بڕینی مووچه ‌خراپسازیه ‌نه‌كـ چاكسازی !
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بڕینی مووچه ‌خراپسازیه ‌نه‌كـ چاكسازی !

ئه‌گه‌رچی له‌ئێستادا پردی په‌یوه‌ندی نێوان به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم وهاوڵاتیانی كوردستان وتاكه‌كان كۆمه‌ڵگا به‌گشتی له‌ئاستێكی زۆر نزم وله‌وپه‌ڕی بێ متمانه‌ییدایه‌، كه‌چی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ناوی چاكسازیه‌وه‌به‌بڕێاریكی په‌رله‌مان وبه‌ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات ده‌ستی برد بۆ بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمی و شایسته‌داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی بڕی ، ئه‌مه‌له‌كاتێكدا ده‌بوو چاكسازی له‌سێكته‌ره‌كانی نه‌وت وخاڵه‌فه‌رمی ونافه‌رمیه‌كانی سنووره‌كان وداهاتی ناوخۆو مووچه‌خۆری بندیوارو بكرابایه‌! هه‌ر بۆیه‌حكومه‌تی هه‌رێم ویستی به‌م بڕیاره‌خراپسازی بكات نه‌كـ چاكسازی چونكه‌:
(1)
ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌به‌بڕیارێكی په‌رله‌مان به‌یاسایی ده‌كات ، ئیدی ئه‌وه‌مه‌به‌ستی بێ یاخود نا نابووتكردنی په‌رله‌مانه‌وه‌كـ ده‌زگایه‌كی شه‌رعی و یاسادانان و بێ ئه‌رزشكردنی ڕۆڵی په‌رله‌مانتاران و لێدانه‌له‌خودی ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی په‌رله‌مانتاری وڕووشاندنی كه‌سایه‌تی په‌رله‌مانتارانه‌ ! ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ده‌ڕژێته‌چوارچیوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌سه‌ڵات ، چونكه‌ئیدی هیچ هاوڵاتیه‌كـ نامێنێ باوه‌ڕی به‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌ڵینی كاندیه‌كان ببێ ، هه‌ر بۆیه‌له‌ داهاتوودا هه‌رچ پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت به‌زۆرینه‌ی ناڕازی بایكۆت ده‌كرێ ، له‌وێشه‌وه‌به‌ده‌نگی كه‌مینه‌یه‌كی به‌شدارو خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی گرێدراو به‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامی پرۆسه‌كان بۆ خۆیان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌!
(2)
كاتێ حكو‌مه‌تی هه‌رێم بڕیارێكی له‌مجۆره‌ده‌دات ، ئیدی فه‌رمانبه‌ری ئاسایی له‌نێو ده‌زگاكه‌ی خۆیدا هیچ هه‌ستێكی به‌رپرسیارێتی له‌ناخدا نامێنێ ، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌ركـ وكاره‌كانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیان وه‌كـ خۆی به‌ڕی بكا ، به‌داخه‌وه‌له‌كاردانه‌وه‌دا هه‌وڵده‌دا خۆی لێ بدزێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌بارته‌قای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌به‌رانبه‌ردا پێیده‌دات خزمه‌ت و ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجام بده‌ات ! بێ گومان ده‌سه‌ڵاتیش له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م كه‌مته‌رخه‌میه‌ی فه‌رمانبه‌ران بێده‌نگی هه‌ڵ ئه‌بژێرێت ، هه‌تا پێكه‌وه‌له‌بازنه‌یه‌كی داخراوی له‌یه‌كچوو‌دا جێاوازی له‌نێوان گه‌نده‌ڵ وگه‌نده‌ڵكاران نه‌مێنێ ، ئه‌مه‌ش بۆ به‌گه‌نده‌ڵیكردنی كۆی ده‌زگاكانی حكومه‌ت وتێوه‌گلانی گشت چین وتوێژه‌كان بێجێاوازی ، به‌ئامانجی شاردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی وپۆخڵه‌واتی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رپرسانی حكومه‌ت !
