لەبارەی شاری بێستوون ئەمانە بزانن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەبارەی شاری بێستوون ئەمانە بزانن

 

 

ناوچەی بێستوون بە درێژایی (5) كیلۆمەترو پانایی (3) كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی كرماشان هەڵكەوتووەو یەكێك لە بەناوبانگترین شوێنەوارە مێژووییەكانی جیهانە.

مێژووی كێوی بێستوون دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئێرانی كۆن و لە شاری بێستوون كۆمەڵێك شوێنەواری مێژوویی و فەرهەنگی هەیە، لەناو دڵی كێوی بێستوونەوە ئاوی بەرفراوان دێتە خوارەوەو شوێنێكی لەباربووە بۆ ژیان، ناوچەی بێستوونی كرماشان لە ساڵی (2006) لە ڕیزی بەناوبانگترین شوێنەوارەكانی جیهان لە یۆنیسكۆ تۆمار كرا.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی میهر، بەپێی هەندێك سەرچاوە ناوی بێستوون لە (بغستان) بە واتای جێگەی خوداكان وەرگیراوە، هەندێك كەسی تر پێیان وایە كە بێستون بە واتای بێ ئەستوون و كۆڵەكەیە، ئەم ناوچەیە لە كوردەواریدا بە چیرۆكی ژوانگەی (شیرین و فەرهاد) ەوە زۆر ناسراوە.

لە كێوی بێستوون كۆمەڵە شوێنەوارێكی مێژوویی جێیان گرتووە، كە لە خوارەوە بە شێوەی كورت ئاماژەیان پێ دەكەین.

بەردە نووسراوی بێستوون : ئەو بەردە نووسراوە جودا لە دەقی نوسراوەكە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داریۆشی هەخامەنشی، وێنەی داریۆش و دیلەكان كە دەیانبات بە بەرزایی (3) مەترو لە پانایی (5.5) مەتر دانراوە. 

نووسینی بەردە نووسراوی مێژوویی لە ئاوەها شوێنێك لە ئاوەها بەرزاییەك كە لە خوارەوە بە هیچ شێوەیەك ناخوێنرێتەوە، نیشاندەری ئەوەیە كە داریۆش ئەو نووسراوەی نە بۆ خەڵكی ئەو سەردەمە، بەڵكوو بۆ داهاتووان نووسیویەتی. 

پەیكەرەی هێركوول : پەیكەرەی هێركوول كەسێكی باڵابەرزو لە باری ڕواڵەتەوە بەهێز نیشان دەدات كە لە سەر باڵی چەپی شوێنێك لە سێبەری دارێك دانیشتووە، ئەو پەیكەرە لە كاتی دروستكردنی شەقامی هەمەدان بۆ كرماشان لە داوێنی كێوەكە دۆزراوەتەوە، بەردە نووسراوێك لە سەردەمی دەسەڵاتداری سلووكیانیش لە پشتی ئەو پەیكەرە دانراوە.

سەراوی بێستوون : سەراوی بێستوون، كانیەكە كە لە دڵی زەویەوە هەڵدەقوڵێت و ئاوەكەی لە گۆمێكدا كۆ دەبێتەوە، بوونی ئەو سەراوە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی جێگیربوونی مرۆڤ لە سەردەمی بەردەوە تا ئێستا لەو شوێنەیە، لە مێژەوە ئەو شوێنە وەكوو شوێنی پشووی گەشتیاران و كاروانەكان لەسەر رێگەی ناوەندو ڕۆژئاوای ئێران بۆ نێوان دووئاوان بەكارهێنراوە، زۆربەی شوێنەواری مێژوویی بێستوون لە دەڤەری ئەو سەراوەیە.

ئەشكەوتەكانی بێستوون : لە داوێنی كێوی بێستوون چەند ئەشكەوت بە ناوەكانی (مرتاریك، مردودەر، مرخێر و ڕاوچییەكان) هەیە كە مێژووی هەموویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردی ناوەڕاست و مادەگەلێك وەكوو ئێشتقانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ئامێری تاشینی بەردو ئێسقانیش تێیاندا دۆزراوەتەوە، بۆ نموونە لە ئەشكەوتی ڕاوچییەكان ئێسقانی ئاژەڵەكانی وەكوو كەڵەكێوی، ئاسك، گامێش و خوو دۆزراوەتەوە، هەروەها لەو ئەشكەوتە ئامێرەكانی گڵی سەردەمی ئاشووری و هەخامەنشیش دۆزراوەتەوە.

