بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژوودا،وڵاتێكی عه‌ره‌بی پشكنه‌ری خۆی ده‌نێرێته‌ هه‌ساره‌ی مه‌ریخ
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژوودا،وڵاتێكی عه‌ره‌بی پشكنه‌ری خۆی ده‌نێرێته‌ هه‌ساره‌ی مه‌ریخ

وڵاتی ئیمارات بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ، یەکەمین پشکنەری خۆی رەوانەی هەسارەی مەریخ کرد، ئەمه‌ش به ڕووداوێكی گرنگ و مێژوویی وەسفکرا.

ئاژانسی گەردوونناسی ئیماراتی عەرەبی، رایگەیاند، پشکنەره‌كه‌ (هۆب پرۆب)لە بنکەی گەردوونی تانگاشیمای ژاپۆنییەوە ئاڕاستەی هەسارە سورەکەی کۆمەڵەی خۆر "مەریخ" کراوە، ماوەی گەشتەکەی حەوت مانگ دەبێت و زانیاری لەبارەی کەشی ئەو هەسارەیە رەوانەی سەر زەوی دەکاتەوە.

پێشتر و لە ١٤ی ئەم مانگەدا بڕیاربوو کاتی رەوانەکردنی موشەکەکە بێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانکاری کەش و هەواوە دووجار کاتەکەی دواخرا و دواجار رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.

بەپێی لێدوانێکی سارا ئەلئەمیری وەزیری زانستە پێشکەوتووەکانی ئیمارات تێچوەکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، سیستمەکە دەتوانێت وێنەی تەواوی مەریخ بگرێت و گۆڕانی وەرزەکان لەسەر ئەو هەسارەیەش تۆماربکات.

پسپۆڕان و لێکۆڵەران لە بواری جوڵە داینامیکییەکانی هەسارەی مەریخ دەڵێن، گەشتی ئەو پشکنەرەی ئیمارات زۆر جیاوازتر دەبێت لەو پشکنەرانەی پێشووتر رەوانەی ئەو هەسارەیە کراون، چونکە ئەو پشکنەرە لە کۆتایی گەشتەکەیدا دەتوانێت وێنەی مەریخ بە تەواوەتی بگرێت لە شەو و رۆژدا، گۆڕانی وەرزەکان لەسەر ئەو هەسارەش بە روونی نیشان بدات.

ئیمارات  لە ٥٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا له‌ ساڵی ٢٠١٤ پلانی رەوانەکردنی یەکەم کەشتی ئاسمانی ئیماراتی بۆ هەسارەی مەریخ راگەیاند، ئەم هاوینەش بە گونجاوترین کات بۆ رەوانەکردنی ئەو کەشتییە دیاریکرا لەکاتێکدا کە زەوی و مەریخ لە نزیکترین خاڵی خولگەی خۆرەوە نزیکبوونەتەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