حكوومه‌تی عێراق بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

حكوومه‌تی عێراق بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان؟

چه‌ند رۆژێكه‌ پتر له‌هه‌موو ده‌مێك قسه‌ى زۆر له‌باره‌ى قه‌واره‌ى ده‌ستورىی هه‌رێمی كوردستان و هاتنى هێزى حكومه‌تى فیدراڵى بۆ هه‌رێم و له‌ده‌ستدانى قه‌واره‌وه‌كه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت، هه‌ندێك به‌ڕاده‌یه‌ك باسى هاتنى هێزى حكومه‌تى عێراقى ده‌كه‌ن به‌بێ موناسه‌به‌ ته‌نگیان به‌ خه‌ڵك هه‌ڵچنیوه و شه‌ڕێكى ده‌روونیان له‌ دژى خه‌ڵكه‌ سڤیله‌كه‌ به‌رپاكردووه‌‌، به‌جۆرێك په‌تاى كۆرۆنا و مه‌ترسییه‌كانییان له‌به‌رچاو بچووك كردووینه‌ته‌وه‌‌، له‌ولاشه‌وه‌ به‌شێكی دیكه‌ به‌جۆرێك له‌باسى قه‌واره‌ى هه‌رێم تۆشى هیستریا ده‌بن و خۆیان پێڕاناگیرێت، وایلێهاتووه‌ ئه‌وه‌ی باسى قه‌واره‌ى هه‌رێم به‌ خێر و به‌ شه‌ڕ بكات به‌ خیانه‌تكار و خراپه‌كار ناوی ده‌برێت، له‌ هه‌موو حاڵێكدا خۆ ده‌كرێت، باسى قه‌واره‌ى هه‌رێم و پاراستنی و ئه‌و هه‌نگاو و هه‌ڵوێستانه‌ى خۆمان كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ى هه‌ڕشه‌ له‌سه‌رى به‌شێوه‌یه‌كى بابه‌تییانه‌ و دور له‌ هه‌ر ده‌مارگیرییه‌كى حزبى تاوتوێ و شه‌نوكه‌و بكه‌ین.
لۆژیك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ى هۆكاره‌ نێوخۆییه‌كان ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر لاوازبوونى ئه‌م قه‌واره‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌‌ و حكوومه‌ته‌كه‌شی، به‌تایبه‌ت ئه‌و هۆكارانه‌ى له‌ ئه‌نجامى ‌كه‌مته‌رخه‌مى ده‌سه‌ڵات و حوكمدارییه‌وه‌ ده‌خولقێن، ئه‌وه‌نده‌ هۆكارى ده‌ره‌كى هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی‌ نیین، به‌له‌ره‌چاو گرتنی ئه‌وه‌ی یاریكردن و جوڵاندنه‌وه‌ی داشه‌كه‌ به‌هه‌ڵه‌ له‌نێوخۆماندا هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كه‌ش بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ كۆتایی پێهێنانی قه‌واره‌كه‌ رۆڵی به‌رچاوی، بێگومان له‌ ئێستاشدا ده‌سه‌ڵاتى كوردى خۆى خه‌ریكه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ بیانووی لاوازبوون و لاوازكردنى قه‌واره‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌وه‌ ده‌داته‌ ده‌ستى به‌غدا وه‌كو پێشتر له‌چه‌ندین وێستگه‌دا بۆ ئه‌مه‌ كه‌مته‌رخه‌میی نه‌كردووه‌ و بگره‌ زۆر پاساوی قانونی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریشی داوه‌ته‌ ده‌ست یار و نه‌یاره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌باران بكرێت.
شاراوه‌ نییه‌ هه‌نگاوه‌كانى هه‌رێم به‌و ئاراسته‌دا ده‌ڕۆن كه‌ بیانوو به‌ده‌ستى ناوه‌نده‌وه‌ بدرێت بۆئه‌وه‌ى شوێن پێى خۆى له‌ناو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و به‌پێى ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراق قایم بكات، به‌مه‌ش كۆتایی به‌خه‌ونی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێم چه‌ندین ساڵی دیكه‌ بباته‌ دواوه‌وه‌ وه‌كو چه‌ند رووداوێكی چه‌ند ساڵی رابردوو ئه‌مه‌یان كرد.
ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراق كه‌ ده‌ستورێكه‌ ئه‌وه‌نده‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورد نووسراوه‌ته‌وه‌،‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى هیچ پێكهاته‌یه‌كى ترى ئه‌م عێراقه‌‌ نییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ وایكردووه عه‌ره‌به‌كان به‌نیازى هه‌مواركردنه‌وه‌ى زۆرینه‌ى هه‌ره‌زۆرى به‌ند و ماده‌كانى ئه‌و ده‌ستوره‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ هۆكاره‌ بۆ بچووكردنه‌وه‌ی هه‌رێم و قه‌واره‌كه‌ی.
