هەندێك دایكان و باوكان كێشەی ئەوەیان هەیە كە منداڵەكانیان زۆربەی خۆراكە سوود بەخشەكان ناخوات بۆ نموونە دەڵێن، بە هیچ جۆرێك میوە، سەوزە، گۆشت، شلە ناخۆن و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بكەن.
تێك چوونی خواردنی دیاركراو :
1. ئەم حاڵەتە بەوە دەناسرێتەوە كە منداڵ تەنها حەزی لە چەند جۆرێكی كەم لە خواردنەكانە (لە پانزە جۆر كەمترە) و بەس ئەوانە دەخوات و بە زۆری منداڵەكە كۆمەڵێك جۆری خواردن ناخوات وەك هەموو میوەكان، سەوزە، شیرەمەنیەكان، گۆشت.
2. ئەم حاڵەتە لە منداڵی تەمەن یەك ساڵ تاكو (10) ساڵ زۆر باوەو دواتر زۆرینەی منداڵان لەگەڵ تێپەڕ بوونی كات چاك دەبنەوە.
نیشانەكانی :
1. ئەو منداڵانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە لە كاتی بینین یان بۆن كردنی هەندێك جۆری خواردن ئەم نیشانانەی خوارەوەیان تێدا دەردەكەوێت :
1. ڕشانەوەی بەردەوام.
2. هێلنج دان.
3. گریانی بەردەوام و ترسانی زۆر.
4. تەنگە نەفسی یان هەست كردن بە خنكان لە كاتی بینینی یان بۆنكردنی خواردن.
دەرئەنجامە خراپەكانی :
1. كەمی ڤیتامینەكان و سەرئێشەو كەمی تەركیز.
2. بێهێزی بەرگری و زوو زوو نەخۆش كەوتن و درەنگ چاك بوونەوە.
3. لاوازی و كەمی كێش.
4. دواكەوتنی گەشە.
5. كەمخوێنی.
6. گۆشەگیری و دوور كەوتنەوە لەكۆمەڵگە.
هۆكارەكانی :
1. ڕەنگە زۆر هەستیار بێت بە بۆن، تام و چێژ، ڕەنگ و شێوەی خواردنەكە، هەندێك منداڵ ڕەنگە خواردنی تەنها لە پلەی گەرمیەكی تایبەت بخوات بۆ وێنە خواردن سارد نەبێتەوە نەیخوات.
2. ڕوودانی كێشەو گیروگرفت پێشتر لەگەڵ خواردنێك وەك لە قوڕگ گیران، ئازاری گەدەو ناوسك، سك چوون، تەنگەنەفسی.
3. كەمی و نەبوونی ئارەزووی خواردن، ئەو كاتە منداڵەكە چێژ لە خواردن نابینێت و دەیەوێت هەر هیچ نەخوات.
شێوازی چارەسەر :
وێنەی هەموو نەخۆشیەك دوای دەست نیشان كردنی پێویستە هۆكارەكەی دیاری بكرێت و چارسەر بكرێت یان كەمبكرێتەوە لە هەمان كاتدا ئاكام و دەرئەنجامەكانی چارە بكرێت.
(د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی – پسپۆڕی زانستی خۆراك)