چاكسازی و قەرزەكان و خانەنشینی پەرلەمانتار
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چاكسازی و قەرزەكان و خانەنشینی پەرلەمانتار

كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 5ی 5ی 2020، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد و یەكێك لەو بڕیارانەی وەرگرتنەوەی قەرزەكان بوو، پاشان بە پێ‌ نووسراوێك لە 25ی 6ی 2020دا، كە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ناردووە، بانكە بازرگانییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی بە لیستێك وردەكاریی قەرزە بازرگانییەكانی خستووەتە ڕوو، لەگەڵ هەموو ئەو نوسراوانەی ئاگاداركردنەوە كە بۆ قەرزارەكان نێردراوە، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەكان و ئەمەشی بە پشتبەستن بە یاسای چاكسازی كردووە، كە پێشتر بەزۆرینەی پەرلەمانتاران دەرچوێنرا.
لە چوارچێوەی وەرگرتنەوەی قەرزەكاندا، كە بڕەكەی 780 ملیار دینارە، كە لای زیاتر لە 2 هەزار سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكانە، كە بەو بڕە پارەیە حكومەتی دەتوانێت لەگەڵ ئەو بڕە پارەی كە لە بەغداد وەریدەگرێت، كە بڕەكەی زیاترە لە 400 ملیار دینار، دەتوانێـت پارەی سێ‌ مانگی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێ‌ دابین بكات، ئەگەر یەكێك لەو سەرمایەدارانە بە نمونە وەربگرین كە "شاسوار عەبدولواحید"ە، كە بڕەكەی 70 ملیار دینارە، هەر چەندە هەندێك سەرچاوە ئاماژە بە بڕی 70 ملیۆن دۆلار دەكەن، كە ئەمەش زیاتر لەوەی كە باس دەكرێت، بەڵام لێرە دا تەنها ئەوەی بە شێوەیەكی گشتیی باس دەكرێت كە بڕەكەی 70 ملیار دینارە بۆتان شیبكەمەوە، كە بەمجۆرەیە.
لەم خولەی پەرلەمانی كوردستانیشدا، وەك خولەكانی پێشوو، 111 پەرلەمانتار هەن. بەپێی یاسای چاكسازی، ئەو پەرلەمانتارانەی هەردوو مەرجی 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ راژەی وەزیفیی فەرمییان هەیە، بە 50%ی موچەكانیان خانەنشین دەبن. واتا بە بڕی 4050000 چوار ملیۆن و پەنجا هەزار دینار.
ئەو پەرلەمانتارانەنەشی كە تەنها لەم خولەدا مەرجەكانی خانەنشینبونی یاسای خانەنشینیی عێراقییان تێدایە نییە و ئەو هەشت پەرلەمانتارەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوشدا فۆرمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینیان پڕكردەوە لەوانەن، ژمارەیان 77 پەرلەمانتارن. بەڵام بەپێی یاسای "چاكسازیی"، بڕی خانەنشینییەكەیان بۆ پینە كراوە و لەنێوان 15% بۆ 25%ی موچەكانیان دیاریكراوە. واتا: لەنێوان 1550000 ملیۆنێك و پێنجسەد و پەنجا هەزار دینار بۆ 2050000 دوو ملیۆن و پەنجا هەزار دینار. واتە ئەگەر ڕێژەی ناوەندیی تەواوی ئەم 77 پەرلەمانتارە وەربگرین و بۆ ئەوەی بڕی پارەی پێویست بۆ خانەنشینكردنیان بزانین، هەریەكەیان نزیكەی 1800000 ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار دینار هەژماردەكەین.
واتا: كۆی پارەی خانەنشینیی ئەو 34 پەرلەمانتارەی تەواوی مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، لە مانگێك دا، دەكاتە:
34كەڕەتی 4050000 چوار ملیۆن و پەنجا هەزار دینار، دەكاتە: 137700000 سەد و سیوحەوت ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار.
77كەڕەتی 1800000 ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار دینار، دەكاتە: 138600000 سەد و سیوهەشت ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار.
كۆی گشتیی پارەی پێویست بۆ پێدانی مانگێك موچەی خانەنشینی تەواوی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، دەكاتە:
138600000 + 137700000 دەكاتە 276300000 دوو سەد و حەفتاو شەش ملیۆن و سێسەد هەزار دینار.
بڕی پارەی خانەنشینیی تەواوی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵێك، دەكاتە:
12كەڕەتی 276300000 دەكاتە: 3315600000 سێ‌ملیار و سێسەد و پانزە ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار.
