر جەستەی كەسی شۆفێر دەبێت‌و تووشی خەواڵویی‌و ماندوبوونی دەكات‌و تەركیزی كەمدەكاتەوە.


شارەزایان ئامۆژگاری شۆفێران دەكەن لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، هەرگیز تیژڕەوی نەكەن‌و وریا بن، بۆئەوەی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ نەبن‌و هۆكارەكانی سەلامەتی بەتایبەتی پشتێنی سەلامەتی بەكاربهێنن.


لەهەمان كاتدا شارەزایان ئامۆژگاری شۆفێران دەكەن، لەكاتی شۆفێرییدا خۆیان بەدوور بگرن لەو هۆكارانەی كە سەرنج‌و تەركیز لەكاتی لێخوڕیندا كەمدەكەنەوە لەوانە، بەكارهێنانی مۆبایل‌و هیدفۆن‌و ڕادیۆ‌و گوێگرتن لەمیوزك.


دامەزراوەی تایبەت بەكاروباری شۆفێران‌و بەكارهێنەرانی ڕێگەوبانی قەتەر ئاماژەی بەخاڵێكی گرنگ كردووە، ئەویش ئەوەیە، كە زۆرێك لەشۆفێران پێش بانگی ئێواران‌و ڕۆژوكردنەوە، بەخێرایی زۆر دەڕۆن‌و سەرپێچی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ دەكەن‌و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە بۆئەوەی لەكاتی گونجاودا بگەنە ماڵەوە، ئەمەش ئەگەری مەترسی ڕووداوی هاتوچۆی لێدەكەوێتەوە.


كاتێك مرۆڤ بەڕۆژو دەبێت‌و دەست لەخواردن‌و خواردنەوە هەڵئەگرێت، ڕێژەی شەكر لەخوێندا كەمدەكاتەوە‌و جەستە تووشی وشكبوونەوە دەبێت‌و ئەمەش هەستی ماندوبوون‌و كەمبوونەوەی تەركیز‌و گێژكەوتن لەلای كەسی شۆفێر دروستدەكات، ئەمەش ئەوە لەشۆفێر دەخوازێت لەسەرخۆ بێت‌و هەرگیز تیژڕەوی نەكات.


هاوكات شارەزایان ئامۆژگاری شۆفێران دەكەن، بەتایبەتی لەمانگی ڕەمەزاندا خۆیان لەهەڵچوون‌و توڕەبوون لەكاتی شۆفێرییدا بەدووربگرن‌و نەكەونە كێبڕكێ‌‌و مشتومڕ لەگەڵ شۆفێران.


كەمبوونەوەی تەركیز‌و هەستی ماندوبوون‌و هیلاكی كاریگەریی دەبێت لەسەر شۆفێر، پێدەچێت لەهەندێك حاڵەتەدا هێماكان‌و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بەڕوونی نابینێت، هاوكات شارەزایان خاڵێكی دیكە دەخەنەڕوو، تایبەت بەمانگی ڕەمەزان‌و شۆفێریكردن، ئەویش ئەوەیە كاتێك مرۆڤ ڕۆژو دەكاتەوە‌و بڕێكی زۆر خواردن‌و خواردنەوە دەخۆن، هەستی هیلاكی‌و ماندوبوون‌و خەواڵویی لەلایی شۆفێر دروستدەكات.


لەكۆتاییدا شارەزایان ڕێنمایی شۆفێران دەكەن، لەمانگی ڕەمەزاندا بەخێرایی خۆیان بگونجێنن‌و كاتی پێویست بخەون‌و خواردنی هاوشەنگ بخۆن، هاوكات بەوریاییە شۆفێریی بكەن‌و هەرگیز تیژڕەوی نەكەن.

 

 

 

ئامادەكردنی: فوئاد هەورامی

 

هه‌واڵی گرنگ