قەیرانەکانی ناو سیستمی پەروەردەو فێرکردن چین؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

قەیرانەکانی ناو سیستمی پەروەردەو فێرکردن چین؟


بێگومان سیستمی پەروەردە و فێرکردن لەهەموو وڵاتێكدا ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە دیاری كردنی پێشكەوتن‌و دواكەوتنی كۆمەڵگە، چونكە پەروەردە ڕاستەوخۆ كاریگەری لە سەر تاكەكان بەجێ دەهێڵێت، ئەوە ئەو سیستمەیە كە دەتوانێت تاكێكی ئیجابی بەرهەم بهێنێت كە كەسایەتی خۆی بنیات بنێت‌و خزمەت بە كۆمەڵگاكەی پێشكەش بكات، خۆ ئەگەر ئەو سیستمەش سیستمێكی لاواز‌و شكست خواردوو بوو بێگومان تاكێك بەرهەم دێنێت كە نەسوودی بۆ خۆی دەبێت وە نەبۆ كۆمەڵگە، ئەمەش بەداخەوە تا ڕادەیەكی زۆر لە كوردستاندا هەست پێ دەكرێت.
زۆر جار ئاماژە بە قەیرانەکانی سیستمی پەروەردەو فێرکردن دەکرێت لە کوردستاندا، دەبێت سەرەتا بزانین لەوڵاتی ئێمە، قەیرانەکانی سیستمی پەروەردەو فێرکردن کامانەن، ئایا شایەنی چارەسەرن؟ ئەگەر بەڵێ ئەی بۆ تا ئێستا سیستمی پەروەردەو فێرکردن لەئاستێکی بەرزدا نیە؟
بێگومان سیستمی پەروەردەو فێرکردن هۆکاری پێشخستن و گەشەسەندنی هەموو لایەنەکانە لە کۆمەڵگەدا، لەزۆر شوێن پێشکەوتنی وڵات بە بەهێزی و پێشکەوتووی سیستمی پەروەردەو فێرکردن دەتوانرێت پێوانە بکرێت.
کۆڵەکەکانی ناو سیستمی پەروەردە لە کوردستاندا بریتین لە پرۆگرام، قوتابی، مامۆستا، بینا ـ قوتابخانە ـ و چەند هۆکارێکی فێرکردن. بە گوتەی بەڕێز د. کەریم شەریف قەرەچەتانی ـ مامۆستای زانکۆو شارەزا لە بواری پەروەردەو دەروونناسی ـ پێی وایە "هەموو کۆڵەکەکانی ناو سیستمی پەروەردەو فێرکردن پڕن لە کەم و کوڕی و ئەرکی چارەسەرکردنی ئەو کەلێنانەش کە لەسیستمی پەروەردەوفێرکردندا هەیە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پاشان مامۆستایان و قوتابیان بە پلەی دووەم"..
جگە لە کەم و کوڕیەکانی کۆڵەکەکانی سیستمی پەروەردە، بەرپرسیارێتی هەتوان کردنی ئەو برینانە دەکەوێتە ئەستۆی خێزان، چونکە خێزان کاریگەری سەرەکی هەیە لەسەر دروستکردنی تاکێکی بەرهەم دارو وا پەروەردە بکرێت حەزو خولیای بۆ خوێندن هەبێت.
پاڵنەرەکانی چاکسازی لە سیستمی پەروەردەو فێرکردن، مادی و مەعنەوین، بێگومان مادیەکان دەتوانرێت لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی بکرێت و ئەو پارە زەبەلاحەی لە هەرێمی کوردستانداهەیە بودجەی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای پێ زیاد بکرێت، ئەوکات هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن، لەوانەش بینای قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان و بە هەموو پێداویستییەکانیەوە. پاشان لەڕوی مەعنەوییەوە شکۆو مافی تەواوەی بۆ مامۆستا بگەڕێتەوە کەلەلایەن دوو حزبی دەسەڵاتەوە قۆرخ کراوەو لەکەدار کراوە. هەروەها مافی قوتابی بگەڕێتەوەو دامەزراندن ئەرکی یەکەمی حکومەت بێت بۆ ئەوەی قوتابی نائومێد نەبێت لە خوێندن. میتۆدی بەکارهێنانی وانە وتنەوە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و خولی بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستا ساز بکرێت،
تا مامۆستایان بتوانن قوتابیان قوتار بکەن لە وانەی تیۆری و دەرخ کردنی سەر زارەکی بابەتەکان، وا لەقوتابی بکرێت لە بابەتەکان تێ بگات و شیکاری و خوێندنەوەی نوێیان بۆ بکات ، تا لەکاتی پراکتیکیدا نوێگەری و داهێنان بێتە ئاراوە، نەک گیربخۆن بەدەست ئاو زانیاریانەی پێیان دراوەو هیچ سودێکیان لێ نەبینیوە.
ئەمەی لێرەدا خرایە ڕوو لە دیارترین هۆکارەکانی دروست کردنی ئەو قەیرانانەن کە لەناو سیستمی پەروەردەو فیرکردندا هەیە، کە بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەو خوێدنی باڵا دەتوانن ڕیگەچارەی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە و سیستمی پەروەردەو فێرکردن لەو قەیرانە قووڵەی ئێستا تێی کەوتووە ڕزگار بکەن.

 

هه‌واڵی گرنگ