بۆ ئەوەی تەنها لەوە تێبگەین ئەو بڕە پارەیەی لەلای یەكێك لە بازرگانە قەرزارەكانی حكومەتە و ڕاگەیاندنێكیشی بەدەستەوەیە "شاسوار عەبدولواحید"ە، كە بڕی 70000000000 حەفتا ملیار دینار قەرزارە، سەرەڕای ئەوەی دەیان كۆمپانیای زەبەلاحی حزبەكان هەن، كە سەدان ملیار دیناری تر پارەی حكومەتیان لە لایە، هەربۆیە بە لامەوە جێگای باسە ئەم بەراوردە بكەم، چونكە ئەم بەرێزە میدیاكەی بە بەردەوامی باس لە خراپی دۆخی موچەخۆران و گوزەرانی خەڵك دەكەن و دژی خانەنشینی پەرلەمانتارن، تەنانەت ئەوانەشی كە مەرجی خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە و هەروەها لە ناو پەرلەمانیش دا، پەرلەمانتارەكانی خۆیان وانیشاندەدەن كە لە سەنگەری بەرگریكردنن لە مافەكانی خەڵك.
بۆ ئەوەی بزانین تەنها ئەو بڕە پارەیەی قەرزی گشتییە (حكومەتە) و لەلای بەرێز "شاسوار عەبدولواحید"ە و تائێستا دینارێكی نەداوەتەوە حكومەت، بەشی چەند ساڵی خانەنشینی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ئەم زەرب و دابەشكارییەی خوارەوە دەكەینەوە:
( 70000000000 حەفتا ملیار دینار- پارەی قەرز لەلای ناوبراو) دابەشدەكەین بەسەر 3315600000 سێ‌ملیار و سێسەد و پانزە ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار (پارەی خانەنشینی یەك ساڵی 111 پەرلەمانتاری ئەم خولە). دەبینین دەكاتە: زیاتر لە 21 ساڵ.
واتا: تەنها ئەو پارەیەی لای ئەم بازرگانەیە و قەرزی حكومەتە و نەیداوەتەوە بە حكومەت، بەشی 21 ساڵ خانەنشینیی تەواوی پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەكات و نزیكەی 400 چوارسەد ملیۆن دیناریشی لێ‌دەمێنێتەوە و بەشی هەزاران ماڵە هەژار، یان چوار سەد خاوەن پشك، لە پڕۆژەی گەشتیاریی "چاڤی لاند" دەكات.
یان ئەگەر هەمان ئەو بڕە پارەیە، كە حەفتا ملیار دینارە، شیبكەینەوە بۆ موچەی كەمئەندامانی كوردستان، كە ژمارەی كەمئەندامانی كوردستان، لە دوای پشكنین لە لایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە 81111 كەمئەندامنو موچەكانیان 150000 سەدو پەنجا هەزار دینارە، كە هیچ موچەیەكی دیكەیان نەبێت، 100000 سەد هەزار دیناریش بۆ ئەو كەمئەندامانەیە كە فەرمانبەرن، یان خانەنشینن، بۆیە ئێمە ناوەندی هەردوو موچەكە وەردەگرین، كە دەكاتە 125000 هەزار دینار.
بۆ هەر مانگێك موچەی كەمئەندامێكی كوردستان، كە بڕی 125000 (سەد و بیست و پینج هەزار دینار)ە، بۆ هەر مانگێك موچەی تەواوی كەمئەندامانی كوردستان، دەكاتە:10125000000 (دە ملیار و سەد بیست و پینج ملیۆن دینار)، ئەمەش بە زەربكردنی ژمارەی تەواوی كەمئەندامان بۆ موچەی هەریەكێكیان. تەنها بەو بڕە پارەیەی لای بەرێز "شاسوار عەبدولواحید"ە، بەشی نزیكەی حەوت مانگی سەرجەم كەمئەندامانی كوردستان دەكات، هەر چەندە كەمئەندامان پێویستە زیاتر خزمەت بكرێن و شایەنی موچەی زۆر زۆر باشترن.
ئەوەی ئێستا كە بۆ ئەوە زیاتر روون بوەتەوە ئەوەی بە بەردەوامی لە میدیا و پەیج و ئەكاونتی خۆیەوە باس لە خراپی دۆخی موچەخۆران و گوزەرانی خەڵك دەكات و رۆژانە خەڵك لە تاو هەژاریی و قەرزاریی خۆی دەسوتێنێت و خۆی دەكوژێت، ئەو قەرزە بداتەوە بە حكومەت، ئەوە ژیانی هەزاران كەس لەم دۆخە خراپە رزگار دەكات، جگە لەو پارەیەی لای ئەمە، ئەگەر سەرجەم پارەكە كە لای بازرگان و خاوەن كۆمپانیاكانە بكرێتە سندۆقێكەوە، دۆخی دەیان هەزار كەس بۆ ماوەی ساڵێك زیاتر باشدەكرێت و تەنانەت لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا، بێجگە لە داهاتی زۆری نەوت، بەشی چەند مانگێكی موچەی كوردستان دەكات.نەك چەواشەكردنی ڕایگشتیی كوردستان بەناوی ڕەتكردنەوەی خانەنشینییەوە و لەولاشەوە بە دەیان ملیار و سەدان ملیار دیناری گشتی بەهەدەر بدرێت و نەخرێتەوە سندوقی گشتییەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