نغرۆكردنی بازاڕ
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نغرۆكردنی بازاڕ

 

بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بیست و نۆ ساڵە ئیدارە و بەڕێوبردنی خۆی هەیە و خاوەنی دەزگاكانی تەشریعی و جێبەجێكارە لەگەڵ ئەوەشدا ئابوورییەكەی بەرەو پەشێوی و بێ بەرنامەیی بردوە، لە شوێنێك كە ژمارەی دانیشتوانی زۆر كەمە بە بەراورد بە زۆرێك لە وڵاتانییتر و بگرە بە ئەندازەی شارێكی ئەو دەوڵەتانەیە، كە چی تاكو ئەم ساتەش گەشەیەكی بەرچاو نابینرێ لە كەرتی كشتوكاڵ، كەرتی پیشەسازیی، كەرتی خزمەتگوزاریی، شێوازی بەڕێوبردنی هاوكار نەبووە بۆ دەربازبوونی كۆمەڵگەی كوردستان لە چوارچێوەی كۆمەڵگەیەكی داخراوی بێ بەرهەم.

ئەگەر چی كوردستان بە هەرێمێكی كشتوكاڵی دادەنرێ و ژینگەیەكی لە باری هەیە بۆ بەرهەمهێنان كە ڕۆڵی لە پەرەپێدانی ئابووری وڵات هەیە، و دەروازەیەكی لەباریشە بۆ بەگەڕخستنی هەلی كار و چارەسەری بەشێك لە بێكاریی و زیادكردنی ناردەنی و چارەسەری كورتهێنانی تەرازووی پارەدان لەگەڵ ئەوەشدا كاركردن بۆ بەهێزكردنی پێگە ئابوورییەكەی بەپێی پێویست نەبووە.

لە مێژووی ئابوورییدا نقومكردنی بازاڕ لە لایەن نەیارانی دەرەوە ئەنجام دەدرا، تاكو لەسەر حیسابی دەوڵەتانی بەرانبەر گەشە بە ئابووری خۆیان بدەن.

بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای سیاسەتەكانیەوە ئابووری وڵاتی وێران و كاولكرد نەك وڵاتانی دەرەوە، لایەنەكانیتریش بەدەرنین لەم گرفتە، بەڵكو سەرجەم كایەكانی ژیانیشی بەهەمان مەسار و ڕێگادا برد، بێ متمانەییش باڵی كێشاوە بەسەر جومگە بە جومگەی ئەم هەرێمەدا، كار گەیشتۆتە ئەو حاڵەتەی هاوڵاتی لە دوڵێك و حكومەت لە دۆڵێكیتر، متمانەی نێوانیان لە ماڵی ئاوایی یەكجارەكیدایە، وڵاتیش وردە وردە ئۆقرەیی و ئارامیی لە دەست دەدات، چونكە متمانە كۆڵەكە و پایەی ژیانە.

نغرۆی بازاڕ بە واتای وڵاتێكی بێگانە لە ڕێگای سیاسەتی ئابوورییەوە هەڵدەستێ بە نغرۆكردنی بازاڕی بەرانبەر بۆ ئەوەی بازاڕێكی دیكە بۆ بەرهەمەكانی بدۆزێتەوە، لە ڕێگای شێوازی نزمكردنەوەی نرخی كاڵاكانی لە چاو ناوخۆی خۆیدا، هەروەكو وڵاتی ئەڵمانیا لە بەرانبەر ئەمریكا كردی لە كەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا، هەڵسا به نزمەكردنەوەی نرخی ئۆتۆمبێلەكانی بەبەراورد بە نرخی بەرهەمهێنانی لە ناوخۆی وڵات.

كەواتە وڵاتێك ئامادەیە بۆ ماوەیەك زیانی یٔابووری لە خودی خۆی بدات بۆ ئەوەی كەرتێك لە كەرتەكانی وڵاتەكەی سست و لاواز نەبێ لە پێكهێنانی بەرهەمی نەتەوایەتی كە سەرچاوەی درێژەپێدانی بەڕێوبردنی ڕامیاری حكومەتە.

لە ئەمڕۆدا بازاڕەكانی هەرێم توشی بێبازاڕی بوونە بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكردنی بەرهەمی بێگانە بۆ ناوخۆی هەرێم، بەتایبەتیش بەرهەمی ئێران و توركیا كە بوونەتە سەرئێشەی زۆر بۆ جوتیارانی هەرێم كە نەتوانن بەروبوومەكانیان ساغ بكەنەوە بە هۆكاری زیادبوونی خستنەڕووی بەرهەمی كشتوكاڵی، لە بەرانبەر ئەمەشدا كەمی خواستی ناوخۆ بۆ ساغبوونەوەیان بەهۆی كەمی كار و موچەوە دواجاریش كەمبوونەوەی دراوی بەردەست ئەوەندەیتر قوڕەكەی خەستركردۆتەوە، گشت ئەمانە و ئەوانەشی لە ڕابردوو ڕوویانداوە بەرپرس و تاوانباری یەكەم حكومەتە.

ئەكرێ وڵات توشی قەیرانی سروشتی یاخود لە ناكاو ببێتەوە كە لە سنوور و توانا و دەسەڵاتی خۆی بەدەر بێ، ئەمە جێگای ڕەخنە و گلەیی نیە، بەڵام ئەگەر سیاسەتی وڵاتێك خۆی بە دەستی خۆی ئابووریەكەی بەرەو گێژاوی نەهامەتی و كارەسات بەرێ لە ماوەی چارەكە سەدەیەك لە حكومڕانیدا ناوی ئەمە دەنرێ چی؟ لە غەیری نغرۆكردن و وێرانكردنی بازاڕ نەبێ...

ئەیوب محمد زیاد

 

هه‌واڵی گرنگ