به‌پێى ده‌ستوری عێراق به‌ڕێوه‌بردنى خاڵه‌ گومركییه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان حكومه‌تى ناوه‌ندى و هه‌رێمه‌كان و ئه‌و پارێزگانه‌ى له‌ هه‌رێمێكدا رێكنه‌خراون ده‌بێـت، به‌ڵام تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌درێژایی 17 ساڵ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌وه‌ بسازێنێ و له‌كاتی لاوازی عێراق پڕۆسه‌كان به‌یاسایی بكات، جگه‌ له‌وه‌ش‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌ هیچ داتا و ژماره‌یه‌كى هه‌رێم و پارێزگاكانى تر و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى كارى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن دڵنیا نییه، بگره‌ گومانیشی هه‌یه‌ و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق موسته‌فا كازمی به‌روونی ئه‌م بابه‌ته‌ی هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر مێزی بڕیاره‌كانی‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ عێراق ده‌یه‌وێت یه‌كه‌مین سێكته‌رى ئابوورى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بێت كه‌ ده‌ستى بۆ ده‌بات، ناشه‌فاف بوونى هه‌رێمی كوردستانیش له‌ پرسى داهاتى ده‌روازه‌كان و نه‌بوونى هىه‌ماهه‌نگی بیانووی ته‌واو ده‌داته‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى بۆ ئه‌وه‌ى جێ پێى خۆى له‌ سنوره‌كاندا بكاته‌وه‌، باسی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و تاڵانییه‌ بوه‌ستێ كه‌ له‌ ئاسمان و رێسمانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ و وڵات و ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ی خستووه‌ته‌ حاڵه‌تی راوه‌ستان و متبوونه‌وه‌.
مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تی چه‌ند رۆژی رابردوو كه‌ سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى عێراقیش ئاماده‌ی بووبو، له‌باره‌ى بارو‌دۆخى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌ و چۆنێتى كۆنترۆڵكردنى كاره‌كانىیان ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌شێك له‌ پلانى خۆى بۆ كۆنترۆڵكردنى ده‌روازه‌كان بۆ ئاماده‌بووانى ئاشكراكردووه و ژماره‌ و داتاشی بۆ خستوونه‌ته‌ڕوو‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی كه‌سانی نزیك له‌ كازمىیه‌وه‌، ئه‌م به‌نیازه‌ تا ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ و پێش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، رێوشوێنه‌كانى كۆنترۆڵكردن و به‌ڕێوه‌بردنى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان داڕێژێته‌وه‌ و بینێرێته‌ دامه‌زراوه‌ و ده‌سته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان وه‌كو خشته‌ی نوێی كار، بۆ ئه‌مه‌ش پشتی به‌هێزی چه‌كدار به‌ستووه‌، به‌تایبه‌ت دژه‌ تیرۆر كه‌هێزێكی تاڕاده‌یه‌كی زۆر بێلایه‌نن، ئه‌مه‌ش به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ستییان به‌سه‌ر زۆرێك له‌دروازه‌ سنوورییه‌كاندا گرتووه‌ هێزی چه‌كدارن.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا كازمى جه‌ختى له‌ دانانى فه‌رمانبه‌ر و كاربه‌ده‌ستى ده‌ستپاك و متمانه‌ پێكراو كردۆته‌وه‌، به‌پٍێى هه‌واڵ و زانیارییه‌ دزه‌ پێكراوه‌كانیش بژارده‌یه‌كى ترى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌و باره‌وه‌ ناردنى هێزى دژه‌ تیرۆره وه‌كو چاودێر به‌سه‌ر ده‌روازه‌كانه‌وه‌‌.
هه‌رچى په‌وه‌یوه‌ست به‌ ده‌روازه‌كانى سنورىی هه‌رێمى كوردستانیش‌ ئه‌وا به‌پێی ده‌ستوور و یاسا حكومه‌تى ناوه‌ندى ده‌توانێت پێداگرى له‌ مافى خۆى بكات و به‌ بیانووی گه‌نده‌ڵی، و دزینی داهاته‌كان له‌و شوێنانه‌ش كارمه‌ندان و كاربه‌ده‌ستانى خۆى بنێرێته‌ ده‌روازه‌كان وه‌كو هه‌موو ده‌روازه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئه‌گه‌ر هه‌رێم شه‌فافانه‌ داتا و داهاته‌كانى ده‌روازه‌كان ئاشكرا نه‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی قورسه‌ ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت.
بۆئه‌وه‌ى هه‌رێم ئه‌و بیانووه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات و رێگه‌ به‌ دانانى جێ پێى حكومه‌تى ناوه‌ندى نه‌دات‌، گرنگه‌ شه‌فافانه‌ داتاكانى ده‌روازه‌كان ئاشكرا بكات، له‌ كاتێكدا حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌ رێگه‌ى هه‌رێمیشه‌وه‌ نه‌بێت، له‌ رێگه‌ى وڵاتانى دراوسێوه‌ ده‌توانێت قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازگانى و هه‌نارده‌ى و هاورده‌ و داهاتى هه‌ر ده‌روازه‌یه‌ك بزانێت كه‌ له‌ئێستادا عێراق له‌گه‌ڵ دراوسێكانی په‌یوه‌ندیی له‌باری بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌ و كارتیشی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

هه‌واڵی گرنگ