(3)
بێ ئومێدكردنی نه‌وه‌كانی ئێستا وداهاتوو به‌پرۆسه‌ی خوێندن وفێربوون ، ئیدی ئه‌وان له‌بری ئه‌وه‌ی گرنگی به‌خوێندن و خۆ شاره‌زاییكردن بده‌ن به‌دونیای خوێندن وخوێندنه‌وه‌و كرانه‌وه‌به‌ڕووی ئامێرو هۆكاره‌كانی زانست وزانیاری له‌وێشه‌وه‌خزمه‌ت به‌خۆیان و كۆمه‌ڵگا بكه‌ن ، خه‌یاڵیان به‌لای ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ده‌چێت خوله‌كێكـ زووتر كوردستان ونیشتمان به‌جێبێڵن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه‌گرنگـ بێ ئه‌و وه‌ڵات و جێگایه‌ی بۆی ده‌ڕۆن گونجاوه‌یاخود نا ، به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ستیانه‌ئێره‌به‌جێبێڵن له‌پێناو گه‌یشتن به‌و جێگایه‌ی هه‌رچیه‌كـ بێ یان هه‌ر چۆنێكـ بن !
(4)
كاتێ ده‌ستكاری مووچه‌ده‌كرێت و ماوه‌ی پێدانی درێژده‌كرێته‌وه‌له‌مانگێ بۆ دوومانگـ جارێكـ ، ئیدی كاریگه‌ریه‌خراپه‌كانی به‌سه‌ر ژیان و بژیوی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیانه‌وه‌ده‌رئه‌كه‌وێ ، هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ده‌ست پێده‌كات بۆ كۆڵان و بازاڕ و شوێنه‌گشتی و تایبه‌ته‌كان ، به‌مه‌ش ڕیژه‌ی بێكاری زیاده‌كات ، كێشه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ڕووی له‌هه‌ڵكشان ده‌بێ ، دزی وخراپه‌كاری په‌ره‌ده‌سێنێ ، هه‌تا دواجار له‌بری ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی باوه‌ڕ به‌خۆبووی متمانه‌پێكراوی لێ هه‌ڵكه‌وێ ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌كه‌سایه‌تیه‌كی ڕووخاوو لاده‌ر به‌رهه‌م دێ ، ئیدی ده‌بێته‌ ئه‌و هه‌ویره‌شێلراوه‌ی بۆهه‌موو لایه‌كـ ‌ئاسانه‌چۆنیان بوێ دروستی بكه‌نه‌وه‌و داڕێژنه‌وه‌ !
(5)
به‌درێژ بوونه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌خراپه‌كانی نه‌بوونی مووچه‌و په‌ره‌سه‌ندنی بێكاری و بێ بازاڕی له‌ده‌ستدانی ئه‌ركـ و ده‌رفه‌تی كار ، ئیدی به‌شێكـ له‌ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا به‌گشتی وگه‌نجان و لاوان به‌تایبه‌تی ، پاش ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو ده‌رچه‌وچاره‌سه‌رێكـ بێ ئومێد ده‌بن ، ڕه‌نگه‌له‌بری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌گژاچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاران ، ڕووبكه‌نه‌باره‌گاكانی حزب وتیایدا ببنه‌ئه‌ندام وپشتگیری گه‌نده‌ڵكاران بكه‌ن ، له‌وێشه‌وه‌بۆ به‌حزبیكردنی كۆمه‌ڵگا وبه‌سه‌ربازگه‌كردنی كوردستان ! به‌مه‌ش كۆمه‌ڵگا له‌هه‌موو به‌هاو پیرۆزیه‌كانی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان داده‌ماڵرێت ، دواجار شتێكـ نامێنێته‌وه‌ناوی نه‌ته‌وه‌ونیشتمان وخاكـ بێ ، هه‌تا به‌هۆیه‌وه‌په‌یوه‌ست ببێته‌وه‌و له‌خه‌می بێ !

هه‌واڵی گرنگ