بەردە نووسراوی شێخ عەلی خان : لە داوێنی كێوی بێستوون و لە خوارووی بەردەنووسراوی داریۆش، وێنەیەك لە بەهرامی دووهەم و گوودەرزی دووهەمی ئەشكانی هەیە كە بە هۆی دانانی بەردە نووسراوێك لە سەردەمی سەفەوی تێیدا، زۆر تێكچووە. ئەو بەردە نووسراوە هی شێخ عەلی خان زەنگەنە، دەسەڵاتداری كرماشان لە سەردەمی سەفەوییە.

پردی خەسرەو : ئەو پردە بە نزیك بە (150) مەتر درێژیی و (7) مەتر پانی لە باشووری ڕۆژئاوای شاری بێستوون و لەسەر ڕووباری گاماسیاو دروستكراوە، ناوو شێوەی نەژیارڤانی ئەو پردە نیشانی دەدات كە لە دواییەكان سەردەمی ساسانی و بە ئەگەری زۆرەوە لە سەردەمی (خەسرەوی دووەم) دروستكرابێت.

فەرهاد تەراش : فەرهاد تەراش كە ناوی خۆی لە (فەرهادی كێوكەنی عاشقی شیرینی سۆریانی) وەرگرتووە ، دیوارێكی گەورە بە درێژایی (200) مەترو بەرزیی (36) مەترە كە لە داوێنی كێوی بێستوون و لە ڕۆژئاوای بەردە نووسراوی داریۆش تاشراوە، ئەگەرچی هەندێك كەس پێیان وایە كە ئەو دیوارە هی سەردەمی هەخامەنشییە، بەڵام لێكۆڵینەوە نوێیەكان نیشانی دەدات كە هی سەردەمی خەسرەو پەرویزی پاشای ساسانییە كە بۆ دروست كردنی بەردە نووسراو یان وێنەیەك ئامادە كراوە، بەڵام بە بەزینی ساسانییەكان و مەرگی خەسرەو ناتەواو ماوە.

كۆشكی ناتەواوی ساسانی و كاروان سەرای ئێلخانی : ئەو كۆشكە، لە خوارووی كێوی بێستوون بەرانبەر فەرهاد تراش دروستكراوە، شێوەی نەژیارڤانی و بەڵگەكان نیشانی دەدات كە لە ئۆخرەكانی دەسەڵاتداری ساسانی دروستكراوە، بەڵام بە هۆكاری ناتەواو نادیار ماوەتەوە، لەسەر پاشماوەكانی ئەو كۆشكە لە سەردەمی ئێلخانییەكان، كاروان سەرایەك دروستكراوە كە پاشماوەكانی هێشتا ماوەتەوە.

پردی بێستوون : پردی بێستوون بە (144) مەتر درێژیی و (7.6) مەتر پانی لەسەر رووباری دینەوەر دروستكراوە، كۆڵەكەكانی ئەو پردە لە سەردەمی ساسانی دانراوەو لە سەردەمە جیاوازەكان لەوانە ئێلخانییەكان و سەفەوییەكان نوێ كراوەتەوە.

كاروانسەرای بێستوون : ئەو كاروانسەرایە لە شوێنەوارەكانی سەردەمی سەفەوییەو كردنەوەی بیناكەی لە سەردەمی شا سلێمان و بە هەوڵی شێخ عەلی خانی زەنگەنە كۆتایی هاتووە، ئەو بینایە لە چەند ساڵی دوایی وەكوو بنكەی سەربازی و زیندان بەكار هاتبوو، بەڵام بە مەبەستی تۆمار كردنی جیهانی لە ڕیزی شوێنەوارەكانی بێستوون، چۆڵ كراو نوێ كرایەوە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