سلێمانی... 145 شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بەڕێنماییەكان داخران
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سلێمانی... 145 شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بەڕێنماییەكان داخران

 

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی، ئاماری كارو چالاكیی مانگی رابردوی خۆی بڵاودەكاتەوە، كه بەهۆی پابەندنەبون بە مەرجەكانی تەندروستی و رێكارەكانی خۆپارێزی‌ (145) شوێنیان داخستوە و زیاتر لە (40) تۆن خۆراك و مادەی ماوەبەسەرچوشیان لەناوبردوە.

 

بەپێی ئاماری مانگانەی كاروچالاكییەكانی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی، كەلە بەرواری 1/6 تا 1/7/2020 لیژنەكان پێنج هەزار و (686) سەردانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان كردوە و پشكنینیان بۆ ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنیانە ئەنجام داوە كە هاوڵاتیان رۆژانە بەكاری دەهێنن، لە مانگی رابردودا لیژنەكان لە (352) شوێن سەرپێچییان تۆماركردوە، هەروەها‌ (360) شوێنی كاركردن ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن و رێكارەكانی خۆپارێزی بن، بەپێچەوانەوە شوێنەكە و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكارە یاسایی دەكرێنەوە.

 

لە ئامارەكەدا رونكراوەتەوە: بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی تەندروستی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا (145) شوێنیان داخستوە، هەروەها بەهۆی بەردەوامبون لەسەرپێچیكردن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سێ شوێنیشیان روبەڕوی دادگا كردوەتەوە‌.

 

لە ئامارەكەدا هاتووە، بەهۆی خراپی و نەشیاوی بۆ خواردن و بەكارهێنان، لیژنەكان لەماوەی یەك مانگدا بەبڕی (40) تۆن (355) كیلۆگرام كاڵاوشمەكی جۆراوجۆر و خۆراكی ماوەبەسەرچوی لەناوبردوە، كۆی گشتی پارەی غەرامەكراویش بریتییە لە (9‌) ملیۆن و چوار سەد هەزار دینار كە بەپێی یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.

 

بە پێی رێنماییەكان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەرشوێنێك پابەندی‌ مەرج ورێنماییەكانی تەندروستی و رێكارەكانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرنا نەبێت، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێت، لە حاڵەتی دووبارە كردنەوەی سەرپێچی شوێنەكە دادەخرێت و بەهۆی بەردەوامبونیشی لەسەرپێچی شوێنەكە روبەڕوی دادگا دەكرێنەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