باشترین سەوزەكان چییە بۆ داخوران و ئازاری جومگەكان ؟ لە كوردیو بیزانە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

باشترین سەوزەكان چییە بۆ داخوران و ئازاری جومگەكان ؟ لە كوردیو بیزانە

 


لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری ئازاری لەش بەھۆی داخوران و ھەوكردنی جومگەكانی لەشەوەیە، و بەپێی توێژینەوەیەك لە ووڵاتێكی وەكو بەریتانیا، ساڵانە (١٠)ملیۆن كەس بەدەست داخوران و ھەوكردنی جومگەكان دەناڵێنن .
لێرەدا پێم باشە كەمێك باس لەو سەوزانە بكەم كەدەتوانیت زیادی بكەیت بۆ ژەمە خۆراكیەكانتان ، كەھەم لەڕووی بەھای خۆراكییەوە بەسوودن و ھەم لەڕووی مادییەوە نرخیان گونجاوەو ھەموو خێزانێك دەتوانێت بیان كڕێت و لەھەمووشی گرنگتر ئەوەیە جومگەكان دەپارێزن لە داخوران و ھەوكردن .
گرنگترین سەوزەكان كە دەتوانیت ڕۆژانە بیكڕیت ئەمانەن سەوزە گەڵا تۆخەكان :

وەكو برۆكۆلی ، سپێناخ، كەلەرم ، قەرنابیت، سڵق..ھتد، ئەمانە ڕێژەیەكی زۆر دژە ئۆكسیدیان تیادایە وەكو ڤیتامین ئەی (A) و سی (C) و كەی (K) كە خانەكانی لەشی مرۆڤ دەپارێزن لە ماددەی زیانبەخشی فری ڕادیكاڵ (free radical) ، كەلەئەنجامی تێكشكاندنی خۆراك لە لەشدا دروست دەبن . ھەروەھا ئەم خۆراكانە،ڕێژەیەكی زۆریش كالسیۆمیان تیادایە كە ئێسك دەپارێزن .ھەروەھا برۆكۆلی و كەلەرم و ئەوخێزانە لەسەوزەوات، ماددەی (سولفارافۆن)ی تیادایە كە ھەوكردنی جومگەكان كەمدەكاتەوەو كركڕاگە دەپارێزێت .

پەتاتەی شیرین ، گوێزەر ، كولەكەی گەورەی پرتەقاڵی (سكواش) :
ئەم سەوزەو ڕووەكە ڕەنگ پرتەقاڵی و سورباوانە، ڕەنگەكەیان لە ماددەی كاراتینۆیدی وەك : " بێتا_كریپتۆ_كسانسین" سەرچاوەی گرتووە ، كە توێژینەوەكان سەلماندویانە كاریگەری ھەیە لە كەمكردنەوەو دواخستنی داخورانی جومگەكان . ھەروەھا ڕێژەیەكی زۆر لە دژە ئۆكسیدیان تیادایە كەھەوكردن كەمدەكەنەوە .

بیبەری سەوز ، بیبەری سوور :
بیبەر بەھەموو ڕەنگەكانیەوە، ئەگەر شیرین بن یاخود توون . سەرچاوەیەكی گرنگی ڤیتامین سی (c)ن كە ئێسك و كركڕاگە دەپارێزێت و ئەگەر ڕۆژانە كەمتر لە( ٧٥) ملگم بۆ ژن و( ٩٠) ملگم بۆ پیاو وەربگیرێت ، ئەوە ترسی توشبوون بە داخوران زیاد دەكات . ڕۆژانە نیو قاپ بیبەری سوور بڕی تەواوت دەداتێ لە ڤیتامین سی .

پیاز ، سیر ، كەوەر ، پیازی سوور ، تەڕەپیاز :
ڕێژەیەكی زۆر دژە ئۆكسیدیان تیادایە بەناوی (كیورستین)، كەھەوكردنی جومگەكان كەمدەكەنەوە . ھەروەھا ماددەی ( دایئەلیل دایسەلفین)ی تیادایەكەئەو ئەنزیمانە كەمدەكاتەوە كە كركڕاگە دەشكێنن .

زەیتوون :
زەیتون خۆیی یاخود زەیتەكەی دژەھەوكەرێكی زۆر باشن، ئەو زەیتەی لەزەیتوونی تازە پێگەشتوو وەردەگیرێت، ماددەی (ئۆلیكانتۆڵ ) ی تیادایە كە دژە ھەوكردنێكی سروشتییە كە ھاوشێوەی ئازارشكێنی (ئیبۆپرۆفین) كاردەكات.

- تەماتە ، باینجان ، پەتاتە كە پێیان دەوترێت (night shade vegitable):
هەندێك توێژینەوە دەڵێن كە ئەم جۆرە سەوزەواتانە ماددەی (سۆلانین)ی تیایە كەلەوانەیە هەوكردن زیاد بكات لەجومگەكاندا . هەندێكیش دەڵێن لەبەر پێكهاتە خۆراكییەكەی گرنگە لە ژەمە خۆراكییەكاندا . یەكێك لە پسپۆڕەكانی خۆراك دەڵێت باشترین ڕێگا ئەوەیە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ژەمە خۆراكییەكانتدا كەمیكەرەوە و دوای دوو هەفتە زیادیبكەرەوە ، ئەگەر هەستت كرد ئازاری جومگەت بۆ پەیابوو ئەوا هەوڵبدە دوور بكەوەرەوە یاخود كەمیبكەرەوە خواردنی .

تێبینی : چۆنیەتی ئامادەكردن و لێنانی سەوزە گرنگی زۆری ھەیە ، ھەمیشە باشترە بەشێوەی فرێش یاخود لەزەڵاتەدا بخورێت، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە نەخورا باشترین ڕێگا لێنانێتی بەشێوەی ھەڵمكردن وەك لە كوڵان و سوركردنەوە . ئەگەر بە ڕێگای كوڵانیش ئامادەكرا باشترە ئاوی كەمی تێبكرێت بۆ ئەوەی ڤیتامین و دژە ئۆكسیدەكان ھەمووی نەچنە دەرەوە بۆ ئاوەكە. ھەروەھا زۆر مەیكوڵێنە و ھەوڵ دە بەسەوزی بیھێڵیتەوە .
لەكاتی سوركردنەوەدا ئەو تاوانە بەكاربێنە كە ڕۆن و زەیتیان كەمدەوێت و قوڵ نین . و باشترە كەوچكێك یان دوو كەوچك زەیتی زەیتون بەكاربێنە بۆ زیادكردنی ماددەی ئۆلیكانتۆل بۆ سەوزەكە .

 

 

 

د. ھەڤین كەمال شاە محەمەد
پسپۆڕی بێھۆشكاری و ئازارشكاندن

هه‌واڵی گرنگ