چه‌ند نیشانه‌یه‌كی نوێی كۆرۆنا ئاشكرا ده‌كرێن
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چه‌ند نیشانه‌یه‌كی نوێی كۆرۆنا ئاشكرا ده‌كرێن

كوردیو

رۆژانە زانیاریی نوێ لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نیشانەکانی ئاشكراده‌كرێت، زانایان كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ی(تا، کۆکە و هەناسەتەنگی) لە زۆرینەی تووشبووانی کۆرۆنادا هه‌ن، بەڵام نیشانەی دیکەی ڤایرۆسەکەش هەن کە زۆر هاوشێوەی هەڵامەتن، هەندێک نیشانەش نائاسایین.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماژەی بە 10 نیشانە کردووە کە دەتوانیت بەهۆیانەوە بزانیت خۆت یان کەسوکارت تووشی کۆرۆنا بوون یاخود نا، هەروەها رێگەکانی خۆپارێزیشی لە ڤایرۆسەکە خستووته‌ڕوو.

بەپێی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگری لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا، نیشانەیەک یان سەرجەمیان لە دوو بۆ 14 رۆژی یەکەمی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە دەردەکەون.

 

نیشانه‌كان و چۆنیه‌ت خۆپاراستن لێیان:

1- هەناسەتەنگی

بەشێوەیەکی گشتی لە سەرەتاکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەناسەتەنگی دەرناکەوێت، بەڵام نیشانەیەکی زۆر جیددیە. دەکرێت ئەم نیشانەیە بەبێ بوونی کۆکە دەرکەوێت. ئەگەر سنگت تووند بوو یاخود هەستت بەوە کرد کە ناتوانیت بەتەواوی هەناسەی قووڵ بدەیت، پێویستە بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەیت.

سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگری لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا دەڵێت، نیشانە لەناکاوەکانی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا فشار و ئازاری بەردەوامە لە سنگ و شین هەڵگەڕانی لێو و رووخسارە، کە دەکرێت بەهۆی کەمیی ئۆکسجینەوە دروستببن و دەبێت بەپەلە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت.

2- تا

تا ، یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا، چونکە دەکرێت هەندێک کەس پلەی گەرمای زیاتر یان کەمتربێت لە ئاستی ئاسایی خۆی کە بەشێوەیەکی گشتی 37 پلەی سیلیزییە، بەڵام پزیشکان پێیانوایە کە پلەیەکی گەرمیی جێگیر نییە بۆ پێوانەی گەرمیی لەش.

زۆربەی گەنجان و منداڵان تاوەکو پلەی گەرمییان نەگاتە 37.7 پلەی سیلیزی، وەکو کەسێک هەژمار ناکرێن کە تا-یان هەبێت. د. ویلیەم شافنەر، پڕۆفیسۆر لە سکوڵی پزیشکیی زانکۆی ڤاندەربیڵت داوادەکات کە بەیانیان پشت بە ئاستی پلەی گەرمی لەش نەبەسترێت و لە پاشنیوەڕوان یاخود سەرەتای ئێواران پلەی گەرمیی لەش بپێورێت و دەڵێت "پلەی گەرمیی لەش هەمان پلە نییە و ئەگەر لە کاژێر 08:00ی بەیانی وەرگیرێت دەکرێت ئاسایی بێت".

3- کۆکەی وشک

کۆکە نیشانەیەکی دیکەی تووشبوونە بە کۆرۆنا، بەڵام هەموو کۆکەیەک نا، بەڵکو کۆکەیەکی بێزارکەر و تووند و وشک کە لە قوڵایی سنگتەوە هەستیپێدەکەیت. بەشێوەیەک، وا هەستدەکەیت کە بۆری هەناسە تووشی هەوکردن بووە و ئەو کۆکەیەش لە ئێسکی نێوان پەراسووەکانتەوە دێت.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە لە مانگی شووبات بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 33%ی تووشبووان لەگەڵ کۆکەیاندا بەڵغەمیان هەبووە، واتە زۆربەیان بەڵغەمیان نەبووە.

4- لەرز و ئازاری جەستە

بەشێک لە تووشبووانی کۆرۆنا لەرز و تای بەرز و ئازاری جەستەیان هەیە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، مەرج نییە تووشبوو ئەم نیشانانەی تێدابێت. ئەگەر پاش هەفتەیەک کەسێک ئەو نیشانانەی هەبێت و بەرەو باشبوون نەچێت، بەڵکو خراپتر ببێت، ئەوا ئەگەری زۆرە کە تووشی کۆرۆنا بوبێت.

5- گێژبوون

سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگری لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا دەڵێت، گێژبوون یان بەئاگانەهاتن لەوانەیە نیشانەیەکی جیددی تووشبوون بە کۆرۆنا بێت و پێویست بە چارەسەری بەپەلە بکات.

6- کێشەکانی کۆئەندامی هەرس

سەرەتا زانایان پێیانوابوو کە کێشەکانی کۆئەندامی هەرس پەیوەندیی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەبێت، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لەو تووشبووانەی کە چاکبوونەتەوە ئەو بۆچوونە گۆڕا. لە لێکۆڵینەوەیەکی چینیدا کە لەسەر نزیکەی 200 تووشبووی کۆرۆنا کراوە، دەرکەوتووە کە نیوەی تووشبووەکان کێشەکانی کۆئەندامی هەرسیان هەبووە.

ئەو کەسانە کە کێشەی کۆئەندامی هەرسیان هەیە، پزیشکان ئامۆژگارییان دەکەن کە زوو پشکنینی کۆرۆنا بکەن بۆئەوەی چارەسەر وەربگرن.

7- سووربوونەوەی چاو

لێکۆڵینەوەکانی چین، کۆریای باشوور و جیهان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 1% بۆ 3%ی تووشبووانی کۆرۆنا چاویان سوور دەبێتەوە و سپێنەی چاو دادەپۆشێت.

هەربۆیە ئەگەر ئەم نیشانەیە لە کەسێکدا دەرکەوت کە هەڵگری نیشانەکانی دیکەی وەکو تا، هەناسەتەنگی و کۆکە بوو، ئەوا دەبێت سەردانی پزیشک بکات و پشکنین ئەنجامبدات.

8- لەدەستدانی هەستی تامکردن و بۆنکردن

ئەم نیشانەیە یەکێکە لە نیشانە چاوەڕواننەکراوە سەرەتاییەکان کە لە بەشێک لە تووشبووانی کۆرۆنادا بەدیکراوە. لێکۆڵینەوەکان لە کۆریای باشوور دەریانخستووە کە نزیکەی 30%ی تووشبووانی کۆرۆنا هەستی بۆنکردنیان لەدەستداوە، لە ئەڵمانیاش دوو لەسەر سێی تووشبووەکان کێشەی بۆنکردن و تامکردنیان هەیە. لەدەستدانی لەناکاوی هەستی بۆنکردن و تامکردن لەوانەیە بەهۆی تووشبوون بێت بە جۆرەکانی ڤایرۆس، لەبەرئەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە ڤایرۆسی کۆرۆناش ببێتە هۆی لەدەستدانی هەستی بۆنکردن و تامکردن.

بە بەکارهێنانی نوقڵ دەتوانیت لە ماڵەوە پشکنین بکەیت بۆئەوەی بزانیت هەستی بۆنکردن و تامکردنت لەدەستداوە یاخود نا.

9- هەستکردن بە ماندوێتی

بۆ هەندێک کەس، هەستکردن بە ماندوێتیی زۆر دەکرێت نیشانەیەکی تووشبوون بە کۆرۆنا بێت.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، نزیکەی 40%ی تووشبووانی کۆرۆنا هەست بە ماندوێتی دەکەن. ئەم نیشانەیە دوای چاکبوونەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆناش دەکرێت ماوەیەکی زیاتر [چەند هەفتەیەک] لەگەڵ تووشبوو بمێنێتەوە.

10- سەرئێشە، قوڕگ ئێشە و ئاوی لووت

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە، نزیکەی 14%ی تووشبووانی کۆرۆنا لە چین سەرئێشە و قوڕگ ئێشەیان هەبووە و 15%یشیان ئاوی لووتیان هەبووە.

ئەم نیشانانە نیشانەی باوی تووشبوون بە کۆرۆنا نین، بەڵام هاوشێوەی هەڵامەتن، بەشێکی بەرچاوی نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆناش هاوشێوەی هەڵامەتن، وەکو سەرئێشە، کێشەکانی هەرس، ئازاری جەستە و هەستکردن بە ماندوێتی.

هه‌واڵی گرنگ